ترەمپ دەڵێت دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەورووپییەکان قسەی لەگەڵ پووتین کردووە

26-08-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، دوای کۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی لە واشنتن لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا و سەرکردە ئەورووپییەکان، قسەی لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا کردووە. 
 
دواین جار کە زانرابێت ترەمپ قسەی لەگەڵ پووتین کردبێت، رۆژی 18ـی ئاب بوو، کاتێک لە کۆشکی سپی گفتوگۆکانی لەگەڵ زیلینسکی و ئەورووپییەکان بڕی بۆ ئەوەی پەیوەندی بە سەرۆکی رووسیاوە بکات. 
 
رۆژی دووشەممە، 25ـی ئابی 2025، ترەمپ لە کۆشکی سپی کاتێک لێی پرسی ئایا لەو کاتەوە قسەی لەگەڵ پووتین کردووە، بە رۆژنامەنووسانی گوت، "بەڵێ، کردوومە".
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە دوایین گفتوگۆکان، ترەمپ گوتی: "هەموو گفتوگۆیەک کە لەگەڵیدا دەیکەم گفتوگۆیەکی باشە. پاشان، بەداخەوە، بۆمبێک لە کیێڤ یان شوێنێکی دیکە دەتەقێتەوە و من لەسەر ئەوە زۆر تووڕە دەبم."
 
ترەمپ لە 15ـی ئابدا لووتکەیەکی مێژوویی لەگەڵ پووتین لە ئەلاسکا ئەنجامدا بۆ ئەوەی رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا بکرێت. 
 
دوای پەیوەندییەکەی پێشوویان لە 18ـی ئاب، ترەمپ رایگەیاندبوو کە پووتین رەزامەندیی دەربڕیوە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵی لەگەڵ زیلینسکی، بەڵام مۆسکۆ لەو کاتەوە رایگەیاندووە، هیچ پلانێک بۆ گفتوگۆیەکی لەمشێوەیە نییە. 
 
کاتێک لێی پرسی بۆچی پووتین دوودڵ دیارە بۆ ئەوەی رووبەڕوو لەگەڵ زیلینکسی کۆببێتەوە، ترەمپ گوتی، "چونکە حەزی لێی نییە".
 
سەرۆکی ئەمریکا هێشتا باوەڕی وایە رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی رووسیا لەسەر ئۆکراینا لە ئارادایە و دەشڵێت، "پێموایە جەنگەکە کۆتایی پێدەهێنین".
 
دوای گفتوگۆکان لەگەڵ زیلینسکی و ئەورووپییەکان، مارکۆ رووبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رەزامەندیی دەربڕی لەسەر بەردەوامیدان بە گفتوگۆکان لەنێوان هاوپەیماناندا بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک لە داهاتوودا.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، رووبیۆ رۆژی دووشەممە لە پەیوەندییەکی هاوبەشدا قسەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا و هاوتاکانی لە بەریتانیا، فەرەنسا، فینلاند، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، پۆڵەندا و یەکێتیی ئەورووپا کردووە.
 
تۆمی پیگۆت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتی، وەزیرەکان رێککەوتوون لەسەر "بەردەوامیدان بە هاوئاهەنگی لە هەوڵە دیپلۆماسییەکاندا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی رووسیا- ئۆکراینا."
 
ئەنتۆنیۆ تایانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا، کە حکومەتە راستڕۆکەی هەوڵیداوە بۆ ئەوەی ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی رێکبخات، دیسان داوای گەرەنتیی بۆ ئۆکراینا کرد کە لە بەڵێنی بەرگریی هاوبەشی ناتۆوە وەرگیرابێت.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دەرەوە، تایانی "جەختی لە گرنگیی گەرەنتیی ئەمنیی کۆنکرێتی و باوەڕپێکراو بۆ ئۆکراینا کردەوە، بەتایبەتی لە بەهێزکردنی هێزە چەکدارەکانی ئۆکراینا و پیشەسازیی بەرگرییەکەیدا".
 
گوتیشی ئیتاڵیا ئامادەیە بەشداری بکات لە ئۆپەراسیۆنەکانی هەڵگرتنەوەی مین لە وشکانی و دەریادا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە