رووداو دیجیتاڵ
چین میوانداریی وەزیرانی بەرگریی ئێران و رووسیای کرد لە شاری چینگداوی کەنار دەریا لە رۆژهەڵاتی وڵات، ئەمەش لە کاتێکدایە وڵاتانی ناتۆش لە لووتکەیەکدا لە ئەورووپا رێککەوتن لەسەر زیادکردنی خەرجییە سەربازییەکانیان.
پەکین ماوەیەکی زۆرە هەوڵ دەدات رێکخراوی هاریکاریی شانگهای (SCO) کە لە 10 ئەندام پێکدێت، وەک هاوسەنگییەک لە بەرامبەر بلۆکە زلهێزەکانی رۆژئاوا نیشان بدات و پاڵپشتیی پتەوکردنی هاریکاریی نێوان وڵاتانی ئەندامی کردووە لە بوارەکانی سیاسەت، ئاسایش، بازرگانی و زانستدا.
کۆبوونەوەی بەرپرسانی باڵای بەرگریی رێکخراوەکە لە چینگداو هاوکاتە لەگەڵ ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و ئێران کە دوای 12 رۆژ لە شەڕی نێوان ئەو دوو دوژمنە سەرسەختە دێت.
هەروەها رۆژێک دوای لووتکەی هاوپەیمانیی ناتۆ لە لاهای بەڕێوەدەچێت، کە تێیدا ئەندامەکان رێککەوتن لەسەر زیادکردنی خەرجییەکانیان لە بواری بەرگریدا بۆ رازییکردنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا.
دۆنگ جون، وەزیری بەرگریی چین، کۆبوونەوەکەی رۆژی پێنجشەممەی بەرپرسانی لە چینگداو، کە بنکەیەکی سەرەکیی هێزی دەریایی چینی لێیە، وەک هاوسەنگییەک بۆ جیهانێکی "پڕ لە ئاڵۆزی و ناجێگیری" ناوبرد.
بە گوێرەی ئاژانسی فەرمیی چین، دۆنگ رۆژی چوارشەممە لە کاتی پێشوازیکردن لە وەزیرانی بەرگریی رووسیا، ئێران، پاکستان و بێلاڕووس رایگەیاندووە: "لە کاتێکدا گۆڕانکارییە مێژووییەکانی سەدە خێراتر دەبن، تاکلایەنی و پارێزگاریکردن لە هەڵکشاندان."
هەروەها هۆشداریشی داوە و دەڵێت: "کردەوەی هەژموونگەرانە، زاڵبوون و ستەمکاری زۆر زیان بە سیستمی نێودەوڵەتی دەگەیێنن."
ئەو داوای لە هاوتاکانی کرد "هەنگاوی خێراتر بنێن بۆ ئەوەی پێکەوە ژینگەی گەشەپێدانی ئاشتییانە بپارێزن."
راجنات سینگ، وەزیری بەرگریی هیندستان، کە ئەویش لە چینگداو ئامادە بوو، رایگەیاند: "ئەندامانی رێکخراوی هاریکاریی شەنگەهای دەبێت بەیەکەوە هەوڵبدەن بۆ بەدیهێنانی خواست و چاوەڕوانییەکانی گەلەکەمان و هەروەها رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی ئەمڕۆ."
سینگ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "ئەو جیهانەی تێیدا دەژین، گۆڕانکارییەکی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت. بەجیهانیبوون، کە سەردەمانێک ئێمەی لێک نزیک دەکردەوە، خەریکە کاریگەریی خۆی لەدەستدەدات."
لە پەراوێزی لووتکەکەدا، ئاندرێی بێلۆسۆڤ، وەزیری بەرگریی رووسیا، لەگەڵ دۆنگ کۆبووەوە و ستایشی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی کرد و گوتی: "پەیوەندییەکان لە ئاستێکی بێوێنەی بەرزدایە."
بێلۆسۆڤ گوتیشی: "پەیوەندییە دۆستانەکانی نێوان وڵاتەکانمان لە هەموو بوارەکاندا گەشەیەکی بەردەوامی بەخۆیەوە بینیوە."
چین خۆی وەک بێلایەن لە جەنگی رووسیا لەگەڵ ئۆکراینا نیشان داوە، هەرچەندە حکومەتەکانی رۆژئاوا دەڵێن پەیوەندییە نزیکەکانی پەکین لەگەڵ مۆسکۆ، پشتگیریی گرنگی ئابووری و دیپلۆماسیی پێشکێشی رووسیا کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ