ئیتاڵیا: هەوڵدەدەین سوپای پاسداران بخەینە "لیستی تیرۆر"ـی یەکێتیی ئەورووپاوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی داهاتووی یەکێتیی ئەورووپا دا بە فەرمی پێشنیاز دەکات سوپای پاسدارانی ئێران وەک "رێکخراوێکی تیرۆریستی" بناسێندرێت. هۆکارەکەشی بۆ سەرکوتکردنی خۆپێشاندانەکان و کوژرانی هەزاران هاووڵاتی دەگەڕێنێتەوە.
 
رۆژی دووشەممە 26-01-2026، ئەنتۆنیۆ تایانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی رۆژی پێنجشەممەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە برۆکسل، "بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوبەشەکانی دیکە" ئەو بیرۆکەیە بە فەرمی پێشنیاز دەکات.
 
وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە وەڵامێکی روونیان بۆ ئەو زیانە گەورانە هەبێت کە لەکاتی خۆپێشاندانەکاندا بەر هاووڵاتییانی سڤیل کەوتوون و داواشی کرد سزای تاکەکەسیی زیاتر بەسەر ئەو بەرپرسانەدا بسەپێندرێت، کە دەستیان لە سەرکوتکارییەکاندا هەیە.
 
ئەم هەڵوێستەی ئیتاڵیا لەکاتێکدایە، ئاژانسی چالاکڤانانی مافی مرۆڤ (HRANA) لە نوێترین راپۆرتیدا رایگەیاندووە، گیانلەدەستدانی نزیکەی شەش هەزار کەسی لە خۆپێشاندانەکاندا پشتڕاست کردووەتەوە و لێکۆڵینەوەش لە 17 هەزار حاڵەتی دیکە دەکات. هەرچەندە بەرپرسانی ئێران تەنیا دان بە گیانلەدەستدانی سێ هەزار و 117 کەسدا دەنێن.
 
سەبارەت بە ئەگەری جێبەجێکردنی بڕیارەکە، بەرپرسێکی باڵای یەکێتیی ئەورووپا پشتڕاستی کردەوە کە پێشنیازەکە لە کارنامەی کۆبوونەوەی ئەم هەفتەیەدا هەیە، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد بڕیارێکی لەو شێوەیە پێویستی بە کۆدەنگیی هەموو 27 وڵاتی ئەندام و بنەمایەکی یاسایی پتەو هەیە و "هێشتا نەگەیشتووینەتە ئەو قۆناخە".
 
پێشتر یەکێتیی ئەورووپا بەهۆی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان و هاوکاریکردنی رووسیا لە جەنگی ئۆکراینادا، سزای بەسەر ژمارەیەک بەرپرس و قەدەخەی لەسەر تەکنەلۆژیای درۆن و مووشەک بۆ ئێران سەپاندووە. ئەمریکاش ساڵی 2019 و لە سەردەمی ئیدارەی یەکەمی دۆناڵد ترەمپدا، سوپای پاسدارانی خستە لیستی تیرۆرەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە