رەوشی مۆسکۆ ئاسایی بووەوە؛ وڵاتانی دراوسێ ترسی ڤاگنەریان لێ نیشتووە

26-06-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای چەندین کاژێر لە نائارامی و ئاڵۆزییەکانی رووسیا، رەوشی مۆسکۆ ئاسایی بووەوە و رێوشوێنە ئەمنییە تووندەکان هەڵوەشێندرانەوە. پێچەوانەی ئەوەی مەترسی دەکرا، گۆڕەپانی سوور بە خوێن سوور نەکرا؛ بەڵام وڵاتانی دراوسێی رووسیا ترسی ڤاگنەریان لێنیشتووە.
 
کاروانی چەکە قوورسەکانی ڤاگنەر، دوور لە پایتەختی وڵاتەکە، لە ڤۆرۆنیژ و لوهانسک دەبیندرێن، کە دەگەڕێنەوە سەربازگەکانیان.
 
ئیرینا، گەشتیار لە رووسیا دەڵێت، "تەماشای هەواڵەکانم دەکرد، بەڵام نەترسام، چونکە بڕوامان بە حکومەتەکەمان هەیە کە دەمانپارێزێت."
 
وەزیری بەرگریی رووسیا، ئەو پیاوەی کە یەڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی ڤاگنەر هەڕەشەی لێ دەکرد بەوەی لە گۆڕەپانی سوور هەڵیدەواسێت، بۆ یەکەمین جار دوای یاخیبوونە شکستخواردووەکە، لە سەنگەرەکانی دژی ئۆکراینا دەرکەوتەوە کە هێزەکانی وڵاتەکەی بەسەردەکاتەوە.
 
بەڵام ئەمریکای نەیاری رووسیا، پێیوانییە ئەوانە ئاماژەی کۆتاییهاتنی خراپترین هەڕەشەی ئەمنیی سێ دەیەی رابردووی سەر دەسەڵاتی ڤیلادیمیر پووتین بن.
 
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، "پێموایە ئێمە لە نێوەڕاستی وێنەیەکی جووڵاوداین، هێشتا دیمەنی کۆتاییمان نەبینیوە." ئاماژە بەوەش دەکات، "ئەوە بەرهەڵستکارییەکی روون بوو دژی دەسەڵاتی پووتین. پرسیارگەلێکی زۆری دروستکردووە و درزی گەورە پێشاندەدات."
 
سەرۆکی ڤاگنەر دۆسیە تاوانکارییەکانی سەری هەڵدەوەشێندرێنەوە و دەچێتە بێلاڕووس؛ بەو هۆیەوە وڵاتە دراوسێکانی بێلاڕووس ترسیان لێ نیشتووە و پۆڵەندا سنوورەکەی لەگەڵ بێلاڕووس تووندتر کردووە.
 
سەرۆکی لیتوانیاش داوا لە ناتۆ دەکات، باڵی رۆژهەڵاتی هاوپەیمانییە سەربازییەکە بەهێز بکات، چونکە ترسی لەوە هەیە، کڵاوە ئەتۆمییەکانی رووسیا لە بێلاڕووس بکەونە دەستی ڤاگنەر و هێزەکانی.
 
بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپاش پێیوایە، یاخیبوونی ڤاگنەر نیشانەی ئەوەیە کە شەڕی ئۆکراینا، رووسیای پەرتەوازە کردووە، بۆیە دەبێت رۆیشتنی چەکی رۆژئاوا بۆ ئۆکراینا بەردەوام بێت.
 
جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، "پووتین دڕندەیەکی لە ڤاگنەر دروستکرد. ئێستا دڕندەکە گاز لە خۆی دەگرێت و دژی دروستکەرەکەی دەوەستێتەوە. وا دەردەکەوێت کە سیستمی سیاسی لاواز بووە و هێزی سەربازیش درزی تێکەوتووە."
 
کرێملنیش گومانەکان رەتدەکاتەوە و دەڵێت، هێزەکانی لە شەڕ بەردەوام دەبن تاوەکو هەموو ئامانجەکانیان لە ئۆکراینا بەدەستدەهێنن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. وێنە: Saul Loeb/AFP

ترەمپ: بیر لە هێرشکردنە سەر ئێران دەکەمەوە

دۆناڵد ترەمپ دەڵێ، بیر لە بژاردەی "گورزی سەربازیی سنووردار" بۆ سەر ئێران دەکاتەوە. ئەم هەڕەشە نوێیەی ترەمپ هاوکاتە لەگەڵ جێگیرکردنی هێزێکی گەورەی دەریایی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست