رووداو دیجیتاڵ
دەزگای خۆراک و دەرمانی ئەمریکا رەزامەندی پێشاندا کۆمپانیای Neuralinkـی ئەمریکی کە لەلایەن ئیلۆن مەسکەوە خاوەندارێتی دەکرێت، دەست بە تاقیکردنەوە لەسەر مێشکی مرۆڤ بکات و بۆ یەکەمجار بە ئامێرە زیرەکەکانەوە بیبەستێتەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 25ـی ئایاری 2023، کۆمپانیای Neuralink لە تویتێکدا رایگەیاند، کۆمپانیاکە لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە رێگەی پێدراوە کە مێشکی مرۆڤ بە کۆمپیوتەر و ئامێرە زیرەکەکان ببەستێتەوە و گوتیشی، "دڵخۆشین کە رەزامەندی بەڕێوەبەرایەتیی خۆراک و دەرمانی ئەمریکامان وەرگرتووە بۆ دەستپێکردنی یەکەمین توێژینەوەمان لەو چوارچێوەیەدا."
کۆمپانیاکە دەشڵێت، پێشتر بە سەرکەوتوویی تاقیکردنەوەیان لەسەر مەیموون ئەنجامداوە و لەرێگەی بەکارهێنانی ئامێرێک لەنێو مێشکی مەیموونەکە، توانیویانە مێشکی مەیموونەکە بە ئامێرە زیرەکەکانەوە ببەستنەوە.
لە رێگەی نەشتەرگەرییەوە ئامێرەکە لەنێو سەری مرۆڤ جێگێردەکرێت و دەتوانێت چالاکی دەمارەکان تۆماربکات و لە رێگەی سیگناڵەوە چالاکییەکان بگوازرێنەوە بۆ ئامێرە زیرەکەکان.
کۆمپانیاکە ئاماژە بەوە دەکات کە لەدوای چاندنی ئامێرەکە لەنێو مێشکیدا، مرۆڤ دەتوانێت بێ ئەوەی هیچ جووڵەیەکی فیزیکی ئەنجامبدات، کارەکانی بکات؛ بۆ نموونە مرۆڤ دەتوانێت بەبێ بەکارهێنانی دەستی، ئەوەی لە مێشکیدایە بینوسێت یان تەنیا لە رێگەی مێشکەوە مرۆڤ دەتوانێت کار بە مۆبایلەکەی بکات.
ئیلۆن مەسک، سەرمایەداری ئەمریکی و خاوەنی کۆمپانیاکە دەڵێت، "کۆمپانیاکە هەوڵ دەدات لە رێگەی ئەو کارەوە هێز بۆ مرۆڤ بگەڕێنێتەوە و وا لەو کەسانە بکات کە خاوەن پێداوێستی تایبەتن و توانای جووڵاندنی ماسوڵکەیان نییە، بتوانن لە کەسانی ئاسایی خێراتر مۆبایل بەکاربهێنن."
مەسک دەشڵێت، "دڵنیاین لەرێگەی ئەو ئامێرەوە کەسێک کە دڕکەپەتکی پچڕاوە و توانای جووڵەی نییە، دەتوانێت هەموو کارەکانی خۆی راپەڕێنێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ