لە مالی گرووپە چەکدارەکان زنجیرە هێرشێکیان کردە سەر دەسەڵات و سوپا دەڵێت: سەدان چەکداریان کوژراون

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سیروان عەباس
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سوپای مالی رایدەگەیێنێت، گرووپە چەکدارەکان زنجیرەیەک هێرشی هاوئاهەنگیان کردووەتە سەر باماکۆی پایتەخت و چەند ناوچەیەکی دیکەی وڵاتەکە. سوپا دەڵێت: شەڕێکی سەختی لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان کردووە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان.
 
بەیانیی رۆژی شەممە، 25-4-2026، پێش کاژێر 6:00ـی بەیانی، دەنگی تەقینەوەی بەهێز و تەقەیەکی زۆر لە نزیک بنکەی سەربازیی (کاتی) لە دەرەوەی باماکۆ بیسترا، کە شوێنی نیشتەجێبوونی (ئەسیمی گۆیتا) سەرۆکی ئەنجوومەنی سەربازیی وڵاتەکەیە. سەربازەکان بۆ داخستنی رێگە سەرەکییەکانی ئەو ناوچەیە بڵاوەیان پێکرا.
 
لە کاتی هێرشەکاندا، ماڵی سادیۆ کامارا، وەزیری بەرگریی مالی کرایە ئامانج و بە تەواوی وێران کرا. سەرچاوە نزیکەکان لە وەزیرەکە بە ئاژانسی "فرانس پرێس"ـیان راگەیاندووە، وەزیر لەو کاتەدا لە ماڵ نەبووە و سەلامەتە.
 
لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مۆدیبۆ کەیتا لە باماکۆ، کە 15 کیلۆمەتر لە سەنتەری شارەکەوە دوورە، دەنگی چەکی قورس و دەستڕێژی گولـلە بیستراوە و هێلیکۆپتەرە سەربازییەکان بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا دەسووڕانەوە. بەهۆی تێکچوونی بارودۆخی ئەمنییەوە، فڕۆکەخانەکە بە کاتی داخراوە و هەموو گەشتە ئاسمانییەکان هەڵوەشێندراونەتەوە.
 
چەند هێرشێکی هاوکات لە چەند شارێک
 
هاوکات لەگەڵ پایتەخت، هێرش کراوەتە سەر شارۆچکەی (سێڤارێ) لە ناوەڕاست و شارەکانی (گاو و کیدال) لە باکووری مالی.
 
 محەممەد مەولوود رەمەزان، گوتەبێژی بەرەی رزگاریی ئەزەواد (FLA) رایگەیاند، هێزەکانیان کۆنترۆڵی شاری (کیدال) و هەندێک ناوچەی گاویان کردووە.
 
گوتەبێژەکەی FLA دیمەنی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە کە تێیدا چەکدارەکان کۆنترۆڵی بنکەیەکی سەربازیی سوپای مالی لە کیدال دەکەن. هەروەها بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هێلیکۆپتەری سەربازییان لە نزیک گاو خستووەتە خوارەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەم زانیارییانە پشتڕاست نەکراونەتەوە.
 
وەزارەتی دەروەی ئەمریکا و باڵیۆزخانەکەی لە مالی داوایان لە هاووڵاتییانیان کرد لە شوێنە پارێزراوەکان بمێننەوە و گەشت نەکەن. وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیاش هۆشداریی دا کە گەشت بۆ مالی نەکرێت.
 
 سوپای مالی: بارودۆخەکە جڵەو کراوە
 
سوپای مالی رایدەگەیێنێت، دوای ئەو هێرشانەی لە لایەن "گرووپە تێرۆریستییەکان"ەوە کرانە سەر باماکۆی پایتەخت و چەند شارێکی دیکەی وڵاتەکە، ئێستا بارودۆخەکە جڵەو کراوە.
 
سوپای مالی لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە "گرووپە تێرۆریستییە چەکدارەکان" کە تاوەکو ئێستا ناسنامەیان دیار نییە، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هێرشیان کردووەتە سەر چەند خاڵێکی سەربازی و سەربازگەکانی پایتەخت و ناوخۆی وڵات، بەڵام هێزەکانیان بەرپەرچیان داونەتەوە و پێکدادانەکان بەردەوام بوون.
 
باڵیۆزخانەی ئەمریکاش لە مالی رایگەیاند، کە چاودێریی راپۆرتەکان دەکەن سەبارەت بە تەقینەوە و تەقەکردن لە نزیک فڕۆکەخانەی باماکۆ و ناوچەی کاتی.
 
مالی کە دەکەوێتە ناوچەی کەناراوەکانی ئەفریقا، زیاتر لە 10 ساڵە بەدەست تووندوتیژیی گرووپە جیهادییەکانی سەر بە قاعیدە و داعش دەناڵێنێت. لە ساڵانی 2020 و 2021ـەوە سوپا بە کودەتا دەسەڵاتی گرتووەتە دەست.
 
نزیکبوونەوە لە رووسیا
 
حکومەتە سەربازییەکەی مالی لە فەرەنسا و هاوبەشە رۆژئاواییەکانی دوورکەوتووەتەوە و رووی لە رووسیا کردووە. گرووپی ڤاگنەری رووسی کە لە ساڵی 2021ـەوە پشتگیریی دەسەڵاتدارانی مالی دەکرد، لە حوزەیرانی 2025ـەوە ئەرکەکەی کۆتاییهات و راستەوخۆ کەوتە ژێر کۆنترۆڵی وەزارەتی بەرگریی رووسیا.
 
ئەنجوومەنی سەربازی پێشتر بەڵێنی دابوو لە ئازاری 2024 دەسەڵات رادەستی کەسانی سڤیل بکات، بەڵام پابەندی بەڵێنەکەی نەبوو. لە تەممووزی 2025ـدا، ئەسیمی گۆیتا بۆ ماوەی 5 ساڵ وەک سەرۆک دیاریکرا، کە دەکرێت بەبێ هەڵبژاردن بۆی نوێ بکرێتەوە.
 
حکومەتە سەربازییەکەی مالی بە سەرۆکایەتیی ئەسیمی گۆیتا، دوای کودەتاکانی 2020 و 2021 دەسەڵاتی گرتە دەست و بەڵێنی گەڕاندنەوەی ئاسایشی دا. دوای رۆیشتنی هێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و فەرەنسا، حکومەت پەنای بۆ چەکدارە رووسییەکان برد بۆ رووبەڕووبوونەوەی گرووپە چەکدارەکان. 
 
ئێستا بەشێکی زۆری باکوور و رۆژهەڵاتی وڵاتەکە لە دەرەوەی کۆنترۆڵی حکومەتدایە. هێرشەکانی ئەمڕۆ نیشانەی ئەوەن کە گرووپە چەکدارەکان توانای هێرش و ئۆپەراسیۆنیان لە چەندین ناوچەی جیاواز و تەنانەت لە ناو جەرگەی پایتەختیشدا هەیە.
 
هەڵوێستی یەکێتیی ئەفریقا
 
یەکێتیی ئەفریقا بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە چەکدارییانە دەکات کە ئەمڕۆ شەممە کرانە سەر چەند ناوچەیەکی مالی و لە سەرووشیانەوە باماکۆی پایتەخت. نیگەرانیی خۆشی لەبارەی هەڵکشانی گرژییە ئەمنییەکان لەو وڵاتەدا دەربڕی.
 
یەکێتیی ئەفریقا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، بە نیگەرانییەکی زۆرەوە چاودێریی دوایین پێشهاتەکانی مالی دەکەن. "ئەم دەستدرێژییانە، کە ئاسایشی خەڵکی سڤیل و سەقامگیریی دەوڵەت دەخەنە مەترسییەوە، بە تەواوی رەتدەکەینەوە."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەم هێرشانە ژیانی هاووڵاتیانی سڤیل رووبەڕووی مەترسیی گەورە دەکەنەوە. یەکێتیی ئەفریقا پابەندبوونی خۆی بۆ پشتگیریکردن لە هەوڵەکانی چەسپاندنی ئاشتی و بەهێزکردنی ئاسایش لە کیشوەری ئەفریقادا دووپات کردەوە.
 
مەحموود عەلی یوسف، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەفریقا، هاوسۆزیی تەواوی خۆی بۆ گەلی مالی، هێزە ئەمنییەکان و دەسەڵاتدارانی نیشتمانیی ئەو وڵاتە لە بەرامبەر ئەم پێشهاتانەدا دەربڕی.
 
سوپای مالی: سەدان چەکدار لە هێرشەکەی سەر باماکۆ کوژراون
 
سوپای مالی رایدەگەیێنێت، لە کاتی بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی سەر باماکۆی پایتەخت، سەدان چەکدار کوژراون و ئێستا هێزەکانیان خەریکی ئۆپەراسیۆنی کێوماڵکردنی فراوانن لە پایتەخت و ناوچەکانی دیکەی وڵات.
 
سوپای مالی لە راگەیێندراوێکی نوێدا، کە ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە بڵاویکردەوە، ئاماژەی بەوە کرد، هێزەکانیان توانیویانە ئەو
هێرشە هاوئاهەنگانە تێکبشکێنن کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە کرانە سەر چەندین پێگەی سەربازی لە ناو پایتەخت و شارەکانی دیکە. بەپێی زانیارییەکانی سوپا، لەو پێکدادانانەدا "سەدان چەکداری گرووپە تێرۆریستییەکان کوژراون."
 
هەروەها سوپای مالی دەڵێت: ئێستا پڕۆسەی کێوماڵکردنی فراوان لە ناو جەرگەی باماکۆ و ناوچەکانی دیکە بەردەوامە بۆ دڵنیابوونەوە لە سەقامگیریی بارودۆخەکە و لەنێوبردنی هەر پاشماوەیەکی چەکدارەکان کە لە ناوچەکەدا مابنەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژیریی دەستکرد ساڵانە هەزاران کەس بێ کار دەکات. وێنە: Reuters

ئایا دەترسی ژیریی دەستکرد کارەکەت لێ بستێنێت؟

ژمارەیەک هەیە کە دەبێت بتوەستێنێت و تووشی شۆکت بکات. لە 6ی نیسانی 2026، ئێڵسی پێنگ، ئابووریناسی بانکی (گۆڵدمان ساکس)، تێبینییەکی بڵاوکردەوە کە لەسەر بنەمای داتا راستەقینەکانی لیستی مووچەی ئەمریکا داڕێژرابوو. ئاشکرایکرد ژیریی دەستکرد مانگانە تێکڕا 16,000 هەلی کار لە ئەمریکا لەنێو دەبات. ئەوە دەکاتە لەنێوبردنی 192,000 هەلی کار لە ساڵێکدا. 18 رۆژ دواتر، مێتا و مایکرۆسۆفت رایانگەیاند کە ئەمە تەنیا سەرەتای ئاراستەیەکی بەردەوامە.