رووداو دیجیتاڵ
چوارشەممەی داهاتوو لە هۆڵەندا هەڵبژاردنە پێشوەختەکانی پەرلەمان بەڕێوەدەچن، ئەمجارە ئەوەی بە کوردی بانگەشە بکات و لەنێو دیاسپۆرای کوردی لە هۆڵەندا ناسرابێت، یەک بەربژێرە کە ناوی هێمن حەوێزییە، کەسێکی ئەکادیمییە و هاوکات ئەزموونی زۆری لە حوکمڕانیدا هەیە.
حەوێزی ئێستا یەکێکە لە کاربەدەستانی وەزارەتی نێوخۆی هۆڵەندا، پارتەکەی لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی هۆڵەندا دەنگەکانی زۆر زیاد دەکەن، بۆیەش ئەگەر کوردی ئەوێ هیممەتی بۆ بکەن، چانسی سەرکەوتنی زۆر دەبێت.
هێمن حەوێزی لە شاری کۆیە لەدایکبووە، کاتێک تەمەنی چوار ساڵ بووە لەگەڵ خێزانەکەیدا چووەتە هۆڵەندا، دەڵێت، "لێرە زۆر گرنگیمان بە خوێندن داوە و ئێستا قوتابیی دکتۆرام، لە هەمان کاتدا، راوێژکارێکی باڵام لە وەزارەتی ناوخۆی هۆڵەندا."
ئەو گەنجە کوردە شارەزایی لە بواری دیجیتاڵ و زیرەکیی دەستکرد هەیە، سێ بۆ چوار ساڵە چووەتە ناو پرۆسەی سیاسی هۆڵەندا، وەک کارگێڕ لە حیزبی 'سێدەی ئا' لە شارەکانی زوترمیر و دێڵفت کاری کردووە، ئاماژەی بەوە کرد، "ئێستا دەرفەتێکی جوان هاتووەتە پێشمان بۆئەوەی بەرەو پەرلەمان بچین."
بە گوتەی خۆی، بڕیاری ئەو بۆ ژیانێکی سیاسی و خەریکبوونی کاری سیاسی، بڕیاری خۆی نەبووە، "بەڵکو سیاسەت منی راکێشاوە، رۆژانە لە وەزارەتی ناوخۆی هۆڵەندا کار دەکەم و سیاسەت کاریگەرییەکی زۆری هەیە لەسەر کارەکانمان، چ لە رەخساندنی دەرفەتدا و چ لە رێگریکردن لەو پرۆسە گرنگانەی هەن. بڕیارم داوە بچمە ناو سیاسەت، چونکە من لە بنەماڵەیەکی سیاسیدام، باوکم پێشمەرگە بووە و باپیرم پیاوێکی سیاسی بووە، ئەمەش منی راکێشا و هەر لە منداڵییەوە خەریکی کاری سیاسی بووین."
لەم هەڵبژاردنەدا لە هۆڵەندا 27 حیزب بەشدار دەبن بۆ بەدەستهێنانی 150 کورسی، حەوێزی دەڵێت، "منیش تەماشام کرد کامیان بیروبۆچوونیان لە منەوە نزیکترە، تاوەکو ماوەیەکی زۆر بڕیارم نەدابوو بچمە پاڵ هیچ لایەنێک، چونکە پێموایە ئەگەر لە حکومەت کار بکەیت، باشترە زۆر تێهەڵقورچانی سیاسی نەکەیت، چونکە هەموو جارێک پرۆسەی سیاسی دەگۆڕێت و حیزبێکی نوێ دێتە سەر حوکم، دەبێت بتوانیت خزمەتی هاووڵاتییان بکەیت، کاتێک لە وەزارەت کارم دەکرد، بینیم حیزبی (سێدەی ئا) حیزبێکی زۆر بەئەزموونە و پلان و بیروبۆچوونەکانیان گونجاوە بۆ هۆڵەندایەکی پێشکەوتوو، لە رێگەی ئەزموونەوە، زۆر هاووڵاتی لە هەموو بوارە جیاجیاکاندا بەشدارن لەم حیزبەدا؛ لە مامۆستای قوتابخانە و مامۆستای ئایینییەوە تاوەکو بازرگانێکی گەورە و کارمەندێکی پۆلیس، هەموویان لە حیزبی (سێدەی ئا) کە حیزبێکی ناوەند و دیموکراتە، یەکدی دەبیننەوە، منیش بڕیارم دا ئەم حیزبە بەهێز بکەم و هەوڵ بدەم کاری بۆ بکەم."
حەوێزی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی، "زۆر لام گرنگە کورد لە هۆڵەندا بەشداربن لە پرۆسەی سیاسی، چ لە حکومەتی ناوەند و چ لە شارەوانییەکان و چ لە پارێزگاکان، نزیکەی 250 بۆ 300 هەزار کورد لە هۆڵەندا هەن، ئەمەش هێزە بۆ من. زۆر گرنگە بتوانم ببمە جێی متمانەی ئەم هەموو کوردە و بتوانم دەنگی کورد لە پەرلەمانی هۆڵەندا بەرز بکەمەوە. بەو شێوەیە، هەم کورد بە هۆڵەندییەکان دەناسێنم، هەم خزمەتی کورد و کوردستانییەکانی ئێرە دەکەم، بۆئەوەی لە بوارە جیاجیاکاندا پێشکەون و بزانن کە لە پەرلەمان و حکومەتی هۆڵەندا پشتگیرییان لێ دەکرێت، زۆر گرنگە کوردانی هۆڵەندا دەنگم پێ بدەن."
هێمن حەوێزی، بەربژێری کورد بۆ پەرلەمانی هۆڵەندا لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی دیاسپۆرادا جەختی لەسەر پێگەی گرنگی کورد لە هۆڵەندا و پەیوەندییە قووڵەکانی خۆی بە کوردستانەوە کردەوە. حەوێزی ئاماژەی بە پشتگیرییەکی بەرچاوی کوردانی هۆڵەندا کرد و هیواخوازە ببێتە دەنگێکی کاریگەر بۆ کۆمەڵگەی کورد لە پەرلەمان.
ئەو باسی لەوە کرد، "زۆر شت من دەبەستێتەوە بە کوردستانەوە. من هەر لە خێزانێکی کوردپەروەر و کوردییەوە هاتوومەتە دنیا و ئەوەم قەت لەبیر نەچووە، هەر دەرفەتێک هەبووبێت، گەڕاوینەتەوە کوردستان بۆ بینینی خزم و کەسی خۆمان، کاتێک دەچیتە کوردستان، کەش و هەوایەکی تایبەتە؛ هەوڵدەدەم، باوڕبکە نوێ دەبمەوە کە دەچمەوە کوردستان، بەتایبەتی کە دەچمە کۆیە."
حەوێزی باسی لە هەوڵەکانی خۆی بۆ فێربوونی زمانی کوردی کرد و گوتی، "بەداخەوە خوێندنگەیەکی کوردی نەبووە تاوەکو فێربین، بەڵام سوپاس بۆ خوا زۆر هەوڵ هەیە بۆ دابینکردنی ئەو دەرفەتە، من خۆم فێرکردووە، چونکە کاتێک دەچوومەوە کوردستان، هەستم بە شەرم دەکرد کە ناتوانم ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان بخوێنمەوە، گوتم دەبێ خۆم فێر بکەم، کە هاتمەوە ماڵپەڕی رووداوم بەکارهێنا و وشە بە وشە خۆم فێرکرد."
بە پشتبەستن بەوەی نزیکەی 300 هەزار کورد لە هۆڵەندا دەژین و پێکهاتەیەکی گرنگ پێکدەهێنن، حەوێزی ئاماژەی بەوەدا کە تاکە بەربژێری ئەو 300 هەزار کوردەیە بۆ پەرلەمان و دەشڵێت، "هۆکاری بەشداریکردنم ئەوەیە کە پێموایە دەبمە دەنگی کورد لە پەرلەمانی هۆڵەندا دەتوانم لەوێدا کورد کۆبکەمەوە، خەڵکی جگە لە کورد فێری کولتوور و ئەدەبی کوردی بکەم، تاوەکو بزانن ئێمەش پێکهاتەیەکی بەشدارین لە هەموو بوارە جیاجیاکانی وڵات، زۆر بەلامەوە گرنگە کە ببمە دەنگی کورد."
ئەو بەربژێرە کوردە بۆ پەرلەمانی هۆڵەندا، جەخت لەسەر رۆڵی خۆی لە پەرلەماندا دەکاتەوە بۆ نوێنەرایەتیکردنی کوردان و چاودێریکردنی حکومەت، لەو بارەیەوە دەڵێت، "لە پەرلەماندا دەتوانم بەڕاستی ئەو رۆڵە ببینم، هەم نوێنەرایەتی ئەو خەڵکە بکەم و بزانم داواکارییان چییە و چۆن چارەسەریان بکەم، لە لایەکی دیکەش دەتوانم وەکو چاودێرێک بۆ حکومەت کار بکەم، کاتێک حکومەت بەڵێن دەدات کار بکات بۆ هەموو پێکهاتەکان، دڵنیاببمەوە کە کوردیش لەبیر نەچێت و رۆڵێکی گرنگ ببینێت."
ئەو پێیوایە کوردی هۆڵەندا زۆر سەرکەوتوون لە بوارە جیاجیاکاندا و پێویستیان بە هاوکاریی نییە، بەڵکو پێویستە نوێنەرێکیان لە پەرلەماندا هەبێت، دەشڵێت، "من ناڵێم هاوکاری کوردان دەکەم، چونکە کوردەکان لە هۆڵەندا زۆر سەرکەوتوون لە بواری زانستی، لە بواری کار و پیشە."
لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەیدا، حەوێزی سەردانی کوردستانی کردووە و لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانیدا کۆبووەتەوە و ئاشکرای کرد، "کاتێک چوومەوە لە گەرمەی هەڵمەتی هەڵبژاردن، گوتم دەرفەتێکی باشە لێی بپرسم ئامۆژگاری جەنابیان چییە بۆ گەنجانی وەک من کە سبەی دەبمە پەرلەمانتار، چۆن بتوانم هەم خزمەتی هۆڵەندا بکەم هەم خزمەتی کورد و کوردستان بکەم." سەرۆک بارزانی ئامۆژگاریی کردووە کە ببێتە پردێک لە نێوان هۆڵەندا و ئەورووپا بە گشتی و کوردستاندا، و گرنگی بدات بە بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لە بوارەکانی کشتوکاڵ، گەشتوگوزار، و تەکنەلۆژیای نوێ، بەتایبەتی زیرەکی دەستکرد و دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییە حکومییەکان، سەرۆک بارزانی هەروەها باسی پرسی گشتپرسی کردووە و جەختی لە گرنگیی دەنگدانی هۆڵەندا بە "بەڵێ" بۆ پرسی کورد لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووەتەوە.
هێمن حەوێزی، بەربژێری ژمارە 26ی پارتی دیموکراتی مەسیحییەکانە، ئەو باس لە باشبوونی دۆخی پارتەکەی دەکات و هیوای زۆرترین دەنگی هەیە و دەڵێت، "دۆخی حیزبەکەمان زۆر باشە، بێگومان من کاتێک کە بوومە کادری ئەو حیزبە، بەرەو خراپی دەچوو، منیش هەر دەمگوت وەڵای ئەو حیزبە خراپ بێت، هۆڵەندا خراپە، چونکە حیزبێکی ناوەندییە و هەموو پێکهاتە جیاجیاکان خۆیان تێدا دەبیننەوە... ئێستا سوپاس بۆ خوا زۆر بەرەو پێش دەچین، پرۆگرامێکی زۆر تۆکمەمان پێکهێناوە و لە هەموو شار و شارۆچکەکان هەوڵدەدەین زۆرترین دەنگ بەدەست بهێنین."
حەوێزی هیواخوازە کە دەنگی کوردی هۆڵەندا رۆڵێکی گرنگ بگێڕێت لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ