رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا سەرکۆنەی دادگاییکردنی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەکات بە "تۆمەتێکی هەڵبەستراوی سیاسی" ناوی برد، هاوکات داوای لە دادگەی ئیسرائیل کرد پرۆسەکە هەڵبوەشێنێتەوە یان لە نەتەنیاهوو خۆشبێت.
رۆژی چوارشەممە، 25ـی حوزەیرانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیەڵ نەتەنیاهووی وەک "جەنگاوەرێک" ناوبرد و ستایشی سەرکردایەتییەکەی کرد و ماوەی دەسەڵاتی بە "یەکێک لە مەزنترین ساتەکانی مێژووی ئیسرائیل" ناوبرد.
ترەمپ نووسیویەتی: "من و بیبی پێکەوە بەنێو دۆزەخدا تێپەڕین، لە شەڕدا بووین لەگەڵ دوژمنێکی دێرینەی زۆر سەرسەخت و زیرەکی ئیسرائیل، کە ئێرانە،" و ئاماژەی بەوەش کرد کە لەگەڵ نەتەنیاهوو کاریان کردووە بۆ رێگری لە هەڕەشەیەکی گەورەی ئەتۆمی.
ترەمپ زیاتر باسی نەتەنیاهوو دەکات و دەڵێت، هیچ کەسێک نییە لە ئەو "باشتر، زیرەکتر یان بەهێزتر" بۆ ئیسرائیل.
قسەکانی ترەمپ لەکاتێکدایە، رۆژی دووشەممە نەتەنیاهوو لەسەر تۆمەتەکانی بەرتیل، ساختەکاری، و خیانەت لە دەستپاکی، دووبارە دەچێتە بەردەم دادگە.
نەتەنیاهوو کە هەموو تۆمەتەکانی رەتکردووەتەوە، لە ساڵی 2016ـەوە لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت و پرۆسە فەرمییەکان لە مانگی ئایاری 2020ـەوە دەستیان پێکردووە، ئەمەش یەکەمجارە لە مێژووی ئیسرائیلدا سەرۆکوەزیرانێک، کە لە پۆستەکەیدایە، دادگەیی بکرێت.
لەنێو ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ نەتەنیاهوو، وەرگرتنی دیاری گرانبەهای وەکو جگەرە و شامپانیای تێدایە کە دەگوترێت لە هاوڕێ دەوڵەمەندەکانی وەریگرتوون.
ترەمپ دادگاییکردنەکەی بە "پاڵنەری سیاسی" ناوبرد و سوور بوو لەسەر ئەوەی کە دەبێت هەڵبوەشێنرێتەوە و گوتی: "ئەو [نەتەنیاهوو] و دەوڵەتی ئیسرائیل شایەنی زۆر لەوە باشترن و نابێت رێگە بەم گاڵتەجاڕییەی دادپەروەری بدرێت."
سەرۆکی ئەمریکا ستایشی پەیوەندییەکانیشی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کردووە و دەڵێت، "کەس ناناسم بتوانێت باشتر لە نەتەنیاهوو بە رێکخستنێکی باشتر لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، واتە من، کار بکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ