ئیتاڵیا: ئەڵمانیا کۆچبەران هاندەدات بێنە وڵاتەکەمان

26-09-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا لە نامەیەکدا کە بۆ راوێژکاری ئەڵمانیای ناردووە، رەخنە لە سیاسەتی ئەڵمانیا بەرامبەر بە کۆچبەرانی نایاسایی لە ئەوروپا دەگرێت و دەڵێت، ئەڵمانیا رێکخراوە خێرخوازییەکان پارەدار دەکات بۆ ئەوەی یارمەتی کۆچبەران بدەن بۆ تاوەکو بگەنە ئیتاڵیا.
 
رۆژی دووشەممە، 25ـی ئەیلوولی 2023، نامەیەکی جۆجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا بڵاوبووەوە کە بۆ ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیای ناردووە، دەڵێت: "بە سەرسووڕمانەوە زانیم کە حکومەتەکەتان، بەبێ هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی ئیتاڵیا، بڕیاری داوە یارمەتی دارایی بۆ رێکخراوە ناحکومییەکان دابین بکات بۆ ئەوەی پێشوازی لە کۆچبەران بکەن بۆ خاکی ئیتاڵیا و لە دەریای نێوەڕاست رزگاریان بکەن."
 
حکومەتەکەی مێلۆنی بڕیاریدابوو چالاکیی ئەو رێکخراوە خێرخوازییانە کەمبکاتەوە کە لە دەریای نێوەڕاستەوە بەلەمی کۆچبەران رزگار دەکەن و دەیانگەیێننە ئیتاڵیا. 
 
مێلۆنی لە نامەکەیدا دەڵێت، ئەو وڵاتە ئەوروپییانەی دەیانەوێت یارمەتی ئیتاڵیا بدەن، باشترە سەرنجیان لەسەر "چارەسەرە پێکهاتەییەکان" بێت کە بریتییە لە کارکردن لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە کۆچبەران پێیدا تێدەپەڕن بۆ ئەوەی رێگە لە لێشاوی کۆچبەران بگرن. 
 
نووسینگەی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاندووە، حکومەتی ئەڵمانیا دوو پڕۆژە، لە یەکەمیان 400 هەزار یۆرۆ و دووەمیشیان 800 هەزار یۆرۆ بۆ یارمەتیدانی کۆچبەران تەرخانکردووە. 
 
پڕۆژەکان، بەگوتەی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، بۆ ئەوە بوونە یارمەتی کۆچبەران بدەن بە سەلامەتی بگەنە ئیتاڵیا و لە دەریای نێوەڕاست رزگار بکرێن. 
 
لە رۆژی 11-9-2023وە، زیاتر لە 10 هەزار کۆچبەر بە زیاتر لە 120 بەلەمی بچووکەوە گەیشتوونەتە دوورگەی لامپێدووسای ئیتاڵیا و لە یەک کاتیشدا حەوت هەزار کەس بردراونەتە ناوەندی پێشوازیکردن لە کۆچبەران، کە دەکاتە 17 هێندە و نیوی توانستی ناوەندەکە، چونکە بۆ لەخۆگرتنی تەنیا 400 کەس دروستکراوە؛ هەروەها ئەو ژمارەیە زیاترە لە دانیشتووانی تەواوی دوورگەکە.
 
لەگەڵ زیادبوونی کۆچبەرانیش بۆ ئیتاڵیا، حکومەتی ئەڵمانیا بڕیاریدا وەرگرتنی کۆچبەر لەو وڵاتەوە رابگرێت.
 
لە سەرەتای ئەمساڵەوە نزیکەی 126 هەزار کۆچبەر بە بەلەم چوونەتە ئیتاڵیا، ئەوەش لەکاتێکدایە لە هەشت مانگی سەرەتای ساڵی 2022ـدا ژمارەکە تەنیا 66 هەزار کۆچبەر بوو.
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە