ترەمپ: پووتین بە تەواوی شێت بووە

26-05-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رەخنەی تووند لە ڤیلادمیر پووتینی هاوتا رووسییەکەی دەگرێت و بە "شێت" ناوی دەبات، ئەمەش دوای ئەوەی کە مۆسکۆ هێرشێکی درۆنیی کوشندەی کردە سەر ئۆکراینا، لەکاتێکدا تازە هەردوولا ژمارەیەکی زۆری دیلەکانی جەنگیان گۆڕیبووەوە.
 
رۆژی شەممە، لە ئەنجامی گەورەترین هێرشی درۆنیی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، لانیکەم 13 کەس کوژران. 
 
ترەمپ لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ نووسیویەتی: "من هەمیشە پەیوەندییەکی باشم لەگەڵ ڤیلادمیر پووتینی رووسیادا هەبوو، بەڵام ئەو شتێکی بەسەر هاتووە. ئەو بە تەواوی شێت بووە!"
 
ترەمپ هەروەها دەڵێت: "من هەمیشە گوتوومە، ئەو هەموو ئۆکراینای دەوێت، نەک تەنیا بەشێکی، رەنگە هەر ئەمەش بێت راست دەردەکەوێت،  بەڵام ئەگەر وا بکات، ئەوا دەبێتە هۆی رووخانی رووسیا".
 
ئەمانە بە دەگمەنترین رەخنەی ترەمپ لە دژی پووتین دادەنرێن، چونکە زۆربەی کات بە سەرسامییەوە باسی لە سەرۆکە رووسییەکە کردووە. 
 
بەم دواییانە، بە تێپەڕبوونی کات، بێزاریی ترەمپ لە چەقبەستنی دانوستاندنەکانی ئاشتیی مۆسکۆ و کیێڤ زیاد بووە.  
 
رۆژی یەکشەممە، ترەمپ بە رۆژنامەڤانانی گوتبوو، بە دوایین هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا "دڵخۆش نییە" و بیر لە زیادکردنی سزا لەسەر مۆسکۆ دەکاتەوە.  
 
ترەمپ گوتی: "ماوەیەکی زۆرە [پووتین] دەناسم، هەمیشە لەگەڵی هەڵمکردووە، بەڵام ئەو رۆکێت دەنێرێتە نێو شارەکان و خەڵک دەکوژێت، منیش هەرگیز ئەوەم پێ خۆش نییە." 
 
"تیرۆر"
 
دەزگا فریاگوزارییەکانی ئۆکراینا رۆژی یەکشەممە، باسیان لە کەشێکی "تۆقێنەر" لە وڵاتەکەدا کرد دوای دووەم شەوی لەسەریەکی هێرشە ئاسمانییە بەرفراوانەکانی رووسیا، کە کیێڤی پایتەختیشیان گرتەوە.
 
بەرپرسان رایانگەیاند، ئەو کەسانەی لە نوێترین هێرشەکانی رووسیادا کوژراون، لە هەرێمی ژیتۆمیری باکووری رۆژئاوای وڵاتەکە، تەمەن 8، 12 و 17 ساڵانیان تێدابووە.
 
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە رایگەیاند: "بێ گوشارێکی راستەقینەی بەهێز لەسەر سەرکردایەتیی رووسیا، ئەم دڕندەییە ناوەستێت."
 
هەروەها گوتیشی: "بێدەنگیی ئەمریکا، بێدەنگیی ئەوانی دیکەی سەرانسەری جیهان، تەنیا هانی پووتین دەدات."
 
سەرۆکی ئۆکراینا پێیوایە "سزاکان بێگومان یارمەتیدەر دەبن."
 
ترەمپیش لە پۆستەکەیدا رەخنەی لە زیلینسکی گرت و تۆمەتباری کرد بەوەی "بەو جۆرە قسانەی دەیانکات، هیچ خێرێک بە وڵاتەکەی ناگەیێنێت."
 
ترەمپ دەڵێت: "هەر شتێک لە دەمییەوە بێتە دەرەوە کێشە دروست دەکات، پێم خۆش نییە و باشترە لەوە بوەستێت."
 
کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، داوای "بەهێزترین گوشاری نێودەوڵەتیی لەسەر رووسیا کرد بۆ راگرتنی ئەم جەنگە."
 
خانمە دیپلۆماتەکە لە پۆستێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا گوتی: "هێرشەکانی شەوی رابردوو دیسانەوە نیشانی دەدەن رووسیا سوورە لەسەر ئازاردانی زیاتر و لەنێوبردنی ئۆکراینا."
 
داواکاری بۆ سزا 
 
هەروەها یۆهان ڤادێفوول، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هێرشەکانی سەرکۆنە کردن.
 
ئەو گوتی: "پووتین ئاشتیی ناوێت، دەیەوێت لە جەنگ بەردەوام بێت و نابێت رێگەی پێبدەین ئەمە بکات. لەبەر ئەمە، ئێمە سزای زیاتر لەسەر ئاستی ئەورووپا پەسەند دەکەین."
 
سوپای ئۆکراینا رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، شەوی رابردوو کۆی گشتی 45 مووشەکی رووسی و 266 درۆنی هێرشبەری خستووەتە خوارەوە.
 
یوری ئیگنات، گوتەبێژی هێزی ئاسمانیی ئۆکراینا رایگەیاند 298 درۆن ئارستەی وڵاتەکەی کراون کە ئەمە "گەورەترین ژمارە بووە تاوەکو ئێستا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی باڵای ئەمریکا لە واشنتن

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، پێناسە گومرگییەکانی ئیدارەی ترەمپ پاساویان نییە

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندووە بە سەپاندنی زنجیرەیەک پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیاوازی جیهاندا. ئەم بڕیارە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ترەمپی بۆ جێبەجێکردنی کارنامە ئابوورییەکەی پەکخست.