نێچیرڤان بارزانی: ئەڵمانیا دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان بەهێز بن

26-06-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەکانی لە ئەڵمانیا بە "گرنگ" ناودەبات و دەڵێت، ئەڵمانیاش بەلایەوە گرنگە کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان بەهێزتر بن. گوتیشی، بەغدا هەنگاوی پێویستی بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان نەناوە.
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد کە ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداویش ئامادەی بوو، باسی لە دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ کاربەدەستانی ئەڵمانیا کرد و گوتی، "ئەوەی جێگەی بایەخی هەردوولامان بوو لەو کۆبوونەوەیە باسمان کرد، چۆنیەتیی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانمان لە رووی ئابووری و سیاسییەوە باس کرد، داواشمان کرد [راوێژکاری ئەڵمانیا] سەردانی هەرێمی کوردستان و عێراق بکات، ئەویش بە بایەخەوە گرنگی بە پەیوەندیی خۆیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق دەدەن."
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ئۆلاف شۆڵتز باسی لەوە کرد، "سەردانی ئێمە بۆ بەرلین لەسەر داوای راوێژکاری ئەڵمانیا بووە، ئەمڕۆ ئێوارە دیدارێکی باشمان هەبوو، لەو دیدارەدا ئەو شتانەی کە هاوبەش بوون لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا باس کران، هەروەها پەیوەندیی عێراق لەگەڵ ئەڵمانیا باس کرا."
 
نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، "سەردانەکانی ئێمە بۆ ئەڵمانیا، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق بووە، لە هەموو کۆبوونەوەکان باڵیۆزی عێراق بەشدار بووە و وەکو یەک تیم قسەمان کردووە، بڕوا ناکەم بەغدا بیەوێت کێشە بۆ ئەم دیدارانە دروست بکات."
 
 
لەبارەی کۆسپەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی گوتی، ئەو بابەتە بەشێکی پەیوەندی بە بەغدا و بەشێکی دیکەیش پەیوەندی بە تورکیاوە هەیە، گوتیشی، "بەڵام بەڕاستی بەداخەوە ئەو هەنگاوانەی کە پێویستن لە بەغداوە بنرێن بۆ ئەوەی دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت بکرێتەوە، تاوەکو ئێستا ئەو هەنگاوانە نەنراوە."
 
دوای ئەو کۆبوونەوەیە؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا نووسی: "شەرەفمەند بووم کە ئەمڕۆ لە بەرلین لەگەڵ ئولاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا کۆبوومەوە. بۆچوونمان لەسەر پتەوترکردنی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ ئەڵمانیا هاوبەش کرد. هەروەها سوپاسگوزاری خۆمم دەربڕی بۆ پشتگیرییەکانی ئەڵمانیا لە کاتە سەختەکاندا لە ماوەی ساڵانی رابردوودا."
 
لەبارەی کێشەکانی نێوان پارتی و یەكێتیش، نێچیرڤان بارزانی لە وەڵامی پرسیارێکدا گوتی، پەیوەندییەکە "خراپە، بەڵام زۆر زۆر خراپ نییە، ئێستا ئەمڕۆکە ئێمە لێرەین، کۆبوونەوەی یەکێتی و پارتی کراوە، هیوادارم ئەم کۆبوونەوانە بەردەوام بن بۆ ئەوەی بگەین بە ئەنجامێک، بێگومان لەگەڵ یەکتربوون و پێکەوەبوون پێگەی هەرێمی کوردستان لەناوخۆ و دەرەوەش بەهێزتر دەکات."

 

دەقی قسەکانی نێچیرڤان بارزانی و پرسیاری رۆژنامەڤانان:
 
نێچیرڤان بارزانی: سەردانەکەمان بۆ بەرلین لەسەر داوای راوێژکاری ئەڵمانیا بوو. ئەمڕۆ ئێوارە دیدارێکی باشمان هەبوو، لە دیدارەکەدا ئەو بابەتانەی کە هاوبەشبوون لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا، باسکران و هاوکات پەیوەندییەکانی عێراق و ئەڵمانیاش باسکران.
 
ئەوەی کە ئێمە هەستی پێدەکەین، بەرلین و راوێژکاری ئەڵمانیا زۆر پابەندن بە بەرەوپێشبردنی ئەم پەیوەندییانە لەگەڵ عێراق و لەو چوارچێوەیەشدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان. لەم کۆبوونەوەیە ئەو شتانەی جێی بایەخی هەردوولامان بوون باسکران و چۆنیەتی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانمان لەڕووی ئابووری و سیاسییەوە خستە بەرباس و داواشمان لێکرد سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکات، وەکو هەستمانکرد، ئەویش زۆر بە بایەخەوە گرنگی دەدات بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان.

 

پرسیار: حکومەتی عێراق ناڕازیبوونی لە هەندێک پەیوەندیی هەرێمی کوردستان پێشانداوە، ئەمجارەیان تا چ رادەیەک حکومەتی عێراق یارمەتیدەربوو بۆ ئەم پەیوەندییە؟
 
نێچیرڤان بارزانی: لەو سەردانانەی ئێمە بۆ ئەڵمانیا و بەر لەوەی بێین بۆ ئێرەش، ئێمە هاوئاهەنگیمان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەغدا کردووە، لە هەموو کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆشمان باڵیۆزی خۆمان لەگەڵمان بووە و لە هەموو دیدارەکاندا بەشداربووە و وەکو یەک تیم قسەمان کردووە. من تاوەکو ئێستا نەمدیوە بەغدا کێشە بۆ ئەم دیدارانەی هەرێمی کوردستان دروست بکات، جا لەگەڵ هەر لایەنێک بێت.
 
پرسیار: ئێستا دۆخی نێوان پارتی و یەکێتی زۆر خراپە و لە بەغداش هەوڵدەدرێت دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان کەم بکرێتەوە، ئێوە چۆن دەتانەوێ چارەسەری ئەو کێشانە بکەن، لەگەڵ ئەوەش هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کەی دەستپێدەکاتەوە؟
 
نێچیرڤان بارزانی: پەیوەندیی نێوان یەکێتی و پارتی زۆر زۆر خراپ نییە، پەیوەندییەکە خراپە، بەڵام ئەوەندەش زۆر نییە. ئێستا کە ئێمە لێرەین، کۆبوونەوەی یەکێتی و پارتی کراوە و هیوادارین ئەم کۆبوونەوانە بەردەوامبن بۆ ئەوەی ئێمە بگەینە ئەنجامێک. بە دڵنیاییەوە بەیەکەوەبوون پێگەی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە و لە عێراق و بەغداش بەهێزتر دەکات. هەوڵەکانیش هەموو لەو چوارچێوەیەیە کە ئێمە بتوانین لەگەڵ یەکێتی بگەینە لەیەکتێگەیشتن.
 
بابەتی نەوتی کوردستان پرسێکە کە بەشێکی پەیوەندی بە بەغداوە هەیە و بەشەکەی دیکەشی پەیوەندی بە تورکیاوە هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەوەی دەیبینین، زۆر بەداخەوە، لە بەغداوە ئەو هەنگاوانەی کە پێویستە بنرێن بۆ ئەوەی نەوت دووبارە هەناردە بکرێتەوە، تاوەکو ئێستا ئەو هەنگاوانە نەنراون.
 
پرسیار: هاوکاریی پێشمەرگە لەلایەن ئەڵمانیا و ئاوەدانکردنەوەی شنگال و هاوکاریکردنی ئاوارەکان لەلایەن ئەڵمانیاوە تاوەکو ئێستا هەبووە، لەم کۆبوونەوانەدا بڕیاریاندا زیاتری بکەن؟
 
نێچیرڤان بارزانی: ئێمە لەم کۆبوونەوەیەشدا لەگەڵ راوێژکاری ئەڵمانیا سوپاسی هەڵوێستی ئەڵمانیامان کرد. لە کاتە سەختەکاندا ئەڵمانیا پشتگیری هەرێمی کوردستانی لە هەموو روویەکەوە کردووە، لەڕووی سەربازی، مرۆیی و ئابووری. ئەمڕۆش راوێژکاری ئەڵمانیا پێداگری لەوە کردەوە کە پابەندە بەوەی لە هەموو روویەکەوە پشتگیری عێراق و هەرێمی کوردستان بکات. ئەوەی ئەمڕۆ تێیگەیشتین، بەڵێ ئەم پشتگیرییە بەردەوام دەبێت.
 
پرسیار: بۆچی ئەڵمانیا رژدە لەسەر ئەوەی پشتگیری هەرێمی کوردستان بکات، کۆتایی ئەمساڵ وادەی مانەوەی سەربازانی ئەڵمانیا لە عێراق کۆتاییدێت، لەوبارەوە چ هەڵوێستێکیان هەبوو؟
 
نێچیرڤان بارزانی: باسی ئەو پرسە نەکرا، بەڵام وەکو ئاگادارن، پەرلەمانی ئەڵمانیا مانەوەی هێزەکانی ئەڵمانیای درێژکردەوە، ئەمڕۆش کە قسەمان لەگەڵ جەنابی راوێژکار کرد، پێداگریمان لەوە کردەوە کە هێشتا مەترسی داعش لەسەر عێراق ماوە و دووپاتمانکردەوە کە تاوەکو ئێستاش عێراق پێویستی بە پشتگیری نێودەوڵەتیی هەیە لەمبارەیەوە.
 
پرسیار: هەندێک ناکۆکی لەنێوان سوپای عێراقدا هەیە بۆ هەبوونی سوپای ئەمریکا لە عێراق، هەڵوێستی ئێوە وەکو هەرێمی کوردستان چییە و هاوکات لەدوای هەڵبژاردنی تورکیا، ئێستا پەیوەندیتان لەگەڵ ئەو وڵاتە چۆنە؟
 
نێچیرڤان بارزانی: بوونی ئەمریکا لە چوارچێوەی رێککەوتنێکە کە لەگەڵ عێراق کردوویەتی و لەو رێککەوتنە دەرنەچوون. رێککەوتنێکی ستراتیژی هەیە کە لەنێوان عێراق و ئەمریکادا کراوە و لەو چوارچێوەیەدا سوپای ئەمریکا لە عێراقن. باوەڕی ئێمە و باوەڕی بەغدا بە ئێستاشەوە ئەوەیە کە ئێمە پێویستیمان بە هاوکاری نێودەوڵەتی هەیە و لەناویشیاندا ئەمریکاش وەکو هێزێکی هاوپەیمان تاوەکو ئێستا هەموو لایەنێکی عێراقی هاوڕان لەسەر ئەوەی کە ئەو هاوکارییە بەردەوامبێت. لەبارەی تورکیا، بەر لە ئێستا و ئێستاش ئێمە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا باشن و خراپ نین. هیواشمان ئەوەیە پەیوەندیی تورکیا و عێراق رۆژ بە رۆژ بەرەو باشتر بچن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە