رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی میسر لە راوەدوونان و گوشار دروستکردنی زیاتر بۆ سەر رێکخراوی ئیخوان موسلمین بەردەوامە و لە دوای دەستگیرکردنی ئەمینداری گشتی ئەو حیزبە، لەلایەن دەزگا ئاسایشییەکانی میسرەوە، دادگاکانی میسر جارێکی دیکە دۆسێی گەندەڵی و کارە نایاساییەکانی ئەو رێکخراوە و سەرکردەکانیان هەڵدایەوە. دادگایەکی قاهیرەی پایتەختی میسر، هەفتەی پێشوو داوای دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی 89 سەرکردەی ئەو حیزبە ئیسلامییەی دەرکرد.
ئیخوان موسلمین کە لە سەرەتاکانی چارەکی یەکەمی سەدەی رابردوودا، لەلایەن حەسەن بەنناوە دامەزراوە، ئیلهام لە نووسینەکانی سەید قوتب وەک ئایدۆلۆژیای سەرەکی رێکخراوەکە وەردەگرێت، ئێستا لق و پۆپی لە زۆرینەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیدا هەیە. مێژووی ئەو رێکخراوە، مێژوویەکی پڕ نهێنی و کاری ژێرزەمینی بووە. لە دوای لێسەندنەوەی دەسەڵاتی میسرەوە لەو رێکخراوە، نهێنییەکانی بزنس و کاری نهێنی و نایاسایی رێکخراوەکە، تادێت زیاتر دەبێت.
سەرکردەکانی ئیخوان موسلمین تەنیا بەکاری "نایاسایی" تۆمەتبار ناکرێن، سەرچاوە دادگاییەکانی میسر کە ناوە ناوە بڕیاری دەستگرتن بەسەر موڵک و ماڵی سەرکردەکانی رێکخراوەکەدا رادەگەیەنن، ئەو سەرکردانەی ئیخوان بە پشتگیری تیرۆر و شانەی چەکداری و کوشتن لە نێو میسردا تۆمەتبار دەکەن.
89 سەرکردەی دیکە
میدیاکانی میسر، رۆژی 17ی ئەم مانگە، وردەکاری نوێترین بڕیاری دادگای میسریان، بۆ دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی سەرکردەکانی ئیخوان بڵاوکردەوە، کە داوای دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵ و پارەی ئەو سەرکردانە دەکات. لە نێو لیستی تۆمەتبارکردنەکەدا، دادگا ناوی چەندین سەرکردەی رێکخراوەکەی راگەیاندووە کە لە کاری نایاساییەوە گلاون، لەوانەش محەممەد بەدیع، مورشیدی ئیخوان، خەیرەت شاتر، جێگری مورشید، ماڵبات و کوڕەکانی محەممەد مورسی، سەرۆکی کۆچکردووی میسر، موفتی کۆمەڵەکە بەناوی عەبدولڕەحمان بر، هەروەها ئەحمەد دیاب، وەزیری پێشووی دابەشکردنی خۆراکی وڵاتەکە و چەندین بەرپرسی دیکە، کە کۆی ژمارەی هەموویان 89 کەسایەتیی حیزبەکەیە. لە نێو ئەو کەسانەدا کە دادگاکە، داوای دەستبەسەرداگرتنی ماڵوموڵکیان دەکات، میراتگرەکانی محەممەد مورسی، سەرۆکی پێشووی میسر هەن کە بریتین لە هاوسەرەکەی و منداڵەکانی.
وردەکاریی موڵکە تایبەتەکان
دادگای قاهیرە، وردەکاریی موڵک و ماڵی بەرپرسەکانی ئیخوانی ئاشکراکردووە و تێیدا دەرکەوتووە، ئەو سەرکردانەی رێکخراوەکە خاوەنی چەندین کۆمپانیا و سەرچاوەی جیاوازی بزنسن.
کەناڵی 'عەرەبییە' و 'عەرەبییە نێت' لە لێکۆڵینەوەیەکدا، وردەکاری ماڵ و موڵکی بەرپرسەکانیان ئاشکرا کردووە و بۆیان دەرکەوتووە، خەیرەت شاتر، جێگری مورشیدی ئیخوان، خاوەنی کۆمپانیا سەلسەبیل بووە بۆ خزمەتگوزارییەکانی کۆمپیوتەر، هەروەها کۆمپانیای زاد بۆ بازرگانیی پارچەکاری، جیا لەوەی کە پشکێکی زۆری لە کۆمپانیای سەنابل، بۆ بازرگانی و شەهاب بۆ ئۆتۆمبێل و سیوە بۆ چاکسازی زەویوزار هەبووە، جیا لەوانە، ناوبراو خاوەنی ژمارەیەک قوتابخانەی تایبەت بووە.
لێکۆڵینەوەی ئەو دوو کەناڵە، هەروەها ئاشکرایکردووە ئەحمەد عەبدولعاتی، بەڕێوەبەری نووسینگەی محەمەد مورسی، سەرۆکی پێشووی میسر و ئەمینداری کۆچکردووی ئیخوان، خاوەنی پشک بووە لە کۆمپانیایەکی دەرمان و کۆمپانیایەکی دیکەی کەرەستەی پزیشکی لە وڵاتانی عەرەبی. هەرچی ئەسعەد شێخە، سەرکردەی حیزبەکە و برازای محەممەد مورسییە، پشکی لە کۆمپانیای بیناسازیی میسردا هەبووە. لە کۆمپانیایەکی گەورەی دەرماندا پۆستی هەبووە بە مووچەی گەورە کە خاوەنەکەی ئەحمەد عەبدولعاتی بووە.
محەممەد غەزلان، ئەندامی نووسینگەی رێنوێنی ئیخوان، پشکی لە کۆمپانیای پرۆژە کشتوکاڵییەکان هەبووە بە ناوی واحە، جیا لە سەرپەرشتیکردنی چەند پرۆژەیەکی تایبەتی بیناسازی کە سەر بە حیزبەکە بووە. لە بەرامبەردا حوسام ئەبوبەکر، ئەندامی نووسینگەی رێنوێنی ئیخوان، خاوەنی کۆمپانیایەکی دروستکردنی نهۆمبڕەکان بووە. هەرچی موحسین رازی سەرکردەی حیزبەکەیە، گرووپی قوتابخانەکانی 'فەتح'ی لە شاری قلیوبیە هەبووە، ئەمە جیا لە کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنانی سینەمایی. خالید قەزازیش، کە کوڕی عەدلی قەزازی سەرکردەی حیزبەکەیە، چەندین قوتابخانەی تایبەتی لە ناوچەی موقەتەم هەبووە.
کۆمپانیاکانی خانووبەرە
'عەرەبیە نێت' لە لێکۆڵینەوەی زیاتردا لەسەر بزنسی سەرکردەکانی ئیخوان ئاشکرایکردووە کە مەمدوح حوسەینی، ئەندامی نووسینگەی رێنوێنی و مورشیدی نهێنی حیزبەکە لە قاهیرە، خاوەنی چەند کۆمپانیایەکی خانووبەرەیە و هاوبەشە لە کۆمپانیای مەدائن، بۆ دیزاینی بیناسازی لەگەڵ ئەحمەد شوشە، سەرکردەی حیزبەکە کە کۆمپانیایەکی گواستنەوەی زەوینی و کۆمپانیایەکی چاپی هەیە.
هەرچی سەعد حوسەینی، ئەندامی نووسینگەی رێنوێنییە، خاوەنی کۆمپانیای حیجازە بۆ بەکارخستنی پارە، هەروەها رەشاد مەتینی، سەرکردەی هەمان حیزب، کە پێشتر وەزیری گواستنەوە بووە، نووسینگەیەکی راوێژی ئەندازەیی هەیە و هاوبەشە لەگەڵ دکتۆر عەمرو دەراج، وەزیری پێشووی هاریکاری نێودەوڵەتی و پلاندانان کە ئێستا بۆ تورکیا هەڵهاتووە.
لەوەش زیاتر، زانیارییەکان ئاشکرایانکردووە حەسەن مالیک، سەرکردەی ئیخوان، بریکارنامەی چەندین کۆمپانیای تورکی بۆ کەلوپەلی ناوماڵ هەیە، لە نێویاندا کۆمپانیا ئیستیقبال، هەروەها چەند کۆمپانیایەکی دیکەی هەناردە و هاوردەی ئامێرەکانی ناوماڵ و کۆمپانیای ڤیرجینیا، بۆ گەشتیاری و کۆمپانیای ئەنوار بۆ بازرگانی.
حکومەتی میسر، ئیخوان موسلمین وەک حیزبێکی تیرۆریستی دەناسێنێت. 'جەزیرە نێت' ئاشکرایکردووە داواکاریی دادگای میسر، بۆ لێسەندنەوەی یەکجاریی ماڵوموڵکی ئاشکراکراوی ئەو بەرپرسانەیە کە ماوەی چەند ساڵێکە، حکومەت تەنیا دەستیبەسەردا گرتوون.
'جەزیرە نێت' زیاتر ئاشکرایکردووە کە لە نێو لیستە 89 کەسییەکەدا، چەند کەسێکی دیکەی حیزبە سیاسییەکانی میسر هەن، کە حکومەت بە هاوکاریی و دەستتێکەڵکردن لەگەڵ ئیخوان موسلمین تۆمەتباریکردوون، کاتێک ئەو حیزبە لەسەر دەسەڵاتی وڵاتەکە بووە.
حکومەتی ئێستای میسر لە دوای هاتنە سەر کارەوە لەپاش کۆدێتایەکی سەربازی لە حوزەیرانی 2013، لە هەمان ساڵدا لەلایەن دادگای قاهیرەوە لیژنەیەکی بەناوی 'لیژنەی کۆکردنەوە و دەستبەسەرداگرتنی پارەکانی ئیخوان موسلمین' پێکهێنا، بۆ قەدەخەکردنی چالاکی و موڵکوماڵ و پارەکانی ئەو حیزبە. دواتر لە ئاداری رابردوودا، عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر، گۆڕانکارییەکانی ناو یاساکەی بەمەبەستی فراوانکردن و دەستبەسەرداگرتنی یەکجاری ماڵوموڵکی کەسانی پەیوەست بەو حیزبەوە پەسندکرد.
250 ملیار جونەی لە باخەڵی ئیخواندا
ئەوە یەکەمجار نییە لەوکاتەوەی حکومەتی میسر بڕیاری وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی ئیخوان موسلمینی دەرکردووە، بزنسە فراوانەکانی حیزبەکە و سەرکردەکانی دەکەونە بەر هەڵمەتی دادگاکانی میسر.
هەمان لیژنە لە ئابی 2018دا، لیستێکی فراوانی بزنس و کارە بازرگانییەکانی ئیخوان موسلمینی بڵاوکردەوە، کە سەرچاوەی پارەدارکردنی کردە و کارە نایاساییەکانی رێکخستنەکانی ئەو حیزبە بووە، لە وڵاتەکەدا و کاری تیرۆریستیشی پێئەنجامدراوە.
ئەو لیژنەیە لە 2018دا دەستبەسەرداگرتن و پاراستنی ئیدارەدانی دارایی ئیخوان موسلمینی لە چەند کارێکی بازرگانیی حیزبەکەدا ئاشکرا کرد، کە پێکهاتبوو لە دەستبەسەرداگرتنی چەندین یەکەی جیاوازی داهاتەکانی حیزبەکە، لە نێویاندا 118 کۆمپانیای کار جیاواز، 1133 کۆمەڵەی ئەهلی، 104 قوتابخانە، 69 نەخۆشخانە و 33 پێگەی ئەلیکترۆنی و کەناڵی ئاسمانی.
لیژنەکە ئەوکات ئاشکرایکردبوو، کە کادیر و سەرکردەکانی ئیخوان، پلانی نوێیان هەبووە بۆ سوودوەرگرتن لەو سەرچاوە داراییانە و بەکارهێنانی، بۆ پشتگیری کارەکانی حیزبەکە وەک بەشێک لە پشتگیری رەوتی چەکداری.
بەپێی روونکردنەوەکانی ئەوکاتی رۆژنامەی 'ئەهرام ئەلیەوم'ی فەرمی، لیژنەکە ئاماژەی بەوەداوە، ئیخوان کاریکردووە بۆئەوەی رێگەی نوێ و جێگرەوە بۆ پاراستنی سەرچاوەکانی داهاتی بدۆزێتەوە، دیارترینیان بەقاچاخبردنی دراوی بیانی بۆ دەرەوەی میسر، لەپێناو زیانگەیاندن بە دارایی وڵاتەکە. هەروەها راسپاردنی هەندێک لە ئەندامەکانی بۆ ئەو کارە، لە رێگەی ئەو کۆمپانیایانەی هەیانە.
ئەو لیژنەیە هەروەها تێوەگلانی سەرکردەکانی رێکخراوەکەی، لەناو وڵات و دەرەوەی وڵات تۆمەتبارکردووە بە دەستەبەرکردنی پشتگیری لۆجیستی و پارەی مانگانە، بۆ خەرجکردنی لەپێناو چالاکیی و کردە تیرۆریستیەکان، کە شانەکانی ئەو حیزبە ئەنجامیدەدەن و پێکهاتوون لە هەردوو رێکخراوی 'حەسم' و 'لیوای شۆڕش'، هەروەها ئاسانکاری بۆ ئەندامانی ئەو دوو گرووپە لە بەدەستهێنانی چەک، دروستکردنی بۆمب و رەخساندنی پەناگە بۆ حەواندنەوەی ئەندامەکانیان و مەشقپێکردنیان.
تارق مەحموود، پسپۆری یاسایی کە کاری لەسەر دۆسێی ئەو کارانەی ئیخوان کردووە، ئاشکرایکردووە بەهای ئەو پارە و ماڵوموڵکانەی دەستیان بەسەردا گیراوە، نزیکەی 250 ملیار جونەی میسری بووە. پسپۆرەکە ئەوەشی ئاشکراکردووە "ئەو پارە و موڵکانەی دەستیان بەسەردا دەگیرێت، دەبنە موڵکی دەوڵەت، چونکە لە بنەمادا، دامەزراوە جیاوازە دەستبەسەرداگیراوەکان، موڵکی خەڵک بوون و ئیخوان پارەی ئەو کۆمپانیا و دامەزراوانەی لە رێگەی بەخشین و هاوکاریی و پارەی لیژنە ئیغاسییەکانەوە بەدەستهێناوە، کە هەڵمەتی پارە کۆکردنەوەیان بۆ بەهاناوەچوونی لێقەوماوان و جەنگەکان کۆدەکردەوە. بەڵام دواتر ئەو پارانەیان لە پرۆژە ئابوورییەکانی خۆیاندا بەکارخستووە".
بەیەکگەیشتنی بزنسمانەکان
لێکۆڵینەوە لە ئیمپراتۆریەتە گەورەکەی بزنسی ئیخوان موسلمین، لەلایەن چەندین دەزگای میدیایی عەرەبییەوە بایەخی پێدراوە. بەتایبەت کە ساڵانی رابردوو، ژمارەیەک لە هەڵسوڕێنەرانی ئەو ئیمپراتۆریەتە، لەلایەن دەزگاکانی ئاسایشی میسرەوە دەستگیرکران و لەبەردەم دادگادا، دانیان بە بەشداری لە کارە بازرگانییەکانی ئەو رێکخراوە کرد، بۆ پارەدارکردنی چالاکییەکانی.
رۆژنامەی 'ئەلشەرق ئەلئەوسەت' چیرۆکی یەکێک لە گەنجە بزنسمانەکانی رێکخراوەکەی بەناوی حەسەن مالیک، بڵاوکردووەتەوە کە لەبەردەم دادگای ئەو وڵاتەدا، ئاماژەی بەکارەکانی خۆی کردووە.
مالیک، باوکی ئەندامێکی ئاسایی ئیخوان موسلمین بووە، یەکێک بووە لە ئەندامە بەندکراوەکانی ئەو رێکخراوە لە پەنجاکانی سەدەی رابردوودا. ئەو بەهۆی باوکییەوە بیری ئیخوانییانەی وەرگرتووە و دواتر بووەتە ئەندامی حیزبەکە. مالیک بەهاوکاریی هاوڕێیەکی کە لە زانکۆی ئەسکەندەرییە یەکتریان ناسیووە و ناوی شاترە، دەستیان بەکاری بزنس کردووە.
وەک رۆژنامەکە ئاماژەی پێداوە، ئەو دوو هاوڕێیە بڕیاریانداوە پێکەوە بزنس بکەن و ماوەیەکی کەم پاش ئەو هاوبەشییە، چوار کۆمپانیای جیاوازیان بەناوەکانی 'فەجر' بۆ بازرگانیی دەزوو، 'سەلسەبیل' بۆ فرۆشتنی پرۆگرامسازی و کۆمپیوتەر، 'رەواج' بۆ بازرگانی و هاوردەکردن و 'موستەقبەل' بۆ بازرگانی کەرەستەی بیناسازی دروستکردووە. بەڵگەنامەکانی ئەو کارانە دواتر لە ماڵەکەی مالیکدا، لەلایەن پۆلیسەوە دەستیانبەسەردا گیراوە.
ئەو گەنجانەی بزنسەکانی ئیخوانیان لەکۆڵنا
ئەو دوو گەنجە، دواتر دەبنە هەڵسوڕێنەری بزنسە نهێنییەکانی ئیخوان، بەڵام ئەوان رەتیدەکەنەوە کارەکەیان بۆ ئەو حیزبە کردبێت. عەمرو عادلی، مامۆستای ئابووری لە زانکۆی ئەمریکی لە قاهیرە، بە 'شەرق ئەوسەت'ی راگەیاندووە، سەرکردەکانی ئیخوان زۆرینەی بزنسەکانیان لە 'چالاکییە بازرگانییەکان'دا ئەنجامداوە، چونکە دڵنیابوون لەوەی "وەبەرهێنان لە جۆری دیکەی بزنسدا، وا دەکات بەئاسانی لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە، دەستی بەسەردا بگیرێت".
عادلی ئەوەی ئاشکراکردووە کە وەبەرهێنان لەلایەنی پەروەردەیی و کردنەوەی قوتابخانە تایبەتەکان، "وەک کردەییکردنی ئایدۆلۆژیای ئیخوان بووە، کە پەیوەستە بە لایەنی پەروەردەیی و بانگخوازی لەناو منداڵاندا".
فراوانبوونی بزنسی مالیک و شاتری هاوڕێی، گەیشتووەتە بەدەستهێنانی 'داهاتی گەورە'، هەر ئەوەش وایکردووە شاتر خۆی بەشیاوترین کەس بزانێت، بۆ سەرپەرشتیکردنی پارەکانی ئیخوان، لەبری نەبیل موقبل، بەرپرسی پێشووی دارایی ئیخوان.
کارمەندێکی نووسینگەی شاتر کە لەدوای شۆڕشی 2011ی میسرەوە لەگەڵ ئەودا کاریکردووە، رایگەیاندووە کە شاتر و مالیک، بڕیاریانداوە تێکەڵی لە نێو پارەکانی خۆیان و پارەکانی ئیخواندا نەکەن لە بزنسەکاندا، بەشی زۆری بزنسەکەیان بۆ پارەکانی خۆیان تەرخانکردووە.
قسەکانی کارمەندەکەی نووسینگەی شاتر، هاوشێوەی قسەی سێ ئەندامی دیکەی ئیخوانە، کە ئاشكرایانکردووە 'وەبەرهێنانەکانی ئیخوان' لە نێو ئەو دامەزراوانە کە لیژنەی دەستەبەسەرداگرتنی پارەکانی ئیخوان ئاشکرایکردووە، زۆرنین.
مالیک خۆی وێڕای رەتکردنەوەی کارکردن بۆ دارایی ئیخوان، ئەوەی نەشاردووەتەوە کە بوونی شاتر وەک بزنسمان و هاوکات بەرپرسی دارایی حیزبەکە، هەمیشە گومانی خەڵکی خستووەتە سەر کارەکانی ئەم و بە کادیری ئیخوان ناساندوویانە.
رۆژنامەی 'شەرق ئەلئەوسەت' روونیکردووەتەوە، شاتر بۆ ماوەیەک لە بەندیخانە بووە، بەڵام دواتر تا پلەی جێگری مورشید بەرزبووەتەوە و لە رێگەی نووسینگەکەیەوە لە رۆژهەڵاتی قاهیرە، چەندین کاری بزنسی بۆ رێکخراوەکە کردووە، ساڵی 2012 بووەتە کارەکتەرێکی سەرەکی لەوڵاتەکەدا، بەهۆی گەیشتنی ئیخوان بە دەسەڵاتی میسر.
کارمەندی نووسینگەکەی شاتر، ئەوی بە 'جاڵجاڵۆکە' ناوبردووە و روونیکردووەتەوە "دەستی لە هەموو بابەتەکاندا هەبووە، چ بزنس یان کارەکانی رێکخستنی ناوخۆیی ئیخوان، ئەو هەڵسوڕێنەری هەمووان بوو، چونکە لێیدەترسان".
کارمەندی پێشووی یەکێک لە وەزارەتەکانی حکومەت بە "شەرق ئەوسەت'ی راگەیاندووە، لەکاتی بوونی ئیخواندا لەسەر دەسەڵات، "هەر شاندێک هاتبێتە وڵاتەکە، بەرلەوەی وەزیری بەرپرس ببینێت، دەبوو چاوی بە شاتر بکەوێت".
جیابوونەوەی مالیک و شاتر
هاوبەشیی نێوان مالیک و شاتر بەردەوامبوو، بەڵام دواتر گەیشتە جیابوونەوەی یەکجاری. مالیک ئاشکرایکردووە لە دوای بوونی شاتر بە جێگری مورشیدی ئیخوان لە 2006، ئیدی ناکۆکی قوڵ لە نێوانیاندا سەریهەڵداوە، هۆکارەکەشی ئەوەبووە کە مالیک ناڕەزایەتیی لەسەر بوونی باڵەخانەی کۆمپانیا هاوبەشەکەی نێوانیان بە 'بارەگای ئیخوان' دەربڕیوە. هاوبەشیی نێوان هەردوو پیاوەکە لە 2011دا کۆتاییهات، بەڵام زۆری نەبرد سەریهەڵدایەوە و دەستیپێکردەوە.
مالیک ئەو رۆژانە وەک رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، بە بزنسمانێکی گوێلێگیراوی ئیخوان تەماشا دەکرا، تەنانەت متمانەی بزنسمانەکانی دیکەی میسر بەو پیاوە، تا رادەیەک بووە، پیاوە بزنسمانە گەورەکانی میسر هانایان بۆ بردووە لە کارەکانیاندا، وەکئەوەی 'هیشام تەڵعەت'ی بزنسمانی گەورە کردوویەتی، کاتێک لەسەردەمی سەرۆکایەتی مورسیدا، لە رێگەی نامەی تەلەفۆنەوە داوای لە مالیک کردووە، کار بۆ ئازادکردنی بکات و ئامادەیە دەست لە بەشێک لە سامانەکەی هەڵبگرێت، بەرامبەر ئازادکردنی لە بەندیخانە. هیشام تەڵعەت، بەهۆی داوایەکی سزاییەوە ئەوکات لە بەندیخانە بوو.
گەشەکردنی کارەکانی مالیک
دوای گەیشتنی ئیخوان بەدەسەڵاتی میسر لە حوزەیرانی 2012دا، کارەکانی مالیک بەرەو سەرچوون. ئەو رێکخراوی 'تەواسڵ'ی دامەزراند، بەئامانجی هاوئاهەنگی نێوان بزنسمانان و دامەزراوەی سەرۆکایەتی کۆمار، هەروەها کۆمەڵەی 'ئەبەدا' کە زیاتر لە هەزار بزنسمانی لەخۆ دەگرت و لە ئابی 2011دا بەئامانجی 'پشتگیری حکومەت و بەدیهێنانی بەرژەوەندییە تایبەتەکان'ی دروستکرا.
گەیشتنی ئیخوان بەدەسەڵات، کارەکانی مالیک و ژمارەیەکی دیکەی سەرکردەکانی ئیخوانی لە وەبەرهێنان بۆ کەرتە ستراتیژییەکان گۆڕی، وەک ئاسن و چیمەنتۆ. پسپۆرە یاساییەکە دەڵێ "ئیخوان بڕیاریدابوو کاری زۆر لە وەبەرهێنان لە کەرتە ئابوورییە گەورەکاندا بکات، بەڵام کەمیی ماوەی مانەوەیان لەدەسەڵات، ئەو هەلەی لەدەستدان".
هەوڵەکانی مالیک زوو بەرهەمی بەدەستەوەدا، لە دروستکردنی توێژێکی دارایی کە لەسەردانەکانی دەرەوەدا، هاوسەفەری محەممەد مورسی بوون، لە نێویاندا هەندێک رووخساری نوێ دەرکەوتن کە سەر بە رێکخراوەکە بوون، هەندێکیش سەر بە دەسەڵاتی حوسنی موبارەک، سەرۆکی پێشووی وڵات بوون.
وردەکاریی کارەکانی مالیک لەگەڵ بزنسەکانی ئیخوان، لەو بەڵگەنامانەدا روونبوونەوە کە پۆلیس لە ماڵەکەی ئەودا دەستیان بەسەریدا گرت. لە نێو دۆسێیەکاندا کە رۆژنامەی 'شەرق ئەوسەت' ئاماژەی پێداون، دۆسێی 'روانینی ستراتیژی بۆ گەشەپێدانی گشتگیری میسر تا ساڵی 2050'، هەروەها 'فرۆشتنی کارەکانی کەرتی گشتی لە روانگەی ئیسلامییانەوە'، لەگەڵ 'خوێندنەوەی دۆخی ئابووری: ئایا هاوکاریی کەنداو دەتوانێت ئابووریی میسر رزگار بکات؟'.
کارەکانی مالیک زۆریان نەخایاند و کارەکانی رێکخراوی 'ئەبەدا' راگیرا و سەرجەم ئەندامەکانی دەستیان لەکارکێشایەوە، کاتێک ئیخوان لە حوکم هێنرایە خوارەوە.
لە دوای لێخستنی ئیخوان لە دەسەڵاتی میسر، مالیک ماوەیەک بەئازادی ماوەتەوە و لەو ماوەیەدا وەک ئەوەی بەڵگەنامە گیراوەکانی ناو ماڵەکەی دەریانخستووە، لەگەڵ سێ کەسی دیکەی حیزبەکەدا کاریکردووە بۆ پەرەپێدانی بیرۆکەی پەنابردنە بەر کاری چەکداری، لە دژی حکومەتی نوێی میسر.
ئەو بەزۆری لەو ماوەیەدا چاوی بە محەممەد عەلی بشر، کەوتووە کە وەزیر بووە لە سەردەمی دەسەڵاتی ئیخواندا. لە نێو بەڵگەنامەکانی ماڵەکەی مالیکدا، 'تێبینی لەسەر پرۆژەی نوێی کۆمەڵەی ئیخوان' دەستیبەسەرداگیراوە. مالیک گوتویەتی ئەو نووسراوە، لەلایەن بشرەوە بەو دراوە. ئەمە جیا لە نامیلکەیەکی دیکە بەناوی 'ئەرکی تاکەکان بۆ بەرەوسەربردنی شۆڕشگێڕانەی ئابووری'.
پەڕینەوە بۆ ئەفریقیا
لیژنەی دەستبەسەرداگرتنی ماڵوموڵکی بەرپرسەکانی ئیخوان و دەستگیرکردنەکانی پێشتری، بزنسمانەکانی حیزبەکە و نزیکەکانی، وەک سەرچاوە نزیکەکانی ئەو بزنسمانانە ئاشکرایانکردووە، بووەتە هۆکاری دروستکردنی 'تۆڕێکی نوێی وەبەرهێنان لە دەرەوەی میسر، لەپێشیانەوە وڵاتانی رۆژهەڵات و باشووری ئەفریقیا'. ئەو سەرچاوەیە بە رۆژنامەی 'شەرق ئەوسەت'ی راگەیاندووە "قەبارەی بزنسی ئیخوان لەو وڵاتانەدا زۆر زیادیکرد، ئەمەش بەهۆی ئاسانیی وەرگرتنی وڵاتینامەی ئەو وڵاتانە و پەیوەندی باشی ئیخوان، لەگەڵ سەرکردەی وڵاتەکان".
دادگای میسر دۆسێیەکی بەناوی 'زیانگەیاندن بە ئابووریی نیشتمانی' ئامادەکردووە و تێیدا قەبارەی گشتگیری ئەو هۆکارانە دەردەخات، کە ئیخوان و بزنسمانەکانی پەنایان بۆ بردووە، بەتایبەت لە گواستنەوەی پارە بۆ دەرەوەی وڵات و خۆپاراستن لە چاوی دەزگاکانی حکومەتی میسر. لە کاتێکدا هەڵمەتەکانی سەریان و سنووری کارکردنیان، بەهۆی لیژنەکەوە رۆژ لە دوای رۆژ، تەسکتر بووەتەوە.
لەگەڵ ئەو هەڵمەتانەدا، چەندین ناوی نوێ دەرکەوتن، کە رۆڵیان هەبووە لە گواستنەوەی پارەکان بۆ دەرەوە. لەسەرووی هەموویانەوە محەممەد سەڵاح مەحموود، بزنسمانی هەڵهاتوو، کە خاوەنی کۆمپانیایەکی هەناردە و هاوردەی رایەخە. دۆسێیەکە دەڵێ "ئەو رۆڵی گەورەی هەبووە لە بەکارهێنانی کۆمپانیاکەی، بۆ گواستنەوەی ملیۆنان جونەی بۆ نێو ئەژماری خۆی و کۆمپانیاکانی دیکەی سەر بە ئیخوان".
لێکۆڵینەوەکان سەریانکێشاوە بۆ دەرکەوتنی ئەو راستییەی "سەڵاح بەهاوکاریی سێ کارمەندی پۆلیسی میسر، توانیویەتی نزیکەی یەک ملیار جونەی 'بەرامبەر بە 130 ملیۆن دۆلار' بگوازێتەوە دەرەوەی وڵاتەکە، لە رێگەی سێ کارمەندی کۆمپانیاکەیەوە کە بەنۆرە گەشتی دەرەوەی وڵاتیان کردووە و هەفتانە 50 تا 100 هەزار دۆلاریان بردووەتە دەرەوە. پۆلیسەکان بۆ چاوپۆشی و هاوکاری لەو کارە، هەرجارێک 10 هەزار جونەیهیان وەرگرتووە.
پارەکان چۆن دەرباز دەکران؟
لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا، مستەفا هومامی 31 ساڵ، کە یەکێکە لە سێ کارمەندەکەی کۆمپانیاکەی سەڵاح، ئاماژەی بەوەداوە کە "رێککەوتن لەگەڵ کارمەندانی سێ بەندەری جیاوازداکرابوو، بۆ تێپەڕاندنی هەر کیسە پارەیەکی گەورە، بەبێ گومرگ و دواتر رادەستکردنی بەیەکێک لە ئێمە".
رێگەیەکی دیکەی دەربازکردنی پارەکان، تێپەڕاندنی جانتا پڕ پارەکان بووە بەنێو ئامێرەکانی پشکنینی دەروازەکاندا، بەبێئەوەی ئەو سێ کارمەندەی پۆلیس، لە کاتی دەربازبوونی جانتاکان بەناو سکانەرەکانی پشکنیندا، ناوەڕۆکی جانتاکان ئاشکرا بکەن.
گواستنەوەی پارەکان لە تشرینی دووەمی 2014ەوە دەستی پێکردووە، بۆ چین و وڵاتانی عەرەبی و تورکیا، لە رێگەی کارمەندانی کۆمپانیاکانی هاوردە و هەناردە، کۆی ئەو پارانە لە ماوەیەکی کەمدا، وەک ئەوەی هومام رایگەیاندووە، گەیشتووەتە ملیارێک جونەی.
هومام لە 8ی کانوونی دووەمی 2016دا لە فڕۆکەخانەی قاهیرە دەستگیرکرا، کاتێک بەنیازی گەشتکردن بوو بۆ ئەردەن. ئەو لە پشکنینەکانی فڕۆکەخانەدا بڕی 650 هەزار دۆلاری ئەمریکی بەدراوی میسری پێگیرا.
پەنابردن بۆ دوورگەکانی عەزرا
بەشێکی دیکەی ئەو رێکارانەی بەرپرس و بزنسمانەکانی ئیخوان بۆ بردنە دەرەوەی پارەکانی خۆیان لە میسر پەنایان بۆ بردووە، دۆزینەوەی ئەو وڵاتانەیە کە بە نەبوونی یاسا و لێپرسینەوەی یاسایی ناودەبرێن.
لە ئابی 2015دا، مەحمود واقع، کە رۆژنامەڤانێکی میسرییە و لە رۆژنامەی 'مەسری ئەلیەوم' کاردەکات، لێکۆڵینەوەیەکی بنکۆڵکاری لە رۆژنامەی ناوبراودا بڵاوکردووەتەوە و باس لە نموونەی یەکێک لە بزنسمانەکانی ئیخوان دەکات، کە بەرێگەی جیاواز، سامانی خۆیان بردووەتە دەرەوەی وڵات.
ئەو رۆژنامەنووسە ئاشکرایکردووە، سەفوان سابت، کە یەکێکە لەسەرکردە داراییەکانی ئیخوان و نەوەی مەئمون هوزەیبی، مورشیدی پێشووی ئیخوانە، سەرکەوتوو بووە لە گواستنەوەی خاوەنداریەتی کۆمپانیاکەی لە میسرەوە بۆ دوورگەکانی عەزرای بەریتانی.
رۆژنامەکە، دوورگەکە بە 'پەناگەی خۆدزینەوە لە باج' ناودەبات و دەڵێ ئەو دوورگەیە تایبەتمەندی زۆر بۆ بزنسمانەکانی بەردەستدەخات، لە شێوەی 'پاراستنی ماڵوموڵکی خاوەن سەرمایەکان، تایبەتمەندی باج، نهێنی تەواو لە مامەڵەکاندا و ئاسانکاری لە دامەزراندنی کۆمپانیادا'.
رۆژنامەڤانە میسرییەکە، ئاشکرایکردووە سابت، یەکێکبووە لەوانەی لیژنەی تایبەت بەدەستبەسەرداگرتنی ماڵوموڵکی سەرکردەکانی ئیخوان، بڕیاری لێسەندنەوەی موڵکەکانی بۆ دەرکردووە، بەڵام ئەو کە تاکە خاوەنی پشکەکانی کۆمپانیای جەهینەی پیشەسازیی خۆراکی هەیە، تەنیا 48 لەسەدی کۆمپانیاکەی بەناوی خۆیەوە کردووە و زۆرینەی پشکەکان کە 52 لەسەدە، بەناوی کۆمپانیای SBSMH Investments کردووە کە لەو دوورگەیە، هەر خۆی دایمەزراندووە.
راوێژکارێکی یاسایی، کۆمپانیایەکی سەر بە ئیخوان، کە نەیویستووە ناوی بڵاوبکرێتەوە، بە رۆژنامەی 'شەرق ئەوسەت'ی راگەیاندووە، "سەرکردەکانی ئیخوان کە بزنسیان لە میسردا هەبوو، بەرلە کۆتاییهاتنی دەسەڵاتیان لە میسردا، پسپۆرانی کەرتی بانکسازییان لای خۆیان دامەزراندووە بۆ گواستنەوەی پارەکانیان بۆ دەرەوەی میسر، هەروەها کەسانی ئەژمارنەکراو لەسەر ئیخوانیان، کردووەتە نوێنەری کۆمپانیاکانیان".
لێکۆڵینەوە بنکۆڵکارییەکانی دیکە
رێکخراوی 'ئاڕ جی'، تایبەت بە رۆژنامەڤانی بنکۆڵکاری عەرەبی، لە راپۆرتێکدا تیشکی خستووەتە سەر بنەما داراییەکان و سەرچاوەکانی داهاتی ئیخوان موسلمین.
ئەو راپۆرتە وردەکاریی سەرەداوە ئاشکرابووەکانی بزنسەکانی ئیخوانی لە ناوخۆی میسر و دەرەوەی میسردا، بۆ یوسف نەدا، بزنسمانی سەر بە ئیخوان گێڕاوەتەوە کە تۆمەتبارە بەپارەدارکردنی 'هێرشەکانی 11ی سێپتێمبەری ئەمریکا'.
راپۆرتەکە روونیکردووەتەوە، نەدا خاوەنی چەند کۆمپانیایەکی جیاواز بووە، کە دواتر هەموویان لەلایەن دەسەڵادارانی ئەمریکاوە داخراون و بوونیان قەدەخەکراوە. لێکۆڵینەوە ئەمریکییەکان ئاشکرایانکردووە، کۆمپانیاکانی نەدا لە دەرەوەی میسر لە نێویاندا 'بانکی تەقوا' و 'نەدا ئینتەرناشناڵ بۆ چیمەنتۆ' و 'تەقوا بۆ کارگێڕی'، چەندین ئەندامی ئیخوان تێیاندا هاوبەش و خاوەن پشک بوون.
هەمان لێکۆڵینەوە لقە جیاوازەکانی بزنس و کاری خێرخوازی و ئاینی ئیخوانیان، لە وڵاتانی دونیادا ئاشکرا کردووە کە سەرچاوەی داهاتی لقەکانی بوون لە جیهاندا و بوونەتە سەرچاوەی داهات بۆی، ئەمەش بەهۆی کۆکردنەوەی پارە بۆ کاری خێرخوازی و هاوکاریی لێقەوماوان.
راپۆرتەکە ناو و وردەکاری ئامانجی دروستبوون و سەرمایەی ئەو رێکخراوانەی هەمووی ئاشکرا کردووە، لەوانەش 'کۆمەڵەی ئیسلامی کانتۆن لە سویسرا، کۆمەڵەی کولتووری و کۆمەڵایەتی موسوڵمانانی لۆزان، دامەزراوەی کولتووری کۆمەڵایەتی لە سویسرا، دامەزراوەی کاریگەریی کۆمەڵایەتی و کولتووری، یەکگرتووی موسوڵمانانی سویسرا، یەکگرتووی مامۆستایانی ئیسلامی، رابیتەی رێکخراوە ئیسلامییەکانی زیوریخ و چەندانی دیکەش'.
راپۆرتەکە بەدواداچوونی بۆ داهات و خەرجی تۆمارکراوی ئەو رێکخراوانە کردووە و دەڵێ، کۆی زیادە پارەی سەرجەمیان لە ماوەی یەک ساڵدا، لە پاش لێدەرکردنی خەرجیی تۆمارکراوی تۆمارەکانیان 35 ملیۆن جونەی میسری بووە.
سەروەت خەرباوی، سەرکردەی پێشووی ئیخوان کە 20 ساڵ کاریکردووە لەگەڵ ئەو رێکخراوەدا، بە رۆژنامەڤانە بنکۆڵکارەکانی راگەیاندووە، ئیخوان پشت بە رێکخراوە خێرخوازییەکان دەبەستێت، وەک سەرچاوەیەک بۆ کۆکردنەوەی پارەبەخشین و بەقسەی ئەو، "زۆرینەی کات پارە کۆکراوەکان و بەخششەکان، ئاراستەی ئەو وڵاتانە دەکرێت کە لقەکانی ئیخوان موسلمینی لێیە".
خەرباوی ئاشکرایکردووە، کۆی داهاتی ساڵانەی ئیخوان لە ئابوونە و پیتاکدا دەگاتە 100 ملیۆن جونەی لەناو میسردا، کە نزیکەی 500 هەزار ئەندامی رێکخراوەکە بەبەردەوامی دەیدەن، جیا لە 180 ملیار جونەی ساڵانە، کە ئەو رێکخراوە لە رێگەی وەبەرهێنانە جیاوازەکانییەوە، بەهۆی کۆمپانیاکانییەوە بەدەستیدەهێنێت.
ئیمپراتۆریەتی پارە کۆکردنەوە
توێژینەوەیەکی دکتۆر حوسێن شەحاتە، پسپۆری راوێژکار لە مامەڵەکانی دراودا، کە توێژینەوە بنکۆڵکارییەکەی رێکخراوی 'ئاڕ جی' ئاماژەی پێداوە، ئاشکرایکردووە سەرچاوەکانی داهاتی ئیخوان، بەشێکی لە ئابوونەی مانگانەی ئەندامەکانییەوە دێت و بەشێکی دیکەشی لەقازانجی کۆمپانیاکانی حیزبەکەوە لە ناو میسردا کە بەبڕوای ئەو پسپۆرە، ساڵانە 20 ملیۆن جونەیهە.
توێژینەوەیەکی 'دۆگلاس فەرەح' توێژەری سەنتەری ستراتیژی و هەڵسەنگاندنی نێودەوڵەتی، لە ویلایەتی ڤێرجینیای ئەمریکا، ئاشکرایکردووە سەرچاوەی ئیمپراتۆریەتی ئابووریی ئیخوان، وەبەرهێنانی ئەندامەکانیەتی، لە نێویاندا ئیبراهیم کامل، دامەزرێنەری بانکی 'دارولمالی ئیسلامی'، کە مۆڵەتی بەهەمان شێوە لە دوورگەکانی 'عەزرا'ی بەریتانی وەرگرتووە.
دۆگلاس رایگەیاندووە کۆمپانیاکانی ئیخوان لە پەنەما، لیبیریا و بەرازیل بەناوی کەسانی وەک 'یوسف نەدا'، نەسرەدین'، 'قەرزاوی' و 'هیمەت غالب' کاردەکەن. ئەو دەڵێ ئەستەمە جیاکاری بکرێت، لە نێوان سامانی تایبەتی ئەو کەسانە و وەبەرهێنانەکانی ئیخواندا، چونکە هەمووی تێکەڵکراون.
منداڵەکانی مورسی لەسەر 200 ملیۆن دۆلار بەیەکدادەدەن
لە کاتێکدا بڕیارە نوێیەکەی حکومەتی میسر داوای دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی سەرکردە ئیخوانییەکان دەکات، لە نێویاندا میراتگرەکانی محەممەد مورسی، یەکەم سەرۆکی هەڵبژێردراوی میسر، کە دوای ساڵێک لە مانەوە لە دەسەڵات، لەلایەن سوپای وڵاتەکەوە لە پۆستەکەی دوورخرایەوە، لە پاش سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی گەورە لە وڵاتەکەدا لە دژی. منداڵەکانی ئەو سەرۆکە کۆچکردووە بەبەدەستهێنانی پارەی 'سەرچاوە نادیار' تۆمەتبار دەکرێن.
کوڕەکانی محەممەد مورسی، لە ماوەی رابردوودا بوونە بنەمای زۆر هەواڵ، بەتایبەت بەهۆی ئەو پارە و سامانەوە کە ئەوان ئێستا هەیانە.
دکتۆر محەممەد باز، سەرنووسەری رۆژنامەی 'دەستوور'ی میسری، لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوودا، باسی لەبەردەستبوونی سامانێکی گەورەکرد کە ئێستا کوڕەکانی محەممەد مورسی هەیانە.
باز شەوی 11/12/2019 لە پرۆگرامی تەلەڤزیۆنیی خۆیدا بەناوی '90 خولەک' گوتی، ئاگاداری ئەوەم کە لە دوای کۆچی دوایی باوکیان لە کاتێکی پێشتری ئەو ساڵەدا، ژمارەیەکی بەرچاوی بەرپرسان و ئەندامانی ئیخوان لە میسر و دەرەوەی میسر، وەک سۆز و وەفاداری بۆ محەممەد مورسی، پارەیەکی زۆریان بۆ ماڵباتەکەی کۆکردووەتەوە و ئەو پارەیە بووەتە سەرچاوەی کێشەیەکی زۆر لە ماڵەکەدا و ناکۆکی لە نێو میراتگرەکانیدا دروستکردووە.
مورسی شەش میراتگری لە دوای خۆی بەجێهێشتووە کە بریتین لە 'نەجلا عەلی مەحموود (هاوژین)، ئەحمەد، شەیما، ئوسامە ، عومەر محەممەد مورسی .
باز زیاتر ئاشکرایکردووە، کێشەکە کاتێک سەریهەڵداوە، کە یەکێک لە کوڕەکانی سەرۆکی پێشوو، بەبێ ئاگاداری ئەوانیدیکە، پارەکەی لە رێگەی بانکەوە رەوانەی دەرەوە کردووە. رایگەیاندووە کێشەکە بەشێوەیەک پەرەی سەندووە، کەسوکاری ماڵباتەکە هاتوونەتە نێوان میراتگرەکانەوە بۆ دامرکاندنەوەی ئاڵۆزییەکان.
سەرنووسەری رۆژنامەی دەستوور روونیکردووەتەوە، بەشێکی دیکەی کێشەکە لە نێوان میراتگرەکانی مورسیدا، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە یەکێک لە کوڕەکانی ماڵباتەکە، لە نەتەوە یەکگرتووەکان سکاڵای لەسەر حکومەتی میسر تۆمارکردووە و داوای لێکۆڵینەوەی کردووە لە هۆکاری گیانلەدەستدانی باوکی لە بەندیخانەدا. ئەو داوایکردووە پارەکە لە هەوڵەکانی ئەو لێکۆڵینەوەیەدا خەرجبکرێت، لە کاتێکدا هەندێکی دیکە لە ئەندامانی ماڵباتەکە، داوایانکردووە پارەکە لە نێوان خۆیاندا دابەشبکەن.
بەدەنگهاتنی ئەندامە راکردووەکان
کۆدێتای سەر دەسەڵاتی ئیخوان موسلمین لە میسر و هەڵمەتە بەردەوام و چڕەکانی حکومەتی میسر، بۆ سەر ئەو رێکخراوە، وایکرد سەرکردەکانی رێکخراوەکە زۆرینەیان بگیرێن و ژمارەیەکی بەرچاویشیان روو لە دەرەوەی وڵات بکەن، بەتایبەت تورکیا.
لە دوای لابردنی محەممەد مورسی لەسەر دەسەڵات، بەردەوام ناکۆکی قوڵ لە نێوان سەرکردە و لایەنگرەکانی ئەو رێکخراوەدا دەردەکەوێت. لە ماوەی رابردوودا ئاشکرابوونی وردەکارییە داراییەکانی رێکخراوەکە، بەبەربڵاوی لە سۆشیالمیدیادا دەرکەوتن.
ماڵپەری 'ئەمان' کە ماڵپەرێکی میسرییە، باسی لە چەندین رووداوی جیاوازی ئاشکرابوونی ناکۆکییە ماڵییەکانی ناو سەرکردەکانی ئەو رێکخراوە کردووە. لە نێویدا ئاماژەی بەلێدوانێکی عزەدین دویدار، سەرکردەی رێکخراوەکە داوە، کە ئێستا لە تورکیا دەژی و ئاشکرایکردووە، نووسینگەی ئیخوان لە لەندەن لە دزینی 150 ملیۆن دۆلارەوە گلاوە، لەو پارەیەی لە کەنداوەوە وەک هاوکاری گەیشتووەتە دەست لقی رێکخراوەکە.
سەرچاوە میسرییەکان دەڵێن، ئێستا زۆرینەی وەبەرهێنان و بزنسەکانی ئیخوان لە تورکیادا دەکرێن، بەڵام لەوێش کێشە سەریهەڵداوە. لەو کێشانەی سەرکردەکانی رێکخراوەکەی پێتۆمەتبار دەکرێن، دیارنەمانی بڕی 10 ملیۆن دۆلارە، لە پارەی کەناڵە جیاوازەکانی ئیخوان، لەو بزنسانەی رێکخراوەکە لە ئیستەنبوڵ هەیەتی.
ماڵپەری 'ئەمان' لە زاری تاریق شبیشی، سەرکردەی پێشووی ئیخوانی گواستووەتەوە، رووداوەکانی دیارنەمانی پارەی بزنس و پیتاک و کۆمەک و ئابوونەی رێکخراوەکە ماوەی سێ ساڵە بەردەوامە. 'ئەمان' ئەوەشی خستووەتە روو کە لەسەرەتای 2017دا، سەرکردەکانی دەرەوەی میسر لە ئیخوان جارێکی دیکە تۆمەتبارکراون بە دیارنەمانی بڕی 150 ملیۆن دۆلار لە پارەی رێکخراوەکە، ئەمە جیا لە بڵاوبوونەوەی ئەو بەڵگانەی دەریدەخەن، ماڵوموڵکی رێکخراوەکە لە دەرەوە تەنیا بەناوی سێ سەرکردەی ئیخوانەوە کراون، ئەوانیش مەحمود حوسێن، ئیبراهیم مونیر و مەحمود ئەبیاری.
ئابی ساڵی رابردوو، 2019، وائیل ئەبراشی، پێشکێکشاری کەناڵی 'ئۆن ئی تیڤی'، تۆمارێکی دەنگیی ئەمیر بەسام، سەرکردەی ئیخوانی بڵاوکردەوە، کە باس لە دزییەکانی ناو سەرکردەکانی ئیخوان دەکات و ئەوەشی راگەیاند، سەرکردەکانی رێکخراوەکە لە تورکیا سەرقاڵی وەبەرهێنانی خانووبەرەن و چەندین قوتابخانەی ئەهلییان کردووەتەوە.
لە تۆمارەکەدا، ئەمیر بەسام، باس لە مەحمود حوسێنی سەرکردەی رێکخراوەکە دەکات و دەڵێ "لە تورکیا شوقە و باڵەخانەکان بەناوی خۆیانەوە دەکەن.. ئۆتۆمبێلی بی ئێم دەبلیو لێدەخوڕن، لە کاتێکدا گەنجەکانی ئیخوان بۆ 200 لیرە ریسوا دەبن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ