رووداو دیجیتاڵ
هۆتێلی "هیوا" لە رواندا بۆ وەرگرتنی یەکەم کۆمەڵەی کۆچبەرانی بەریتانیا ئامادە کراوە؛ هۆتێلەکە دەکەوێتە ناوچەی کاگوگو لە کیگالیی پایتەختی ئەو وڵاتە.
باکینا ئیسماعیل، بەڕێوەبەری هۆتێلی هیوا دەڵێت، "کاتێک کۆچبەرەکان دەگەنە ئێرە، بە خزمەتگوزارییەکی جیاوازەوە میواندارییان لێدەکرێت. توانای وەرگرتنی 100 کەسمان هەیە، چونکە 50 ژووری دوو کەسیمان هەیە."
جگە لە شوێنی خەوتن و مانەوە، هۆتێلەکە یاریگەی تۆپی پێ، باسکە و بالەی تێدایە؛ هۆڵێکی گەورەش تەرخانکراوە بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەکانی پەناخوازەکان لەو ماوەیەی لەوێ دەمێننەوە. حکومەتی رواندا بە بڕیارەکە دڵخۆشە و چاوەڕێی هاتنی کۆچبەرانە.
ئەلاین موکورالیندا، جێگری گوتەبێژی حکومەتی رواندا رایگەیاند، "بڕیارەکەی حکومەتی بەریتانیا ئەوە دەسەلمێنێت کە رواندا لە ئاستێکی باشی ئەمنیدایە. ئەوە دەسەلمێنێت کە رواندا سەلامەتە، بۆیە بڕیاری یەکەمی دادگەی باڵای بەریتانیا رەتکرایەوە کە دەیگوت رواندا سەلامەت نییە."
کۆچی زۆر و پەڕینەوە لە رێڕەوە ئاوییە مەترسیدارەکان، حکومەتی بەریتانیای ناچار کرد لە نیسانی 2022 بڕیار بدات کۆچبەرەکانی وڵاتەکەی بۆ رواندا بنێرێت تاوەکو یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکانیان.
دوای مشتومڕێکی زۆر و رەتکرانەوەی بڕیارەکە، دواجار لە 23-04-2024 پەرلەمانی بەریتانیا دەنگی لەسەر پڕۆژەبڕیارەکە دا.
بڕیارە یەکەم گرووپی کۆچبەران لە مانگی تەممووزی ئەم ساڵ گەشتێکی 6400 کیلۆمەتری بکەن و بگەنە رواندا.
لە سەرەتای ئەم ساڵەوە، زیاتر لە 6000 کۆچبەر لە رێگەی بەلەمەوە خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا.
لە ساڵی 2023دا 29،437 کۆچبەر گەیشتنە بەریتانیا، ئەمەش 36% کەمترە بەراورد بە ساڵی 2022، کاتێک 45,774 کۆچبەر پەڕینەوە بەریتانیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ