رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ژاپۆن رایانگەیاند بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 6.2 پلەی رێختەر کەناراوەکانی رۆژهەڵاتی شاری تۆکیۆی پایتەختی وڵاتەکەی هەژاندووە.
رۆژی هەینی، 26ـی ئایاری 2023، دەزگای کەشناسیی ژاپۆن رایگەیاند بوومەلەرزەکە کاژێر 7:03 خولەکی ئێوارە بە کاتی نێوخۆی وڵاتەکە [کاژێر 1:03 خولەکی نیوەڕۆ بە کاتی هەرێمی کوردستان] روویداوە.
دەزگاکە رایگەیاند قووڵایی بوومەلەرزەکە 50 کیلۆمەتر بووە و چاوەڕێی روودانی سوونامی لێناکرێت و گوتیشی، "بوومەلەرزەکە باڵەخانە بەرزەکانی تۆکیۆی هەژاندووە و بۆ ماوەیەکی کاتی وێستگەکانی شەمەندەفەڕ وەستاون."
بەرپرسانی ژاپۆن رایانگەیاند، بوومەلەرزەکە لە نزیک وێستگە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکە روویداوە، بەڵام هیچ زیانێک بە وێستگە ئەتۆمییەکان نەگەیشتووە.
وەک دانیشتووانی ناوچەکە دەڵێن، سیستەمی ئاگادارکردنەوەی بوومەلەرزە پێش ئەوەی بوومەلەرزەکە لە تۆکیۆ هەستیپێبکرێت، دانیشتووانی تۆکیۆی لە روودانی بوومەلەرزەکە ئاگادار کردووەتەوە.
روودانی ئەو بوومەلەرزە لە کاتێکدایە، رۆژی 5ـی ئایاری 2023، بوومەلەرزەیەک لە ژاپۆن روویدا و بەو هۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا و 49 کەسی دیکەش برینداربوون.
بەهێزترین بوومەلەرزە کە بەمدواییانە لە ژاپۆن روویدابێت، لە ئاداری 2011 بوو، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 18 هەزار و 500 کەس.
ژاپۆن زوو زوو رووبەڕووی بوومەلەرزە و تەقینەوەی گڕکانی دەبێتەوە. ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە وڵاتەکە دەکەوێتە سەر "ئەڵقەی ئاگر"ـی دەریای هێمن، کە پشتێنەیەکی تووندی چالاکی بوومەلەرزە و تەقینەوەی گڕکانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ