جیهان
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و هەریەکە لە ڤلادیمیر پووتین و ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، هاوتا رووسی و ئۆکراینییەکانی
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ بە گەشبینییەوە دەڵێت، رێککەوتنێکی ئاشتی لەنێوان ئۆکراینا و رووسیا "زۆر نزیکە،" بەڵام سەرکردەکانی ئەورووپا دوودڵن و هێرشەکانی سوپای هەردوو وڵاتیش بۆسەر یەکدی بەردەوامن.
ئەمڕۆ سێشەممە 25-11-2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گوتی، "زۆر لە گەیشتن بە رێککەوتن [لەنێوان رووسیا و ئۆکراینا] نزیک دەبینەوە."
پلانی سەرەتایی کە لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە پێشنیاز کرابوو، بەو جۆرە لێکدەدرایەوە کە لە بەرژەوەندیی رووسیایە، بەڵام دواتر پلانێکی نوێ راگەیێندرا کە تێیدا زیاتر رەچاوی بەرژەوەندییەکانی ئۆکراینا کرا.
بەرپرسێکی باڵای ئۆکراینا بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، پلانە نوێیەکە "بە شێوەیەکی بەرچاو باشترە" و زیاتر لەگەڵ داواکارییەکانی کیێڤ دەگونجێت. سەرەڕای ئەوەش، بەرپرسانی ئەمریکا دان بەوەدا دەنێن کە هێشتا چەند پرسێکی "هەستیار" و چارەسەرنەکراو لەنێوان هەردوولادا ماون.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بە رەشبینییەوە باس لە پلانەکە دەکات و ئەمڕۆ گوتی، "هیچ ویستێکی راستەقینە لەلایەن رووسیاوە" بۆ ئاگربەست یان گفتوگۆکردن لەسەر پێشنیازە نوێیەکە نییە.
گفتوگۆ چڕەکان لە کۆتایی هەفتەی رابردووەوە دەستیانپێکرد، کاتێک نوێنەرانی ئۆکراینا و ئەمریکا لە جنێڤ کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی پلانێکی 28 خاڵیی ترەمپ. بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، دوایین گەڕی گفتوگۆکان کە شاندی ئەمریکا و رووسیای لەخۆگرتبوو، لە ئەبوزەبیی ئیمارات بەڕێوەچوو. هاوکات، سەرکردەکانی گرووپێکی 30 وڵاتی پاڵپشتی ئۆکراینا سێشەممە لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە کۆبوونەوە.
دان دریسکۆڵ، دانوستاندنکاری سەرەکیی ئەمریکا، بە گەشبینییەوە لە کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوتا رووسییەکانی چووە دەرەوە و رایگەیاند، "گفتوگۆکان بە باشی بەڕێوەدەچن و هێشتا گەشبینین." کۆشکی سپی-یش ئاماژەی بە "پێشکەوتنی گەورە" کرد، بەڵام هۆشداریی دا کە "چەند وردەکارییەکی هەستیار، بەڵام چارەسەرنەکراو ماون، کە پێویستە یەکلایی بکرێنەوە."
بەڵام جەنگەکە کە لە شوباتی 2022 دەستیپێکرد، بەردەوامە. لە کاژێرەکانی سەرەتای بەیانیی رۆژی سێشەممە، تەقینەوەی بەهێز کیێڤیان هەژاند، کاتێک ژمارەیەکی زۆر درۆن و مووشەکی رووسی بەسەر شارەکەدا بارین و بوونە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە چەند باڵەخانەیەکی نیشتەجێبووندا.
"رێگەیەکی سەخت لەپێشە"
ترەمپ هەفتەی رابردوو رایگەیاند، دەیەوێت پێشنیازەکەی بۆ ئاشتی تاوەکو رۆژی پێنجشەممە کە هاوکاتە لەگەڵ پشووی جەژنی سوپاسگوزاریی ئەمریکا لەلایەن کیێڤەوە پەسند بکرێ.
پلانی سەرەتایی پاڵپشتی لە ژمارەیەک ئامانجی جەنگیی مۆسکۆ دەکرد، لەوانە قەدەخەکردنی هەمیشەیی بەئەندامبوونی ئۆکراینا لە ناتۆ و داواکردنی دەستبەرداربوونی وڵاتەکە لە بەشێکی بەرفراوانی خاکەکەی بۆ رووسیا، ئەمەش نیگەرانییەکی زۆری لە ئۆکراینا و ئەورووپا دروستکرد.
پلانە نوێیەکە بە شێوەیەکی بەرچاو بۆ ئۆکراینا قبووڵکراوترە. بەرپرسە ئۆکراینییەکە بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، یەکێک لە باشترکردنە سەرەکییەکان بریتییە لە بەرزکردنەوەی ژمارەی پێشنیازکراوی هێزە سەربازییەکانی داهاتووی وڵاتەکە لە 600 هەزار سەربازەوە بۆ 800 هەزار.
روستەم ئومێرۆڤ، دانوستاندنکاری ئۆکراینی، رۆژی سێشەممە رایگەیاند کە "لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش لەسەر کرۆکی" رێککەوتنەکە لەنێوان ئۆکراینا و ئەمریکادا هەیە، بەڵام گوتیشی، دەبێ وردەکارییەکانی دیکە لە گفتوگۆی راستەوخۆدا "لە نزیکترین کاتی گونجاودا" لەنێوان زێلێنسکی و ترەمپ یەکلایی بکرێنەوە.
کییەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا هۆشداریدا و گوتی، "هێشتا رێگەیەکی دوورودرێژ و سەخت لەپێشمانە."
سوپای رووسیا نزیکەی یەک لەسەر پێنجی خاکی ئۆکراینای کۆنترۆڵ کردووە کە زۆربەی بەهۆی شەڕەوە وێران بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ