رووداو دیجیتاڵ
بۆ یەکەمجار، خێزانێکی کۆچبەری سێ کەسی لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی نوێی نێوان لەندەن و پاریس دا، بە شێوەیەکی یاسایی و بە مافی مانەوە (ئیقامە) لە فەرەنساوە گوازرانەوە بۆ بەریتانیا. ئەم هەنگاوە سەرەتای جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنەیە کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی کۆچی نایاساییە لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە.
بەپێی رێککەوتنەکە، بەریتانیا بەرامبەر هەر کۆچبەرێکی نایاسایی کە دیپۆرتی فەرەنسای دەکاتەوە، کۆچبەرێکی دیکە لە فەرەنساوە بە شێوەی یاسایی وەردەگرێت. ئەو کۆچبەرانەی دیپۆرت دەکرێنەوە، ئەو کەسانەن بە بەلەمی بچووک و بە نایاسایی خۆیان گەیاندووەتە کەناراوەکانی بەریتانیا. لە بەرامبەردا، ئەو کۆچبەرانەی بە یاسایی وەردەگیرێن، ئەو کەسانەن کە لە فەرەنسا گیریان خواردووە و کەسوکاری پلە یەکیان لە بەریتانیا نیشتەجێن و مافی مانەوەیان هەیە.
سەرەڕای جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە، دیاردەی پەڕینەوەی کۆچبەران بە بەلەمی بچووک هەروا بەردەوامە. تەنها لە رۆژانی شەممە و یەکشەممەی رابردوودا، 1157 کۆچبەری دیکە توانیویانە لە نۆکەندی ئینگلیز بپەڕنەوە و بگەنە بەریتانیا. ئەم ژمارە بەرزە ئەوە نیشان دەدات کە رێککەوتنە نوێیەکە تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە ببێتە هۆکارێک بۆ ساردکردنەوەی کۆچبەران لەم گەشتە مەترسیدارە.
حکومەتی بەریتانیا خۆشحاڵیی خۆی بەم هەنگاوە دەربڕیوە و پێی وایە ئەم میکانیزمە نوێیە "وردە وردە" ئەو پەیامە بە کۆچبەران دەگەیێنێت کە تەنانەت ئەگەر بگەنە بەریتانیاش، ئەگەری دیپۆرتکردنەوەیان هەیە.
بەڵام لە دیوی فەرەنساوە، کاربەدەستان ئاستەنگی گەورەیان بۆ دێتە پێش. بەپێی زانیارییەکان، بەرپرسانی فەرەنسی بە میدیاکانی وڵاتەکەیان راگەیاندووە، دۆزینەوەی ئەو کۆچبەرانەی شایستەی ناردنن بۆ بەریتانیا کارێکی ئاسان نییە. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە زۆرینەی ئەو کۆچبەرانەی لە شارەکانی کالێ و دانکیغ کۆبوونەتەوە، هیچ بەڵگەنامە و ناسنامەیەکی فەرمییان پێ نییە، ئەمەش پرۆسەی ناسینەوە و دڵنیابوون لە ناسنامە و وڵاتی رەسەنیان ئەستەم دەکات.
هەردوو وڵات تاوەکو ئێستا ناسنامە و وڵاتی ئەو خێزانە سێ کەسییەیان ئاشکرا نەکردووە و دیار نییە لە کام شاری بەریتانیا نیشتەجێ کراون. لەگەڵ ئەوەشدا، سەرچاوەکان لە فەرەنسا پێیان وایە رێککەوتنەکە "کردەیی نییە" و ئەگەری هەیە بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام نەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ