رووداو دیجیتاڵ
یەڤگینی پریگۆژین، خاوەن و فەرماندەی گرووپی ڤاگنەر لە باخمووتەوە دەڵێت ئەرکیان تەواو بووە و شارە وێرانبووەکە رادەستی سووپای رووسیا دەکەن.
پریگۆژین کۆتایی هەفتەی رابردوود رایگەیاند، "هێزە سەرەکییەکانمان دەگەڕێتەوە بۆ سەربازگەکانی دواوە. پێگە سەربازییەکانمان، تەقەمەنی، هەموو شتێک، بە ئازووقەشەوە رادەستی سوپا دەکەین."
سوپای ئۆکراینا، سەرەڕای ئەو هەموو پشتیوانیەی لەلایەن ناتۆ و رۆژئاواوە پێی دەدرا، لەلایەن کۆمپانیایێکی سەربازیی تایبەتی رووسییەوە تێکشکێنرا. ئەمە یەکێک دەبێت لەو دێڕانەی کە مێژوو بۆ گرووپی ڤاگنەری دەنووسێتەوە، بەڵام سەرکەوتنەکەیان ئاسان نەبوو.
پریگۆژین کە بە درێژایی شەڕەکە رەخنەی لە بەرپرسانی باڵای رووسیا گرتووە، بە گەندەڵی و پشتیوانی نەکردنی ڤاگنەر تۆمەتباری کردوون، دان بەوەدا دەنێت، 20 هەزار چەکداری لە باخمووت کوژراون. داوای گۆڕینی وەزیری بەرگریی رووسیا دەکات و هۆشداری دەدات، کە ئەگەر سوپا خۆی رێکنەخاتەوە و لە گۆڕەپانی جەنگ زیانەکانی بەردەوامبن، ئەوا دەکرێت شۆڕشێک لە نێو رووسیا رووبدات.
پریگۆژین دەڵێت، "پێموایە ئێستا سوپای ئۆکراینا یەکێکە لە بەهێزترینەکان. دەکرێت ئەمە هەمووی وەک ساڵی 1917 بە شۆڕش کۆتایی بێت، کاتێک کە سەرەتا سەربازەکان راپەڕینیان کرد و دواتریش خێزانەکانیان."
ئەم هۆشداریە لە کاتێکدایە کە هەفتەی رابردوو، لە نێو هەرێمی بێلگۆرۆدی رووسیا لە نێو ژمارەیەکی رووس زماندا هێرشێک کرا و پەنجەی تۆمەت بۆ ئۆکراینا درێژکرا.
سوپای رووسیا رایگەیاند، 70 لەو چەکدارانەیان کوشتووە، کە بەگوتەی خۆی سەر بە سوپای ئۆکراینا بوون، بەڵام ئۆکراینا رەتیکردەوە پەیوەندیی پێوە هەبێت و رایگەیاند، چەکدارەکان سەر بە دوو گرووپی خۆبەخشی رووسین، کە شەڕ دژی مۆسکۆ دەکەن.
دێنیس نیکیتین، فەرماندەی یەکینەیەکی خۆبەخشانی رووسیایە و دەڵێت، "ئێمە چووینە نێو خاکی رووسیا و بۆ ماوەیەکی باش، 42 کیلۆمەتر دووجامان خستە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆمان. ئێمە شەڕ بۆ ئازادی دەکەین. ئێمە شەڕ دژی نادادی دەکەین."
رووسیا دەڵێت، بەزاندنی سنووری بێلگۆرۆد، هەوڵێک بووە لەلایەن ئۆکراینا بۆ ئەوەی سەرنج لەسەر شکستی خۆی لە باخمووت لا ببات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ