رووداو دیجیتاڵ
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا هۆشداری دا لەوەی رووسیا ئاماژەیەکی کەمی بۆ خواستی ئاگربەست لەگەڵ ئۆکراینا پێشانداوە و داوای "بەردەوامیی گوشار"ی کرد لەسەر مۆسکۆ بۆ ئەوەی بچێتە سەر مێزی دانوستاندن.
لێدوانەکانی ماکرۆن لە کاتێکدایە، هەوڵی نوێ بۆ نێوەندگیری و کۆتاییهێنان بە جەنگەکە هەیە، ئەمەش دوای ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پلانێکی 28 خاڵیی خستەڕوو.
ماکرۆن، دوای کۆبوونەوەیەکی ڤیدیۆیی نێوان 30 وڵاتی (هاوپەیمانیی ئامادە) کە پشتیوانی لە کیێڤ دەکەن رایگەیاند: "بە روونی رووسیا هیچ ئامادەییەکی بۆ رەزامەندیدان لەسەر ئاگربەست نییە."
بەگوێرەی سەرۆکی فەرەنسا، بەشداربووانی کۆبوونەوەکە کە ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا و مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکای تێدا بوو، راپۆرتیان لەبارەی گفتوگۆ راستەوخۆکانیان لەگەڵ مۆسکۆ پێشکێش کردووە.
ماکرۆن گوتی، مۆسکۆ هیچ "ئامادەییەکی بۆ گفتوگۆکردن" لەسەر پلانی هەموارکراوی ئەمریکا پێشان نەداوە کە لە ئەنجامی گفتوگۆکانی نێوان نوێنەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکان، ئۆکراینا و ئەورووپا لە جنێڤ لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا هاتبووە ئاراوە.
ماکرۆن داوای "سوپایەکی بەهێزی ئۆکراینی" کرد "بێ هیچ سنووردارکردنێک" وەک بەشێک لە گەرەنتییەکانی ئاسایشی دوای جەنگی کیێڤ.
سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند: "گفتوگۆکانی جنێڤ نیشانیان دا کە نابێت هیچ سنووردارکردنێک بۆ سوپای ئۆکراینا هەبێت"، پێچەوانەی ئەوەی کە لە رەشنووسی سەرەتایی پلانی ئەمریکادا هاتبوو.
جەنگەکە سەرەڕای هەوڵەکانی ئاگربەست بەردەوامە.
ماکرۆن گوتی: "لەکاتێکدا رووسیا جارێکی دیکە وای پیشاندا کە ئامادەیە بۆ ئاشتی، هێرشی نوێ کرایە سەر ژێرخانی مەدەنی، بەتایبەتی وزە و هاووڵاتییانی ئۆکراینی."
ماکرۆن گوتی، "گوشاری بەردەوام" دەخرێتە سەر رووسیا بۆ دانوستاندن.
ئەگەر جەنگەکە بە ئاگربەستێک کۆتایی بێت، هەندێک لە ئەندامانی هاوپەیمانییەکە ئامانجیانە هێزێکی فرەنەتەوەیی بنێرن بۆ رێگریکردن لە هەر هێرشێکی داهاتووی رووسیا.
سەرۆکی فەرەنسا هەروەها گوتی، بڕیارێک لەبارەی سامانە سڕکراوەکانی رووسیا کە لە ناوەندی مشتومڕێکی سیاسی و یاساییدایە، "لە رۆژانی داهاتوودا کۆتایی پێدەهێندرێ؛" گوتیشی، سامانە سڕکراوەکان "زۆر گرنگن" و "هەروەها ئامرازێکی گوشارن" لەسەر رووسیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ