رووداو دیجیتاڵ
ئێران و بەلجیکا ئەمڕۆ لە عوممان ژمارەیەک زیندانییان ئاڵۆگۆڕکرد. بە گوتەی بەرپرسانی هەردوولا، تاران کارمەندێکی مرۆیی بەلجیکایی لە بەرامبەر دیپلۆماتێکی ئێرانی تۆمەتبار ئازادکردووە.
ئەلێکاسندەر دی کروو، سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ئۆلیڤیێر ڤاندێکاستیل، کارمەندی مرۆیی ئازادکراوە. دواتر تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێرانیش ئاشکرایکرد، ئەسەدوڵڵا ئەسەدی ئازادکراوە. دیپلۆماتەکە تۆمەتبار بوو بەوەی هەوڵیداوە بە تەقینەوەیەک گردبوونەوەیەکی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە فەرەنسا بکاتە ئامانج.
وەزارەتی دەرەوەی عوممان دەڵێت، "ئەوانەی ئازادکراون، ئەمڕۆ هەینی، لە تاران و برۆکسلەوە گوێزراونەتەوە مەسقەت، ئەوەش وەک ئامادەکارییەک بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ وڵاتەکانیان،" هەروەها باس لەوە دەکات، "سوڵتاننشینی عوممان ستاییشی ئەو پێکەوەکارکردنە ئەرێنییە دەکات کە لە گفتوگۆکانی مەسقەت لە نێوان ئێران و بەلجیکادا هەبووە،" ئاماژە بەوەش دەکات کە هەردوولا "پەرۆش" بوون بۆ ئەوەی "پرسە مرۆییەکە" یەکلابکەنەوە.
دی کروو گوتی، ڤاندێکاستیل شەوی پێنجشەممە لە ئێرانەوە گوێزراوەتەوە بۆ عوممان. هاووڵاتییەکە لە لایەن تیمێکی دیپلۆماسی و بەرپرسانی سەربازیی بەلجیکییەوە پێشوازی لێکرا و دواتر لە لایەن پزیشکەکانەوە پشکنینی بۆ کرا.
دی کروو لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، "ڤاندێکاستیل 455 رۆژی لە زیندانی تاراندا بەسەربرد، لە دۆخێکدا کە بەرگەی ناگیرێت. ئەو بێتاوانە. گەڕانەوەی ئۆلیڤیێر ڤاندێکاستیل بۆ بەلجیکا ئاهێک وەبەر خێزان، هاوڕێ و هاوکارەکانییدا دێنێتەوە."
عوممان لەمێژە وەک نێوەندگیر رۆڵی لە نێوان وڵاتانی رۆژئاوا و ئێراندا گێڕاوە.
کارمەندە مرۆییە بەلجیکییەکە چۆن دەستگیرکرا؟
کانوونی دووەمی ئەمساڵ، ئێران سزای 40 ساڵ بەندکردن و 74 جەڵدی بۆ ڤاندێکاستیل دەرکرد، دوای ئەوەی تۆمەتی سیخوڕیکردنی بەسەردا ساخکرایەوە.
ڤاندێکاستیل شوباتی ساڵی 2022 لە کاتی خۆ ئامادەکردنی بۆ جێهێشتنی ئێران دەستگیرکرا. پێش ئەوە، ڤاندێکاستیل لە 2015 تا 2021 لەگەڵ رێکخراوی ئەنجوومەنی نەرویجیی پەنابەران و ئاژانسی بەهاناوەچوونی نێودەوڵەتی کاریکردبوو. خێزانەکەی و حکومەتی بەلجیکا بە تووندی تۆمەتەکانی حکومەتی ئێرانیان رەتکردبووەوە.
دیپلۆماتە ئێرانییەکە و "هەوڵی ئەنجامدانی تەقینەوە" لە فەرەنسا
ساڵی 2021، بەلجیکا تۆمەتی پلاندان بۆ ئەنجامدانی تەقینەوە دژی گرووپێکی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە فەرەنسا، بەسەر ئەسەدوڵڵا ئەسەدییدا ساخکردەوە. ئەسەدی وڵاتینامەی بەلجیکای هەیە و سزای 20 ساڵ بەندکردنی بۆ دەرکرا.
پۆلیسی بەلجیکا ساڵی 2018 ژن و پیاوێکیان دەستگیرکرد کە 550 گرام مادەی تەقەمەنی و ئامێرێکی تەقاندنەوەیان پێ بوو. لێکۆڵەرەکان دەڵێن، بۆیان دەرکەوت کە ئەو دوو کەسە پەیوەندییان بە ئەسەدییەوە هەبووە و هەوڵیانداوە گردبوونەوەیەکی رێکخراوی موجاهیدینی خەلق لە شاری ڤیلوپانتی فەرەنسا بکەنە ئامانج.
ئەو رۆژەی کە گوایە هەوڵیانداوە تەقینەوەکە بکەن، ژمارەیەک میوانی دیار لە شاری ڤیلوپانت بوون، کە بڕیار بووە لە شوێنێکی نزیک گردبوونەوەی گرووپە ئۆپۆزیسیۆنە ئێرانییەکە کۆببنەوە. روودی جولیانیی پارێزەری دۆناڵد ترەمپ، نیوت گینگریچ، سەرۆکی پێشووتری ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا و چەندین کەسی دیکە لەنێویاندا بوون.
ئەسەدی رۆژێک دوای ئەوە لە ئەڵمانیا دەستگیرکرا و گوێزرایەوە بەلجیکا. هەواڵگریی بەلجیکا ئەوی بە یەکێک لە ئەفسەرانی ئیتیڵاعاتی ئێران ناوبرد کە گوایە بە نهێنی لە باڵیۆزخانەی ئێران لە نەمسا کاریکردووە.
ئێران رەتیکردەوە ئەسەدی دەستی لە هیچدا هەبووبێت.
"دیپلۆماتێکی بێتاوان"
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژی هەینی، دوای ئەوەی کە ئەسەدی ئازادکرا، لە تویتێکدا ئەوی بە "دیپلۆماتێکی بێ تاوان" ناوبرد. تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێرانیش تۆمەتەکانی دژی بە "بێ بنەما" دانا.
هاوکات رێکخراوی موجاهیدینی خەلق لە راگەیێندراوێکدا سەرکۆنەی ئازادکردنی ئەسەدی کرد و و بە مایەی "شەرمەزاری" و وەک "پارەدان بە تیرۆریستان لە بەرامبەر ئازادکردنی بارمتەکان" ناوی برد.
گرووپەکە دەڵێت، "ئەم هەنگاوە هێز بەو فاشیستە ئاینییانە دەدات کە فەرمانڕەوایی ئێران دەکەن بۆ ئەوەی لە نێو ئێرانەوە لە رێگەی چەوساندنەوە و تیرۆریزمی هەرێمی و نێودەوڵەتی، لە تاوانەکانیان بەردەوام بن."
لە ساڵانی رابردوودا، ئێران ژمارەیەک کەسی بیانی و ئەوانەی دوو وڵاتینامەیان هەیە، بە تۆمەتی سیخوڕی و سەرپێچی دژی ئاساییشی نیشتمانی دەستگیرکردووە و دوای دادگاییکردنیان، سزای تووندی بەسەردا سەپاندوون.
رەخنەگرانی، ئێران تۆمەتباری دەکەن بەوەی دەیەوێت ئەو زیندانیانە وەکو کارتی گوشار بەکاربێنێت. ئێران بەهۆی بەرەوپێشچوونی بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە، رووبەڕووی گەمارۆی ئابووریی وڵاتانی رۆژئاوا دەبێتەوە و لە ئەیلوولی ساڵی رابردووش، دوای گیانلەدەستدانی گوماناوی ژینا ئەمینیی، خۆپێشاندانی سەرتاسەری بۆ ماوەی چەند مانگێک لەو وڵاتەدا بەردەوام بوون.
هەیسەم بن تارق، سوڵتانی عومان بڕیاربوو لەم چەند رۆژەدا سەردانی تاران بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ