ئوتکین؛ ئەو فەرماندەیەی ڤاگنەری بەناوەوە کرا

26-08-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بە بیستنی ناوی ڤاگنەر، یەڤگینی پریگۆژینمان دێتەوەبیر، کە خاوەنی کۆمپانیا سەربازییە تایبەتەکە بوو، بەڵام ئەوەی کە لە گۆڕەپانی جەنگدا فەرماندەیی چەکدارەکانی دەکرد، کەسێکی دیکە بوو کە گرووپەکە هەر بە ناوی ئەوەوە کراوە. 
 
وێنەیەکی دەگمەنی فەرماندە سەربازییەکە هەیە کە پێشانی دەدات پیاوێکی سەرتاشراوە، هیچ بزە و هەستێک بە سەروسیمایەوە نییە و هێمای SSی نازییەکان لەسەر هەردوو تەنیشتەکانی ملی بە تاتۆ نەخشاندووە. 
 
ئەو فەرماندەیە ناوی دیمیتری ئوتکینە، کە جەنگاوەرێکی کۆنی یەکەی هەواڵگریی سوپای رووسیا بوو؛ دەگوترێت لە فڕۆکەکەدا لە تەنیشت یەڤگینی پریگۆژیندا بووە پێش ئەوەی رۆژی چوارشەممە لە باکووری مۆسکۆ تێکبشکێت و هەموو سەرنشینەکانی گیان لەدەستبدەن. 
 
ئەم کۆنە سەربازە، کە کەمی لەبارەوە دەزانرێت، میدیای رووسیا بە فەرمی و نافەرمییەوە، لە ساڵی 2015 وەکو "فەرماندەی" ڤاگنەر ناویان دەبرد.  
 
ئەو کاتە کرێملن رەتیدەکردەوە هیچ پەیوەندییەکی بە گرووپە چەکدارەکەوە هەبێت، کە لە ئۆکراینا و سووریا بۆ بەرگریکردن لە هاوپەیمانەکانی مۆسکۆ، شەڕی دەکرد. 
 
دواتر، لە کانوونی یەکەمی 2016، ئوتکین لە وێنەیەکدا دەرکەوت، کە لە رێوڕەسمی پێشوازیکردنی کرێملن لە "پاڵەوانەکان"ی شەڕی سووریا، لە تەنیشت ڤیلادیمیر پووتینەوە وەستابوو.  
 
ماوەیەکی کەم دوای ئەوە، ئێلینا شێربینینا، هاوژینی پێشووی فەرماندەکە، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای رووسیا گوتی، ئاگای لە ئوتکین نەماوە و ناتوانێت بیبینێت.  
 
بە قسەی هاوژینەکەی، ئوتکین لە ساڵی 1970 لەدایکبووە و لە جەنگەکانی چیچاندا لە ریزی سوپای رووسیادا شەڕی کردووە. بە گوێرەی ماڵپەڕی dossier.center کە گەورە بازرگانێکی دژبەری کرێملن بە ناوی میخائیل خۆدۆرکۆسڤکی خاوەندارێتی دەکات، ئوتکین لە ساڵی 2012 سوپای جێهێشتووە و دواتر کۆمپانیایەکی تایبەتی ئەمنی داناوە. 
 
شێربینینا بە میدیای رووسی گوتبوو، ئوتکین بەلایەوە سەخت بووە لە شەڕوشۆڕی گۆڕەپانی جەنگ دووربکەوێتەوە. شێربینینا ئەوکات گوتی، "راهاتن بۆ ئەو زۆر زەحمەت بوو. ئەو بە دوورکەوتنەوە لە شەڕ زۆر بێزاربوو. دەیویست وەکو فەرماندەیەکی شەڕ، کارێکی سەربازی بکات، نەک لە بارەگایەک لە شوێنێک دابنیشێت و هیچ نەکات." 
 
چیرۆکە گوماناوییەکەی ڤاگنەر
 
روون نییە کە ئوتکین چۆن پریگۆژینی ناسی و چۆن ئەو شتەیان لە دەوروبەری ساڵی 2014 دامەزراند کە دواتر وەکو گرووپی ڤاگنەر ناوی دەرکرد، بەڵام بڕیاردرا کە ئەو ناسناوەی ئوتکین پێی دەناسرایەوە، بکرێتە ناوی گرووپەکە، کە ئەویش ڤاگنەر بوو. 
 
ئەدۆڵف هیتلەر، هەوادارێکی سەرسەختی ریچارد ڤاگنەر، میوزسیانی ئەڵمانی بوو و زۆر لە لێکۆڵینڤانان پێیانوایە ئەم ناسناوە ئاماژەیەکی دیکەی خۆشەویستیی ئوتکین بووە بۆ نازییەکان. 
 
هەروەها چەندین چەکداری ڤاگنەر هەڵگری هێما و تاتۆی گوزارشتکەر لە رایخی سێیەم (ئەڵمانیای سەردەمی هیتلەر) بوون. ساڵی 2014، گرووپی ڤاگنەر لە هەرێمی دۆنباسی رۆژهەڵاتی ئۆکراینا جێگیرکرا، کە لەوێ مۆسکۆ پشتیوانی لە جوداخوازە رووسزمانەکانی دژی کیێڤ دەکرد. 
 
کرێملن لە لایەک پێویستی بەوە بوو هەندێ چەکداری لە بەرەکانی پێشەوە هەبێت کە بتوانێت متمانەیان پێ بکات و لە لایەکی دیکەشەوە دەیویست بتوانێت نکۆڵی لە هەبوونی سەربازانی رووسی لەنێو خاکی ئۆکراینادا بکات؛ ڤاگنەر چارەسەرەکە بوو.
 
ئوتکین، وەکو دەستەڕاستی پریگۆژین، ئەرکی فەرماندایەتیکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی ڤاگنەری پێ سپێردرا. هەرچی پریگۆژین بوو، کە لە نەوەدەکانی سەدەی رابردووەوە پووتینی ناسیبوو، ئەرکی بەڕێوەبردنی کاروباری دارایی و رێکخستنی پەیوەندییەکان لەگەڵ حکومەتی رووسیای لەئەستۆگرت. هەموو کارێکی گرووپەکە، بە نهێنی بەڕێوەدەبرا. 
 
ڤاگنەر لە ماوەی کەمتر لە 10 ساڵدا گەشەی کرد و پریگۆژین و ئوتکینیش لە سەرانسەری جیهان ناوبانگیان دەرکرد. 
 
"بەهۆی ناپاکیکارەکان" مرد
 
ئەوان لە کارکردن بەردەوام بوون، بەڵام لە تاریکیدا. هەر شوێنێکیش بۆی رۆیشتبان، لەوانەش کۆماری نێوەڕاستی ئەفریقا، لیبیا، سووریا و ئۆکراینا، بە پێشێلکاری و تاوانی جۆراوجۆر تۆمەتبار دەکران.
 
سەرەتا، هێرشی سوپای رووسیا بۆسەر ئۆکراینا، کە شوباتی 2022 دەستیپێکرد، هیچ شتێکی سەبارەت بە ڤاگنەر نەگۆڕی، بەڵام کە پاییزی 2022، سوپای رووسیا لە رۆژهەڵات و باشووری ئۆکراینا کشایەوە، ناوبانگی پریگۆژین تەقییەوە. 
 
دوای ساڵانێک لە نکۆڵیکردن، پریگۆژین دانی بەوەدا نا کە شتێک هەیە بە ناوی ڤاگنەر و لەو کاتەوە دەستیکرد بە راکێشانی هەزاران ئەندام بۆ نێو ریزەکانی گرووپەکەی، کە بەشێکیان تاوانکارانی نێو زیندانەکانی رووسیا بوون، بۆ ئەوەی لە بەرامبەر ئازادی، لە بەرەکانی پێشەوە شەڕ بکەن. 
 
ڤاگنەر سەرکێشیی هێرشی سەر باخمووتی کرد و کەوتە تووندترین شەڕی خوێناویی دەستەویەخەی کۆڵان بە کۆڵان لەگەڵ هێزەکانی ئۆکراینا، کە ئێستاشی لەگەڵ بێت، کیێڤ دەستبەرداری شارۆچکەکە نەبووە. ڤاگنەر لەو شەڕەدا وەکو بەهێزترین و لێهاتووترین هێزی رووسی لە شەڕی ئۆکراینادا دەنگی دایەوە، دوای ئەوەی کە ئاڵای رووسیای لە ناوەندی شارەکەدا چەقاند.  
 
ئوتکین دوور لە چاوەکان مایەوە، لە هیچ ڤیدیۆیەکدا دەرنەدەکەوت و هیچ شتێکی لە تێلیگرام بڵاونەدەکردەوە، پێچەوانەی پریگۆژین کە زوو زوو دەردەکەوت و جەنەڕاڵەکانی دەوری پووتینی دەدایە بەر رەخنە و جنێونبارانی دەکردن.  
 
بڕوادەکرێت کە ئوتکینیش لە یاخیبوونە تەمەنکورتەکەی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ دژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا بەشداربووبێت، کاتێک کە ڤاگنەر دەستی بەسەر بارەگەیەکی فەرماندەیی سوپای رووسیادا گرت و بەر بە مۆسکۆ کەوتەڕێ بۆ ئەوەی کۆتایی بە ژیانی وەزیری بەرگری و سوپاسالاری وڵاتەکە بێنێت. 
 
ئێستا و لە دوای تێكشکانی فڕۆکەکە، لەو شوێنانەی کە یادیان دەکرێتەوە، سیمای ئوتکین لەگەڵ سیمای پریگۆژین دەبینرێت و لە کەناڵەکانی تێلیگرایمش پێیدا هەڵدەدرێت. 
 
زۆر لە شارەزایانی کاروباری رووسیا پێیانوایە ئەوەی بەسەر سەرانی ڤاگنەردا هات، کوشتنی بەمەبەست بووە، چونکە پووتین یاخیبووەکانی بە ناپاکیکار ناوبردبوو. 
 
کەناڵێکی سەربە ڤاگنەر لە دوای تێكشکانی فڕۆکەکە بڵاویکردەوە کە "دیمیتری ڤالێریڤیچ ئوتکین قارەمانێکی رووسیا بوو؛ چوار جار میدالیای ئازایەتیی پێ بەخشرابوو و بە ناسناوی ڤاگنەر بۆ جیهان ناسراو بوو. ئەو بەهۆی ئەو کەسانەوە گیانی لەدەستدا کە ناپاکییان لە رووسیا کرد". 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە