رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای گووگڵ لە لایەن دادگەوە ناچار دەکرێ 12 هەزار و 500 دۆلار بە پیاوێکی خەڵکی ئەرجەنتین بدات، چونکە کاتێک پیاوەکە بە رووتی لە نێو حەوشەی خانووەکەی راکشاوە، کامێرای بەرنامەی گووگڵ ستریت وێنەی گرتووە.
لە وێنەکەدا پیاوەکە پشتی لە کامێرایە. دوای ئەوەی وێنەکە بڵاوبووەوە، لە ئینتەرنێت هەرای نایەوە و خەڵكێکی زۆر قسەیان لەبارەوە کرد، زۆربەیان گاڵتەئامێزانە.
پیاوەکە کە پۆلیسە، کۆمپانیا ئەمریکییەکەی تۆمەتبار کرد بەوەی شکۆی لەکەدار کردووە و داوای قەرەبووی لێ کرد.
پیاوەکە بە دادگەی راگەیاند، ساڵی 2017 لە شارۆچکەیەکی بچووکی ئەرجەنتین، لە حەوشەی ماڵەکەی بووە کە دیوارەکەی نزیکەی دوو مەتر بەرزە، بەڵام لە کامێرای گووگڵ ستریت رزگاری نەبووە.
گووگڵ ستریت کە تایبەتە بە نیشاندانی وێنەی شەقامەکان، پشت بەو ئۆتۆمبێلانە دەبەستێت کە لەسەریان کامێرا دانراوە بۆ ئەوەی وێنەی چواردەوری خۆیان بگرن.
ئەوەی کە دۆخی گووگڵی لە دادگە خراپتر کرد، ئەوە بوو کە ژمارەی خانوو و ناوی شەقامەکەیشی نەشاردبووەوە.
تەلەڤزیۆنی ئەرجەنتین و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش وێنەی پیاوە رووتەکەیان بڵاوکردەوە.
پیاوەکە دەڵێت، بەهۆی ئەوەوە لە سەرکار و لەنێو دەرودراوسێدا گاڵتەی پێ کراوە و قسەی ناخۆشی بەرامبەر کراوە.
پاریش پیاوەکە لە دادگەیەکی دیکە سکاڵای تۆمار کرد، بەڵام دادگەکە وەرینەگرت و رایگەیاند، دەبێت سکاڵاکارەکە تەنیا گلەیی لە خۆی بکات "چونکە بە شێوەیەکی نەشیاو چووەتە نێو باخچەی ماڵەکەی."
وەک بەرگریکردنێک لە کۆمپانیاکەی، گووگڵ بە دادگەی گوت، دیواری حەوشەی ماڵەکە وەک پێویست بەرز نەبووە.
بەڵام دادوەرانی دادگەی تێهەڵچوونەوەی ئەرجەنتین گەیشتنە ئەو بڕوایەی کە شکۆی پیاوەکە پێشێل کراوە و دەبێت گووگڵ 12 هەزار و 500 دۆلار وەک قەرەبوو بە پیاوەکە بدات.
دادوەران لە بڕیارنامەکەیاندا دەڵێن: "لێرەدا وێنەی کەسێک هەیە کە لە شوێنێکی گشتی نەگیراوە، بەڵکو لەنێو ماڵەکەی بووە، لە پشت دیوارێکەوە. بەزاندنی تایبەتمەندێتیی کەسەکە، بە زەقی دیارە."
دادوەران هەروەها دەڵێن، گووگڵ هیچ پاساوێکی نییە بۆ خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتیی "ئەم هەڵە گەورەیە.".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ