دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ئەمریکا رۆژی سوپاسگوزاریی کردە دەرفەتێک بۆ هاوکاریی خەڵکی کوردستان

25-11-2025
دیار کوردە @diyarkurda
 خوناڤ ئەمین، نوێنەری دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ئەمریکا قسە بۆ ئامادەبووانی چالاکییەک دەکات
خوناڤ ئەمین، نوێنەری دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ئەمریکا قسە بۆ ئامادەبووانی چالاکییەک دەکات
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بە بۆنەی رۆژی سوپاسگوزارییەوە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ئەمریکا نیوەڕۆخوانێکی رێکخست. ئامانجی چالاکییەکە، جگە لە زیندووڕاگرتنی بۆنەکە، کۆکردنەوەی هاوکاری بوو بۆ خەڵکی کوردستان، بەتایبەتی منداڵان و خێزانە کەمدەرامەتەکان.
 
ساڵانە لە ئەمریکا رۆژی سوپاسگوزاری وەک هێمایەک بۆ بەرهەمی کار و ماندووبوونی ساڵی رابردوو یاد دەکرێتەوە و خەڵک لەسەر یەک خوان کۆدەبنەوە. ئەم ساڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەم بۆنەیەی قۆستەوە بۆ کۆکردنەوەی خێزانە کوردەکان و دۆستانی کوردستان لە واشنتن و دەوروبەری، هاوکات بۆ باسکردن لە پڕۆژەکانی دەزگاکە و کاری خۆبەخشی.
 
خوناڤ ئەمین، نوێنەری دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند: "وەکو نوێنەرایەتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی نەمر، بەردەوامین لە چالاکییەکانمان. بەبۆنەی رۆژی سوپاسگوزارییەوە، ئەمڕۆ باسی کار و پڕۆژەکانی دەزگامان کرد و سەرۆکی رێکخراوی ئازار بۆ منداڵانی جیهان، خاتوو شاهینیش ئامادە بوو کە بەردەوام پشتیوانی لە پڕۆژەکانی ئێمە دەکات."
 
بە گوتەی نوێنەری دەزگاکە، لە چالاکییەکەدا بە شێوەیەکی مەعنەوی پشتیوانی لە دوو بەشداربوو کراوە کە بەنیازی دامەزراندنی کاری بازرگانیی خۆیانن.
 
جگە لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی، رێکخراوی "ئازار بۆ منداڵانی جیهان" کە کارەکانی لە وڵاتانی ئەمریکای لاتینەوە تاوەکو کوردستان دەگرێتەوە، بەشداریی چالاکییەکەی کرد. ئەم رێکخراوە بڕیاری داوە لەمەودوا سەرجەم هاوکارییەکانی بۆ کوردستان لە رێگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە بگەیێنێت.
 
شاهین مافی، سەرۆکی رێکخراوی ئازار بۆ منداڵانی جیهان باسی لە ئەزموونی خۆی کرد و گوتی: "دوای ئەوەی لە ساڵی 2021 چوومە ئەفغانستان، سەردانی هەولێرم کرد و لەوێ پەنابەرەکانم بینی. سەرەتا دەستمان کرد بە دابینکردنی جانتا و سیستمی فێنککەرەوە، دواتر بڕیارمان دا قوتابخانە دروست بکەین، بەڵام دۆخی ناوچەکە رێگر بوو."
 
شاهین مافی گوتیشی: "دواتر لێرە دەرفەتی ئەوەم هەبوو خوناڤ ئەمین بناسم و بڕیارمان دا ببینە هاوبەش؛ لەوکاتەوە بڕیارمان داوە هەموو هاوکارییەکانمان بۆ هەولێر لە رێگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە بێت."
 
لە بەشێکی دیکەی چالاکییەکەدا، گرووپێکی میوزیکی شاری کەرکووک کە لە هەرسێ نەتەوەی کورد، عەرەب و تورکمان پێکهاتبوون و وەک میوان بانگهێشتی واشنتن کرابوون، چەند پارچە میوزیکێکی تایبەتیان پێشکێش کرد وەک پەیامێک بۆ پێکەوەژیان و تەبایی.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا، سەرۆکی بەڕازیل.

سەرۆکی بەڕازیل: ترەمپ بووەتە هاوڕێم و نێوەندگیری لەنێوان ئەمریکا و ڤەنزوێلا دەکەم

لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا، سەرۆکی بەڕازیل رایگەیاند، پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ دروستکردووە و دەیەوێت نێوەندگیری لەنێوان ئەمریکا و ڤەنزوێلا بکات بۆ ئەوەی رێگە لە هەڵگیرسانی جەنگ لە کیشوەرەکەدا بگرێت.