رووداو دیجیتاڵ
لە رووبەڕووبوونەوەیەکی گەورەی نێوان 'سلیکۆن ڤاڵی' و برۆکسلدا، کۆمپانیای مێتا دەڵێت، لە مانگی 10ی 2025ـەوە هەموو بانگەشەیەکی سیاسی لە رێگەی ئەپلیکەیشنەکانیەوە لە یەکێتیی ئەورووپا قەدەخە دەکات. ئەم هەنگاوە کاریگەریی لەسەر ملیۆنان بەکارهێنەری 27 وڵاتی یەکێتییەکە دەبێت، وەڵامێکی راستەوخۆیە بۆ یاسای نوێی یەکێتیی ئەورووپا سەبارەت بە شەفافیەت و ئاراستەکردنی ریکلامی سیاسی (TTPA)، یاسایەک کە مێتا بە "نەگونجاو بۆ جێبەجێکردن" و "لەڕووی یاساییەوە بێ بنەما" ناوی دەبات.
کۆمپانیا زەبەلاحەکەی تەکنەلۆجیا کە خاوەنی فەیسبووک، ئینستاگرام و وەتسئەپە، دەڵێت، "ئەمە بڕیارێکی سەختە." ئاماژە بەوەش دەکات، یاسای TTPA کۆمەڵێک مەرجی زۆر قورس دەسەپێنێت بەسەر پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان و ریکلامکەراندا، ئەوەش "ئاستێکی بەرزی ئاڵۆزی و نادڵنیایی یاسایی دروستدەکات و جێگەی قبووڵکردن نییە."
تی تی پی ئەی بەشێکە لە هەوڵە فراوانەکانی یەکێتیی ئەورووپا بۆ کۆنترۆڵکردنی کاریگەریی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی تەکنەلۆجیا لەسەر پرۆسە دیموکراسییەکان و هەوڵ دەدات پلاتفۆرمەکان ناچار بکات کە سەرچاوە، پارەدارکردن، ئاراستەکردن و ریکلامە سیاسی و بابەتە کۆمەڵایەتییەکان بە روونی ئاشکرا بکەن.
کاریگەریی بڕیارەکە
ئەم قەدەخەکردنە دیمەنی سیاسی لە ئەورووپا دادەڕێژێتەوە، بەتایبەتی لەپێش هەڵبژاردنە گرنگەکانی وەک هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپا و هەڵبژاردنە نیشتمانییەکانی وڵاتانی وەک ئەڵمانیا و هۆڵەندا.
پارتە سیاسییەکان و بەربژێرەکان کە پشتیان بە پلاتفۆرمەکانی مێتا بەستووە بۆ گەیشتن بە دەنگدەرە گەنجەکان و ئاشنا بە تەکنەلۆجیا، ئیدی ئامرازێکی گرنگی هەڵمەتی هەڵبژاردن لەدەستدەدەن.
قەدەخەکردنەکە سەرجەم بەرهەمەکانی مێتا دەگرێتەوە، لەوانە فەیسبووک و ئینستاگرام، و ئەگەری هەیە وەتسئەپیش بگرێتەوە کە ئێستا خەریکی تاقیکردنەوەی تایبەتمەندیی نوێی ریکلامە.
ئەنجامەکەشی بریتی دەبێت لە دروستبوونی کەلێنێکی گەورە لە هەڵمەتی دیجیتاڵی، لە کاتێکدا زیاتر لە 70٪ـی هاووڵاتیانی یەکێتیی ئەورووپا بۆ زانیاریی سیاسی پشت بە سۆشیاڵ میدیا دەبەستن.
ئەورووپا دوای کەیسی ئابڕووبەری کەیمبریج ئانالیتیکا
یاسای TTPA یەکێکە لە رێوشوێنەکانی یەکێتیی ئەورووپا تایبەت بە کەیسی ئابڕووبەری کەیمبریج ئانالیتیکا کە تێیدا داتای ملیۆنان بەکارهێنەری فەیسبووک بۆ دەستوەردانی سیاسیی ورد و ئاراستەکراو بەکارهێندرا، بەتایبەتی لە کاتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە ساڵی 2016 و گشتپرسیی برێگزیتدا.
برۆکسل دەڵێ، ئەم یاسا نوێیە بۆ گەڕاندنەوەی متمانەی گشتییە بە ریکلامی دیموکراسی.
بەڵام مێتا بە پشتیوانیی ئیدارەی ترەمپ، بە تووندی دژی دەوەستێتەوە و دەڵێت، یاساکە گوتاری سیاسی کپ دەکات و دەرگا بۆ سانسۆر دەکاتەوە.
مارک زۆکێربێرگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری مێتا پێشتر یەکێتیی ئەورووپای بەوە تۆمەتبار کردبوو کە یاساکان وەک چەک بەکاردەهێنێت و سزاکانیش وەک "باجی دیجیتاڵی" سەیر دەکات.
کۆمپانیا زەبەلاحەکانی تەکنەلۆجیا بەرامبەر ئەورووپا؛ شەڕ رۆژ دوای رۆژ تووندتر دەبێت
مێتا بە تەنیا نییە. گووگڵیش رایگەیاندووە کە لە مانگی 10ی 2025ـەوە بانگەشەی سیاسی لە رێگەی ئامرازەکانییەوە لە یەکێتیی ئەورووپا قەدەخە دەکات، ئەوەش بەهۆی نیگەرانیی هاوشێوەوە، بەتایبەتی لەبەر نادڵنیایی یاسایی و قورسبوونی جێبەجێکردنی یاساکانی ئەورووپا.
ئەم هەنگاوە ئاماژەیە بۆ شەڕێکی گەورەتری کەرتی تەکنەلۆجیا دژی ژینگەی یاسایی یەکێتیی ئەورووپا کە پێشتر بووەتەهۆی:
• سزایەکی 200 ملیۆن یۆرۆیی بەسەر مێتا لە مانگی چوار بەهۆی پێشێلکردنی یاساکانی بەکارهێنانی داتای کەسی.
• چاودێریکردنی مێتا لەلایەن یەکێتی ئەورووپاوە بە بەردەوامی لە چوارچێوەی "یاسای خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان" (DSA) کە یاسایەکی گشتگیری یەکێتیی ئەورووپایە بۆ رێکخستنی نێوەڕۆک.
• هەڕەشەی سزای رۆژانە، ئەگەر مێتا مۆدێلی داتای بەکارهێنەری "پارە بدە یان رەزامەندی دەرببڕە" نەگۆڕێت کە بەکارهێنەران ناچار دەکات یان چاودێریکردن پەسند بکەن یان پارە بدەن بۆ بەکارهێنانی بێ ریکلام.
کاریگەرییەکەی بڕیارەکەی مێتا لەسەر ناوچەکانی دیکەی جیهان
شارەزایان هۆشداری دەدەن کە ئەم رووبەڕووبوونەوەیە رەنگە بگوازرێتەوە بۆ دیموکراسییەکانی دیکەش، چونکە وڵاتانی وەک کەنەدا، بەرازیل، هیندستان و ئوسترالیا بە وردی چاودێریی ئەوە دەکەن کە یەکێتیی ئەورووپا چۆن شەفافیەتی سیاسی جێبەجێ دەکات.
ئەگەر مێتا و گووگڵ قەدەخەکردنی هاوشێوە لە شوێنەکانی دیکەش بسەپێنن، ئەوا رەنگە پێناسەی هەڵمەتی دیجیتاڵی لەسەرتاسەری جیهاندا بگۆڕدرێت.
یەکێتیی ئەورووپا شەفافیەتی دەوێت و مێتاش ئەوە وەک رۆتینێکی ئاڵۆز دەبینێ. ئەنجامەکەی ئەوەیە کە گەورەترین پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکانی جیهان، ئەورووپا بۆ بانگەشەی سیاسی بێ کەڵک دەبینن.
گرەوەکە زۆر گەورەیە، نەوەک تەنیا بۆ بەشداربووانی بانگەشەکان، بەڵکو بۆ داهاتووی چۆنیەتیی کارکردنی دیموکراسییەکان لە سەردەمی دیجیتاڵیدا.
مێتا لە چارەکی یەکەمی ئەم ساڵدا مانگانە نزیکەی 4 ملیار بەکارهێنەری چالاکی هەبووە؛ رۆژانە 3.35 ملیۆن کەس پلاتفۆرمەکانی بەکاردەهێنن.
مێتا لە 2024 دا داهاتی 164 ملیار دۆلاری هەبووە و پوختەی قازانجی 62 ملیار دۆلار بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ