رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئۆکراینا لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا بەبۆنەی کریسمسەوە، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئاماژە بەوە دەکات کە هیوای مەرگ بۆ پووتین دەخوازێ و دەڵێت: "هەموومان یەک ئاواتمان هەیە و رەنگە لە دڵی خۆماندا بڵێین 'یاخوا لەنێوبچێت' ".
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی لە پەیامێکدا کە لە شەوی کریسمس لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت: "سەرەڕای ئەو هەموو ئازارەی هێناویەتی، رووسیا ناتوانێت ئەو شتەی کە زۆرترین گرنگی هەیە، داگیری بکات یان بۆردوومانی بکات، کە ئەویش دڵی ئۆکراینییەکان و باوەڕی ئێمەیە بە یەکدی".
زیلینسکی بە ئاماژەکردن بە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا گوتی: "ئەمڕۆ هەموومان یەک خەونی هاوبەشمان هەیە؛ یەک ئاوات دەخوازین بۆ هەموومان. رەنگە هەر یەکێک لە ئێمە لە دڵی خۆیدا بڵێت، یاخوا لەنێوبچێت. بەڵام کاتێک روو دەکەینە خوا، بێگومان داوای شتێکی گەورەتر دەکەین، داوای ئاشتی دەکەین بۆ ئۆکراینا، بۆ ئەمە دەجەنگین و شایەنی ئەوەین".
ئەم قسانەی زیلینسکی لە کاتێکدایە، شەوی کریسمس رووسیا هێرشی بەرفراوانی کردە سەر ناوچە جیاوازەکانی ئۆکراینا، بەتایبەتی بۆ سەر ئۆدێسا و خارکیڤ، کە بەهۆیەوە لانیکەم پێنج کەس کوژران و کارەبای بەشێکی زۆری ناوچەکان بڕا.
زیلینسکی لەمبارەیەوە گوتی: "لە شەوی کریسمسدا رووسەکان جارێکی دیکە نیشانیان دایەوە کە لە راستیدا کێن، بە سەتان درۆنی شاهید و مووشەکی کینجاڵ بۆردوومانیان کردین".
دانوستاندنەکان و هەڵوێستی ترەمپ
لە لایەکی دیکەوە دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملین گوتی، پووتین پەیامی پیرۆزبایی کریسمسی بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ناردووە. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە دانوستاندنکارانی ئەمەریکی بە جیا گفتوگۆیان لەگەڵ ئۆکراینا و رووسیا کرد.
مانگی رابردوو، ترەمپ پلانێکی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە خستەڕوو، هەرچەندە سەرەتا وەک پلانێک لە بەرژەوەندیی مۆسکۆ تەماشا دەکرا، بەڵام ئۆکراینا و هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی هەوڵ دەدەن پلانەکە لە هەڵوێستی کیێڤ نزیک بکەنەوە.
مەرجەکانی زیلینسکی بۆ ناوچەی داماڵراو لە چەک
سەبارەت بە چارەسەرە پێشنیازکراوەکان، زیلینسکی رایگەیاند، ئامادەیە هێزەکانی لە ناوچە پیشەسازییەکانی رۆژهەڵاتی ئۆکراینا بکشێنێتەوە، بە مەرجێک مۆسکۆش هێزەکانی بکشێنێتەوە و ناوچەکە بکرێتە "ناوچەیەکی داماڵراو لە چەک" و لەلایەن هێزە نێودەوڵەتییەکانەوە چاودێری بکرێ.
ئەمەریکا پێشنیازی دروستکردنی "ناوچەیەکی ئابووریی ئازاد"ی کردووە، بەڵام زیلینسکی پێداگری دەکات کە هەر رێککەوتنێک دەبێت سەرەتا بە گشتپرسیی ئۆکراینییەکان پەسند بکرێت.
شەڕی درۆن و پاڵاوگەکان
لەسەر ئاستی گۆڕەپانی جەنگ، سێرگی سۆبیانین، سەرۆکی شارەوانیی مۆسکۆ رایگەیاند، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی رووسیا 25 درۆنی ئۆکراینی خستووەتە خوارەوە کە بەرەو مۆسکۆ دەچوون.
سوپای ئۆکرایناش رایگەیاند، درۆنەکانیان کارگەیەکیان لە هەرێمی توولا لە باشووری مۆسکۆ و کۆگەیەکی درۆنی دەریاییان لە کریمیا کردووەتە ئامانج، هەروەها پاڵاوگەیەکی نەوت لە هەرێمی رۆستۆڤی رووسیا بە مووشەکی "ستۆرم شادۆ" پێکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ