رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو رووسیا بە مووشەک و درۆن هێرشی کردە سەر کیێڤ و بەهۆیەوە شەش کەس کوژران؛ لە بەرامبەردا لە هێرشی ئۆکراینا بۆ سەر ناوچەی رۆستۆڤ لە رووسیا، سێ کەس کوژران. ئەم پەرەسەندنە سەربازییە هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی کۆتایی پلانەکەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.
دۆناڵد ترەمپ تاوەکو رۆژی 27ی تشرینی دووەم، کە دەکاتە پشووی جەژنی سوپاسگوزاری لە ئەمریکا، مۆڵەتی داوەتە کیێڤ بۆ ئەوەی وەڵامی پێشنیازەکەی بداتەوە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، پلانێک کە سەرکردەکانی ئەورووپا تێبینییان لەسەری هەیە.
تەیمور تکاچێنکۆ، سەرۆکی ئیدارەی سەربازیی کیێڤ رایگەیاند، شەوی رابردوو چوار کەس لە ناوچەی سڤیاتۆشینسکی کوژران و لانیکەم سێ کەس بریندارن. پێشتریش فەرمانگەی فریاکەوتن رایگەیاندبوو، لە بۆردوومانی باڵەخانەیەکدا لە ناوچەی دنیپرۆڤسکی دوو کەس گیانیان لەدەستداوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، 249 درۆنی ئۆکراینایان تێکشکاندووە و لەنێو بردوون، کە ئەمەش یەکێکە لە ژمارە پێوانەییەکان.
یوری سلیوسار، پارێزگاری رۆستۆڤ لە رووسیا رایگەیاند، لە هێرشەکانی شەوی رابردوودا سێ کەس کوژراون و "هێرشەکە خەمێکی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا". ڤێنیامین کۆندراتیێڤ، پارێزگاری کراسنۆدار بۆردوومانەکەی بە "یەکێک لە گەورەترین و چڕترین هێرشەکانی رژێمی کیێڤ" ناو برد.
پلانەکەی ترەمپ و ترسی کیێڤ
لە رۆژانی رابردوودا کیێڤ و هاوپەیمانەکانی سەرقاڵی تاوتوێکردنی پلانە 28 خاڵییەکەی واشنتن بوون، کە سەرەتا مەرجەکانی لە داواکارییە تووندەکانی رووسیاوە نزیک بوو، وەک دەستبەرداربوون لەو خاکەی رووسیا کۆنترۆڵی کردووە، کەمکردنەوەی سوپا و بەڵێنی نەبوون بە ئەندامی ناتۆ.
بەڵام دوای گفتوگۆکان لە جنێڤ، وەشانێکی نوێی پلانەکە ئامادەکراوە کە ئامانجی "پاراستنی سەروەریی ئۆکراینایە" و بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە وڵاتانی پاڵپشتی کیێڤ لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە تاوتوێی بکەن.
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند: "دەبێت ئەوە بزانین رووسیا گوشارەکانی بۆ سەر ئۆکراینا کەم ناکاتەوە." زیلینسکی دۆخی وڵاتەکەی بە "ساتێکی هەستیار" ناو برد و هۆشداریدا لەوەی ئۆکراینا مەترسی ئەوەی لەسەرە یان "شکۆی خۆی" یان واشنتن وەکو هاوپەیمانێک لەدەست بدات.
لە بەرامبەردا ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا کە پێشوازی لە پلانە سەرەتاییەکەی ئەمریکا کردبوو، هەڕەشەی کۆنترۆڵکردنی خاکی زیاتری کردووە ئەگەر کیێڤ لە دانوستاندنەکان بکشێتەوە. ئێستا نزیکەی پێنج یەکی خاکی ئۆکراینا لەژێر دەستی رووسیادایە.
هەموارکردنەوەی رەشنووسی رێککەوتنەکە
دوای ئەوەی پێشنیازە سەرەتاییەکەی ئەمریکا رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەوە بەوەی داوای "خۆبەدەستەوەدانێکی زۆر" لە ئۆکراینا دەکات، رۆژی یەکشەممە بەرپرسانی ئۆکراینا، ئەمریکا و ئەورووپا لە سویسرا کۆبوونەوە.
لە راگەیێندراوێکی هاوبەشی ئەمریکا و ئۆکراینادا ئاماژە بە "چوارچێوەیەکی ئاشتیی نوێکراوە" کرا. هەرچەندە رەشنووسە نوێیەکە بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام کۆشکی سپی بە بەرەوپێشچوون ناوی برد و جەختی کردەوە "هەر رێککەوتنێک لە داهاتوودا دەبێت بەتەواوی سەروەریی ئۆکراینا بپارێزێت."
شاندی ئۆکراینا رایگەیاندووە، رەشنووسە نوێیەکە "زۆربەی داواکارییە سەرەکییەکانی ئۆکراینای تێدایە."
فریدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا گومانی خۆی نیشاندا لەوەی تاوەکو وادەی دیاریکراوی ترەمپ رێککەوتن بکرێت و گوتی گفتوگۆکان "پڕۆسەیەکی درێژخایەن دەبن."
کۆشکی سپی رەتیدەکاتەوە ترەمپ لایەنگری رووسیا بێت. کارۆلاین لێڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی گوت: "ئەو بیرۆکەیەی دەڵێت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ بە یەکسانی مامەڵە لەگەڵ هەردوولا ناکات، هەڵەیە."
بەرپرسێکی باڵا بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، واشنتن گوشاری خستووەتە سەر ئۆکراینا بۆ قبووڵکردنی پێشنیازەکە؛ هەرچەندە راستەوخۆ هەڕەشەی بڕینی هاوکارییەکانی نەکردووە، بەڵام ئۆکراینا لەوە تێگەیشتووە ئەوە ئەگەرێکی کراوەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ