رووداو دیجیتاڵ
هاوکات لەگەڵ تێپەڕبوونی 8 ساڵ بەسەر بەڕێوەچوونی گشتپرسیی سەربەخۆیی کوردستان، رەوەندی کوردی لە چەندین وڵاتی ئەورووپا بە شێوەیەکی بەرفراوان یادی ئەو رۆژە مێژووییەیان کردەوە و پابەندبوونی خۆیان بە ئامانجە نەتەوەییەکان دووپات کردەوە.
لە ماوەی هەفتەی رابردوودا، لە شارە جیاجیاکانی وڵاتانی وەک نەرویج، سوێد، دانیمارک و ئەڵمانیا، کوردستانییانی نیشتەجێی ئەو وڵاتانە بە گردبوونەوەی رەنگاوڕەنگ، یادەکەیان بەرز راگرت. بەشداربووان بە لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی و بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان، لەگەڵ گوتنەوەی سروودی نیشتمانی و گۆرانیی شۆڕشگێڕانە، دیمەنێکی نیشتمانپەروەرانەیان نەخشاند.
رێکخستنی سەرەکیی یادەکان لە ئەستۆی "کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی" بوو. جێگەی سەرنج بوو کە جگە لە کوردستانییان، ژمارەیەک لە دۆست و پشتیوانانی بیانیی دۆزی کوردیش شانبەشانیان لە گردبوونەوەکاندا بەشدار بوون، کە ئەمەش نیشانەی پشتیوانیی بەردەوامیانە بۆ مافەکانی گەلی کوردستان.
رەوەندی کوردی لە ساڵی 2017 و لەکاتی بەڕێوەچوونی گشتپرسییەکەدا رۆڵێکی بەرچاویان هەبوو لە هەڵمەتەکانی بانگەشە و پشتیوانیکردن. ئێستا یادکردنەوەی ساڵانەی ئەم رۆژە بووەتە نەریتێک بۆ نوێکردنەوەی ئەو گیانە نیشتمانییە و هێشتنەوەی پرسی سەربەخۆیی بە زیندوویی لەنێو نەوەی نوێی کوردی دەرەوەی وڵات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ