رووداو دیجیتاڵ
رۆژی دووشەممە دوایین دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئێمی بارێت وەک دادوەری دادگەی باڵا بەڕێوەدەچێت. دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا دژی ئەوەن لەم کاتەدا دەنگ بە ئێمی بارێت بدرێت و وەک دادوەری دادگەی باڵای ئەمریکا دەستبەکاربێت.
ئیلیزابیز وارن، ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا دەڵێت، "تەنیا 8 رۆژ پێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییە و دەیان ملیۆن ئەمریکی دەنگیان داوە، هەروەها تەنیا 15 رۆژ پێش ئەوەی دادگەی باڵا گوێ لە کەیسێک بگرێت کە دەکرێت ئەنجامەکەی هەڵوەشاندنەوەی یاسای چاودێریی تەندروستیی بێت، دۆناڵد ترەمپ، میچ مکۆنێڵ و هاوڕێ کۆمارییەکانیان گوێ لە ویستی ئەمریکییەکان ناگرن و دەیانەوێت کورسییەکەی دادگەی باڵا پڕبکەنەوە".
تاوەکو ئێستا نزیکەی نۆ ملیۆن تووشبووی کۆرۆنا لە ئەمریکا تۆمارکراون و نزیکەی 231 هەزار کەسیان گیانیان لەدەستداوە. دیموکراتەکان دەڵێن، دەبێت خەمی گەورەی ئێستای کۆنگرێس سووککردنی باری گرانی سەر شانی خانەوادە ئەمریکییەکان بێت، نەوەک پەلەکردن لە پڕکردنەوەی کورسییە چۆڵەکەی دادگەی باڵا.
کاسرین ماستۆ، ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا باس لەوە دەکات، "خەڵکی ئەمریکا دەیانەوێت گوێ لە دەنگیان بگیرێت، ئەوەش لە وەڵامی مامەڵەی ئەم ئیدارەیە لەگەڵ پەتای کۆرۆنادا. لە ناوەندی ئەم قەیرانەدا دەبێت کۆنگرێس هەموو کارێکی پێویست بکات بۆ وەڵامدانەوەی داواکاریی ئەمریکییەکان. لەبری ئەوە، سەرۆکی کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی پیران و سەرۆک ترەمپ هەوڵدەدەن زوو متمانە بە بارێت بدەن".
بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە ئەنجوومەنی پیرانی زۆرینە کۆماری دەنگ بە ئێمی بارێت بدات بۆئەوەی ببێتە دادوەری دادگەی باڵا؛ بەو هەنگاوەش ژمارەی دادوەرە کۆنسێرڤەتیڤەکان لە دادگاکە دەبێتە 6 کەس، ئەوە لە کاتێکدایە ژمارەی لیبراڵەکان لە دادگاکە هەر بە سێ کەس دەمێننەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ