گەنجێکی ژاپۆنی شەش وڵاتی ئەفریقا بەپێ دەبڕێت

26-01-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
پیاوێکی 34 ساڵەی ژاپۆنی بەپێ و راکردن زیاتر لە 6000 کیلۆمەتر دەبڕێت و بە شەش وڵاتی کیشوەری ئەفریقادا دەگەڕێت. گەشتی ژاپۆنییەکە لە کینیا دەستیپێکرد و لە ئەفریقای باشوور کۆتاییهات.
 
رۆژی یەکشەممە 26-01-2025، یوجی گەمپ سوزوکی، گەیشتە شاری کەیپ تاونی ئەفریقای باشوور. گەیشتنی سوزوکی بۆ ئەو شارە لە دوای گەشتێکی شەش مانگە بوو، کە لە تەممووزی 2024 لە کینیاوە دەستیپێکرد.
 
پیاوە ژاپۆنییە سەرکێشەکە دوای تەواوکردنی گەشتە 6400 کیلۆمەترییەکەی، بە گریانەوە سوپاسی هەوادار و لایەنگرانی کرد کە لە بەشێکی گەشتەکە لەگەڵی رایانکرد.
 
سوزوکی بە هەریەک لە کینیا، تانزانیا، زامبیا، بۆتسوانا و نامیبیا تێپەڕی و گەیشتە باشووری کیشوەرەکە.
 
سوزوکی گوتی: "بۆ خۆشی رادەکەم، نۆ ساڵە خەریکی ئەو کارەم. هێز لە خەڵک وەردەگرم و هێزیان پێدەبەخشم، ئەمەیە ژیانی من."
 
لە ماوەی گەشتەکەی، سوزوکی دوو جار لە لایەن بارهەڵگرەوە لێی دراوە بەڵام سەلامەت دەرچووە. جارێکیش لە بۆتسوانا شێرێکی لەسەر رێگە بینیوە و زوو خۆی شاردووەتەوە.
 
ئەمە یەکەم ئەزموونی ژاپۆنییەکە نییە، ئەو بە خۆی و ریکشۆیەکەی [شێوەی لە پایسکل دەچێت و لە پێشەوە رادەکێشرێت و دوو تایەی هەیە]، لە ساڵی 2016 بۆ 2017 لە چین چووە هیندستان. لە ساڵی 2017 لە ئەورووپا دوو هەزار و 500  کیلۆمەتری بەپێ بڕی و لە نێوان 2022 بۆ 2023ـیش، لە ئەمریکا پێنج هەزار و 100 کیلۆمەتری تەواوکرد. ئەمە جگە لەوەی ریکشۆیەکەی 100 کیلۆگرامە.
 
سوزوکی بڕیاریداوە پێنج رۆژ لە کەیپ تاون بمێنێتەوە و دواتر بچێتەوە ژاپۆن، لەوێ خۆی بۆ پڕۆژەی داهاتووی ئامادە دەکات کە بریتییە لە بڕینی چەند وڵاتێکی کیشوەری ئەمریکای باشوور.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە