کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا بۆ ترەمپ: پووتین بەرگری لە وڵات دەکات

26-05-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی ترەمپ رەخنەی لە پووتین گرت و گوتی "بە تەواوی شێت بووە،" کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا وەڵامی دایەوە و دەڵێت، سەرۆکەکەیان "بەرگری لە رووسیا دەکات."
 
دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملین لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا وەکو ئاماژەکردن بۆ قسەکانی دۆناڵد ترەمپ گوتی، "کاردانەوەی سۆزدارین و سەرۆک پووتین بڕیاری پێویست بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەمان دەدات."
 
هەروەها پێسکۆڤ ئاماژەی بەوە کرد، هێرشە چڕەکانی ئەم دواییانەی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا، وەڵامێک بوون بۆ هێرشەکانی لایەنی بەرامبەر.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ نووسیبوی، "هەمیشە پەیوەندییەکی باشم لەگەڵ ڤیلادیمیر پووتینی رووسیادا هەبووە، بەڵام ئەو شتێکی بەسەر هاتووە. ئەو بە تەواوی شێت بووە!"
 
هەروەها سەرۆکی ئەمریکا گوتی، "هەمیشە گوتوومە، ئەو هەموو ئۆکراینای دەوێت، نەوەک تەنیا بەشێکی، رەنگە هەر ئەمەش بێت کە راست دەردەکەوێت، بەڵام ئەگەر وا بکات، ئەوا دەبێتە هۆی رووخانی رووسیا."
 
ترەمپ گوتی، "ماوەیەکی زۆرە دەیناسم، هەمیشە لەگەڵی هەڵم کردووە، بەڵام ئەو رۆکێت دەنێرێتە شارەکان و خەڵک دەکوژێت؛ منیش هەرگیز ئەوەم پێ خۆش نییە."
 
ئەوانە دەگمەنترین رەخنەی ترەمپن لە پووتین، چونکە زۆربەی کات بە سەرسامییەوە باسی لە سەرۆکی رووسیا کردووە.
 
هەر ئەمڕۆ دووشەممە، هێزی ئاسمانیی ئۆکراینا رایگەیاند کە شەوی رابردوو، رووسیا 355 درۆنی بۆمبڕێژکراوی گرتووەتە ئۆکراینا، کە ئەوە ژمارەیەکی پێوانەییە لەو کاتەوەی لە شوباتی 2022 جەنگ دەستیپێکردووە.
 
هێزەکە هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، رووسیا 9 مووشەکی کرووزیشی بە ئۆکرایانەوە ناوە.
 
هاوکات ڤۆلۆدمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رۆژی دووشەممە گوتی، رووسیا "تەنیا گوێنەدانی تەواو بە لێپرسینەوە رێگەی بە رووسیا داوە هێرشی لەم جۆرە بکات و بەردەوامبێت لە فراوانکردنیان." گوتیشی، "پێویستە زیادبوونی هێرشەکانی رووسیا، بە زیادکردنی سزاکان وەڵام بدرێتەوە."
 
بەم دواییانە، بە تێپەڕبوونی کات، بێزاریی ترەمپ لە چەقبەستنی دانوستاندنی ئاشتیی مۆسکۆ و کیێڤ زیاد بووە.
 
دوێنێ یەکشەممە، ترەمپ بە رۆژنامەڤانانی گوت، بە دوایین هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا "دڵخۆش نییە" و بیر لە زیادکردنی سزا لەسەر مۆسکۆ دەکاتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا