رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی بەریتانیا دەڵێن، هادوش کێباتویان دەستگیرکردووەتەوە کە پەناخوازێکی ئەسیوپییە و دەڵێن، دیپۆرتی دەکەنەوە. ئەو تاوانەی دەدرێتە پاڵ کێباتو ناڕەزایەتیی بەرفراوانی لە بەریتانیا دروستکرد.
رۆژی یەکشەممە 26-10-2025 پۆلیسی لەندەن رایگەیاند، دوای نزیکەی 48 کاژێر لە ئازادکردنە هەڵەکەی، ئەفسەران هادوش کێباتویان لە باکووری لەندەن دەستگیرکردەوە.
دەیڤد لامی، وەزیری دادی بەریتانیا لە ئێکس رایگەیاند: "کێباتو دەستگیرکراوەتەوە و لەژێر چاودێریدایە و دیپۆرت دەکرێتەوە."
کییەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیاش رایگەیاند: "دەبێت دڵنیابینەوە لەوەی ئەوەی کرا، دووبارە نابێتەوە."
کێباتوی تەمەن 38 ساڵی ئەسیوپی، بە تاوانی گێچەڵی سێکسی بە کچێک و دەستدرێژی سێکسی بە ژنێک، سزای یەک ساڵ زیندانکردنی بۆ بڕابوویەوە و مانگێکیشی لە زیندان بەسەربردوو.
بەڵام دواتر بە هەڵە ئازادکردنی مەرجداری بۆ دەرچوو و ئازادکرا و "تەنانەت 70 پاوەندیشی پێدرا."
کێباتو لە مانگی تەممووزدا هەوڵیدابوو کچێکی 14 ساڵ ماچ بکات و دەست لە قاچی بدات، قسەی سێکسیشی پێگوتبوو؛ دەستدرێژیی سێکسیشی کردبووە سەر ژنێک.
کێباتو لەو کاتەدا لە هۆتێل بێڵ لە لەندەن دەمایەوە کە دەیان پەناخوازی دیکەی تێدا بوو و ئەوەش خۆپیشاندانی بەرفراوانی بەدوادا هات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ