رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی هیندستان پیاوێکی دەستگیرکرد کە تۆمەتبارە بەوەی باڵیۆزخانەیەکی ساختەی لە خانوویەک لە نزیک نیودەلهی داناوە و بە بەڵێنی دامەزراندنیان لە دەرەوەی وڵات، فێڵی لە کارخوازان کردووە و پارەی لێسەندوون.
پۆلیسی ناوخۆی هیندستان رایگەیاند، هارش ڤاردان جەین، کە تەمەنی 47 ساڵە، "باڵیۆزخانەی ساختەی جەمسەری باکووری رۆژئاوا"ی لە خانوویەکی بەکرێدا لە غازیئاباد لە هەرێمی ئوتار پرادیش بەڕێوەبردووە.
پۆلیس ئاماژەی بەوەشکرد، جەین بانگەشەی ئەوەی کردووە کە باڵیۆزی وڵاتانی وەک "جەمسەری باکووری رۆژئاوا، سابۆرگا، پۆلڤیا و لۆدۆنیا"یە، کە ئەمانە تەنیا ناوی وەهمی و ساختەن.
گوتیشی، بۆ پشتڕاستکردنەوەی بانگەشەکانی، ئۆتۆمبێلی بە تابلۆی دیپلۆماسیی ساختەوە بەکارهێناوە و وێنەی ساختەی خۆی لەگەڵ سەرکردەکانی هیندستان بڵاوکردووەتەوە.
پۆلیس لە راگەیێنراوێکدا گوتی، "چالاکییە سەرەکییەکانی بریتی بوون لە کارکردن وەک نێوەندگیرێک بۆ دابینکردنی هەلی کار لە وڵاتانی بیانی بۆ کۆمپانیا و تاکەکەکان، جگە لە بەڕێوەبردنی تۆڕێکی حەواڵەی نایاسایی لە رێگەی کۆمپانیای ساختەوە."
هەروەها تۆمەتباریشە بە سپیکردنەوەی پارە.
پۆلیس رایگەیاند، لە کاتی پشکنینی ماڵی جەیندا، دەستیان بەسەر 53 هەزار و 500 دۆلاردا گرتووە، لەگەڵ پاسپۆرتی ساختە و بەڵگەنامەی ساختە کە مۆری وەزارەتی دەرەوەی هیندستانیان پێوەبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ