رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئۆکراینا دەڵێن، لە ئەنجامی هێرشێکی بەرفراوانی درۆنی و مووشەکیی شەوی رابردووی رووسیا بۆ سەر چەندین ناوچەی وڵاتەکە، بەلایەنی کەمەوە 4 کەس لە کیێڤی پایتەخت و ناوچەکانی دیکە گیانیان لەدەستدا و نزیکەی 20 کەسی دیکەش بریندار بوون. ئەم هێرشە زیانی بە ژێرخانی مەدەنی گەیاندووە و بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوەی گەورە.
هێرشەکە لە کاتێکدایە، هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی کیێڤ گوشارە ئابووری و دیپلۆماسییەکانیان لەسەر رووسیا زیاد دەکەن.
وەزارەتی ناوخۆی ئۆکراینا لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "لە ئەنجامی هێرشێکی مووشەکی بۆ سەر کۆمەڵگەی پێترۆپاڤلیڤسکا لە هەرێمی دنیپرۆپێترۆڤسک، بەداخەوە رزگارکەرێک لە کاتی بەجێگەیاندنی ئەرکەکەیدا گیانی لەدەستدا و هاوکارێکی دیکەشی بریندار بوو."
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکرد، لە ناوچەیەکی رۆژهەڵاتی وڵاتەکەش، ژنێک بەهۆی هێرشەکانەوە گیانی لەدەستدا و 7 هاووڵاتیی سیڤیلیش بریندار بوون؛ هەروەها زیانێکی زۆر بەر ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە و چەندین باڵەخانەی نیشتەجێبوون و دووکان کەوت.
ڤیتالی کلیچکۆ، سەرۆکی شارەوانیی کیێڤ لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، مۆسکۆ بە چڕی کیێڤی پایتەختیشی کردووەتە ئامانج و لە ئەنجامدا 2 کەس کوژراون و 12 کەسی دیکەش برینداربوون.
تیمەکانی فریاگوزاری وێنەی ئاگرکوژێنەوەکانیان بڵاوکردەوە کە تێیدا دەرکەوتن خەریکی کۆنترۆڵکردنی ئەو ئاگرە گەورانە بوون لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی پاشماوەی درۆن و مووشەکەکان لە ناوچەکانی دێسنیانسکی و دارنیتسکیی پایتەخت کەوتبوونەوە.
هێزی ئاسمانیی ئۆکراینا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، رووسیا لە هێرشەکەدا 9 مووشەکی بالیستیی پێشکەوتووی جۆری ئیسکەندەر-M و 62 درۆنی هێرشبەریی جۆری شاهیدی بەکارهێناوە. هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئۆکراینا توانیویانە 4 مووشەکی بالیستی و 50 لەو درۆنانە بخەنە خوارەوە.
هەفتەی رابردوو، ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا پاکێجی نوێی سزایان بەسەر کەرتی وزەی رووسیادا راگەیاند کە ئامانج لێی پەکخستنی ئابووریی جەنگی مۆسکۆ و کەمکردنەوەی توانای داراییەتی بۆ بەردەوامیدان بە هێرشەکانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ