رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی نەمسا رایگەیاند، وڵاتەکەی پاڵپشتی لە گواستنەوەیەکی ئاشتییانە و رێکخراوی دەسەڵات لە سووریا دەکات، بەجۆرێک گشتگیر بێت و مافی هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانی تێیدا پارێزراو بێت.
ئالینا باوەر، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی نەمسا، لە وەڵامی ئیمەیلێکی وەرزێر خەلیل، ئیدیتۆر لە تۆڕی میدیایی رووداو هەڵوێستی وڵاتەکەی لەسەر پەرەسەندنە نوێیەکانی سووریا ئاشکراکرد.
ئالینا باوەر رایگەیاند، "پاراستنی مافی مرۆڤ و کەمینەکان و رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و پاراستنی هەموو گرووپە نەتەوەیی و ئاینییەکان" لەم قۆناخەدا کاری لەپێشینەیانە وەک ئاماژەیەک بۆ نیگەرانییەکانییان دەربارەی داهاتووی کورد لە سووریای نوێدا.
سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەست، شەڕ و پێکدادان لە کۆبانێ و چەند ناوچەیەکی دیکەی کوردنشین لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سووریا دەستیپێکردووەتەوە.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی نەمسا گوتیشی، "ئامانجی نەمسا بۆ سووریای داهاتوو سیستمێکی سیاسی سەقامگیر و گشتگیرە و هەلی ژیان و گوزەران بۆ هاووڵاتییانی مەدەنی لە نیشتمانی خۆیاندا بڕەخسێتەوە".
ئالینا باسی لەوەشکرد، هیوادارن لە حکومەتی سووریای نوێدا زەمینەسازی بکرێت بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی پەنابەران بۆ وڵاتەکەیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ