بڕیارەکانی دادگەی نێودەوڵەتیی داد دژی ئیسرائیل کاردانەوەیان بەدوادا هات

26-01-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دادگەی نێودەوڵەتیی داد لە شەش خاڵدا بڕیاریدا کە دەبێت ئیسرائیل رێگری لە ئەنجامدانی جینۆساید لە غەززە بکات. حکومەتی ئیسرائیل دەڵێت، بەردەوام دەبن لە "بەرگریکردن" لە خۆیان و حەماسیش پێشوازی لە بڕیارەکە دەکات.
 
رۆژی هەینی، 26-1-2024، دادگەی نێودەوڵەتیی داد لە هۆڵەندا لەسەر دۆسیەی ئەنجامدانی جینۆساید لە غەززە لە لایەن ئیسرائیلەوە دانیشتنی سێیەم و کۆتایی کرد. دادگەکە بڕیاریدا کە "دەبێت ئیسرائیل هەموو رێوشوێنێک بگرێتەبەر بۆ رێگریکردن لە ئەنجامدانی جینۆساید لە غەززە."
 
پوختەی بڕیارەکانی دادگەی لاهای لە هۆڵەندا بەمجۆرەیە:
 
یەکەم: دەبێت دەوڵەتی ئیسرائیل هەموو رێوشوێنێک بگرێتەبەر بۆ رێگریکردن لە ئەنجامدانی جینۆساید لە غەززە.
 
دووەم: دەبێت ئیسرائیل دڵنیایی بدات کە سوپاکەی هیچ جینۆسایدێک ئەنجام نادات.
 
سێیەم: دەبێت ئیسرائیل هەموو رێوشوێنێک بگرێتەبەر بۆ سزادانی هەموو ئەو کەسانەی هاندەری ئەنجامدانی جینۆسایدن لە لایەن دەوڵەتەوە.
 
چوارەم: پێویستە ئیسرائیل رێوشوێنی خێرا و کاریگەر بگرێتەبەر بۆ چارەسەرکردنی دۆخی خراپی ژیان لە کەرتی غەززە.
 
پێنجەم: پێویستە ئیسرائیل رێکاری کاریگەر بگرێتە بەر بۆ پاراستنی بەڵگە لەسەر ئەو کارانەی کە زیان بە پەیماننامەی رێگریکردن لە جینۆساید دەگەیێنن.
 
شەشەم: دەبێت ئیسرائیل لە ماوەی یەک مانگدا راپۆرتێک پێشکێش بە دادگە بکات بۆ پێشاندانی هەموو ئەو رێوشوێنانەی گیراونەتەبەر بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکانی دادگەکە.
 
ئەو شەش رێوشوێنەی دادگە نێودەوڵەتییەکە رایگەیاندوون، لە رووی یاساییەوە پابەندکەرن، بەڵام دیار نییە ئیسرائیل پابەند دەبێت یان نا.
 
دوای بڕیارەکەی بەرزترین دادگەی نەتەوە یەکگرتووەکان، وەزارەتی دەرەوەی ئەفریقای باشوور رایگەیاند، "ئەمڕۆ سەرکەوتنێکی گەورەمان تۆمارکرد. ئەفریقای باشوور بەردەوام دەبێت لە پاراستنی مافی ژیانی فەلەستینییەکانی غەززە کە رووبەڕووی لێدان، برسیکردن و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی بوونەتەوە. ئێمە هەموو شتێک دەکەین بۆ ئەوەی دڵنیابین کە خەڵکی فەلەستین جینۆسایدیان بەرامبەر ناکرێت و ئازاد دەبن. هەروەک نێلسۆن ماندێلا گوتی، 'ئازادیی ئێمە بێ ئازادیی فەلەستینییەکان ناتەواوە'."
 
بزووتنەوەی حەماس دڵخۆشیی خۆی بەرامبەر بڕیارەکەی دادگە دەربڕی و گوتی، "ئەمە دەبێتە هۆی ئاشکراکردنی تاوانەکانی ئیسرائیل".
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل تۆمەتەکانی رەتکردنەوە و گوتی، "ئەوەی پێویستە بۆ بەرگریکردن لە وڵاتەکەمان و گەلەکەمان دەیکەین. تۆمەتی جینۆساید کە ئاراستەی ئیسرائیل کراوە نەک هەر راست نییە، بەڵکو دڕندانەیە و پێویستە خەڵکی بەڕێز لە هەموو شوێنێک رەتی بکەنەوە."
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "بە سوپاسەوە پێشوازی لەو بڕیارە دەکەین. هیوادارین هێرشەکانی ئیسرائیل دژی ژنان، منداڵان و بەساڵاچووان بووەستن. کاری بەردەوام دەکەین بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی تاوانەکانی جەنگ دژی خەڵکی سڤیلی فەلەستینیی بێتاوان بێ سزا تێناپەڕن".
 
پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا رایگەیاند، "پێشوازی لە بڕیارەکەی دادگەی نێودەوڵەتیی داد دەکەین و داوا لە هەموو لایەک دەکەین کە ئەو بڕیارانەی دراون جێبەجێیان بکەن. ئێمە بەردەوام دەبین لە داکۆکیکردن لە ئاشتی، کۆتاییهێنان بە جەنگ، ئازادکردنی بارمتەکان، گەیاندنی یارمەتیی مرۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین لە تەنیشت ئیسرائیل بۆ ئەوەی هەردوو گەلەکە بە ئاشتی و ئارامی بەیەکەوە بژین."
 
ئەفریقای باشوور لە 29-12-2023 لە دادگەی نێودەوڵەتیی داد سكاڵای لەسەر ئیسرائیل تۆمارکرد و رۆژانی 11 و 12ـی کانوونی دووەمی 2024 دوو دانیشتن لەسەر ئەو دۆسیەیە کران. ئەفریقای باشوور دەڵێت، ئیسرائیل پێشێلی یاساکانی پەیماننامەی 1948ـی نەتەوە یەکگرتووەکانی تایبەت بە قەدەخەکردنی تاوانی جینۆسایدی کردووە.
 
دادگەی دادی نێودەوڵەتیی بەرزترین دادگەی نەتەوە یەکگرتووەکانە و لە هۆڵەندایە. ئەو دادگەیە لە 1945 دامەزراوە و دانیشتنی لەسەر زۆر بابەتی گەرمی جیهانی هەبووە لەوانەش، جەنگی ئۆکراینا و سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران.
 
زیاتر لە سێ مانگ و نیوە شەڕی غەززە بەردەوامە. رۆژی 7-10-2023، چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل و لە ئەنجامدا هەروەک حکومەتی ئیسرائیل باسی دەکات، هەزار و 140 کەسیان کوشت.
 
ئیسرائیل وەڵامی دایەوە و تەندروستیی غەززە دەڵێت، زیاتر لە 26 هەزار کەس کوژراون، کە زۆربەیان ژن و منداڵن. هەروەها، نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت ٪85ـی خەڵکی ئەو کەرتە ئاوارەبوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فرێدریش مێرتس

فرێدریش مێرتس بە سەرۆکی پارتی یەکێتیی کریستیان دیموکرات هەڵبژێردرایەوە

فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا، ساڵێک دوای سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی وڵاتەکەی، بە بەدەستهێنانی 91%ی دەنگی ئەندامانی کۆنگرە، وەک سەرۆکی پارتی یەکێتیی کریستیان دیموکرات (CDU) هەڵبژێردرایەوە