رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لە پێناو ئازادکردنی بارمتەی زیاتر و ناردنی هاوکاریی زیاتر بۆ غەززە، ئەگەر هەیە ئاگربەستەکە درێژبکرێتەوە و گوتیشی "لەگەڵ سەرکردەکانی ناوچەکە بە بەردەوامی لە پەیوەندیدا بووم بۆ ئەوەی هاوکاریی زیاتر بچێتە نێو غەززە."
رۆژی یەکشەممە، 26-11-2023، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، لەبارەی دوایین ئەنجامەکانی رێککەوتنەکەی حەماس و ئیسرائیل بۆ ئاگربەست رایگەیاند، "حەماس منداڵێکی ئەمریکیی تەمەن چوار ساڵ و ژنێکی 45 ساڵەی ئازادکردووە. ئەمریکا هەموو کارێک دەکات بۆ گەڕاندنەوەی بارمتەکان."
لەبارەی ئاگربەستەوە، بایدن رایگەیاند، "ئەگەر هەیە رۆژی دووشەممە ئاگربەستەکە درێژ بکرێتەوە، ئەمەش لە پێناو ئازادکردنی زیاتری بارمتەکان و ناردنی هاوکاریی زیاتر بۆ غەززە."
سەرۆکی ئەمریکا گوتی، "بە بەردەوامی لەگەڵ ئوردن، قەتەر، میسر، ئیسرائیل و سەرکردەکانی ناوچەکە لە پەیوەندیدا بووم بۆ ئەوەی هاوکاریی بنێرینە نێو غەززە و ئەو خەڵکەی کە پەیوەندییان بە حەماسەوە نییە سوودی لێوەرگرن."
لەبارەی بارمتەکانی دیکەوە بایدن گوتی، "هەموومان بە دوای رێگەیەک دەگەڕێین کە بارمتەکان رزگار بکەین و حەماس چیدیکە دەسەڵاتی لە غەززە نەمێنێت."
حەماس و ئیسرائیل بە نێوەندگیریی قەتەر و میسر، ئاگربەستێکی چوار رۆژەیان راگەیاند. ئەمڕۆ (یەکشەممە) کۆمەڵەی سێیەمی بارمتە و بەندکراوەکان ئاڵوگۆڕکران.
رۆژی 24-11-2023، رێککەوتنی چوار رۆژەی نێوان حەماس و ئیسرائیل بە نێوەندگیریی قەتەر و میسر دەستیپێکرد و لە کۆمەڵەی یەکەمدا حەماس 24 بارمتەی ئازادکرد و ئیسرائیلیش 39 بەندکراو.
درەنگی شەوی شەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2023، چەکدارانی حەماس دووەم کاروانی بارمتە ئیسرائیلی و بیانییەکانیان ئازادکرد کە 17 کەس بوون. بەمجۆرە، ژمارەی بارمتە ئازادکراوەکان گەیشتە 41 کەس. ئیسرائیلیش لە کۆمەڵەی دووەمدا دووبارە 39 بەندکراوی دیکەی فەلەستینی ئازادکرد.
رۆژی یەکشەممە، 26-11-2023، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، "حەماس 17 بارمتەی رادەستی خاچی سوور کرد کە 14یان ئیسرائیلی، دوو تایلاندی و رووسییەکن." سوپای ئیسرائیل دووبارە 39 بەندکراوی دیکەی فەلەستینی ئازادکرد، ئەمەش سێیەم کۆمەڵە بوو. بەم جۆرە تائێستا حەماس 58 بارمتەی ئازادکردووە و ئیسرائیلیش لە دوو کۆمەڵەدا 78 بەندکراوی فەلەستینیی ئازادکردووە. ماجد ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند، کۆمەڵەی سێیەم کە 39 بەندکراوی فەلەستینی لەخۆ دەگرێت ئەمڕۆ ئازاد کران.
لە هێرشەکانی 7ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ، چەکدارانی حەماس، لانیکەم 240 ئیسرائیلی و بیانیان دەستبەسەر کرد و لەگەڵ خۆیان بردیاننەوە بۆ کەرتی غەززە.
لە بەرامبەر ئەو هێرشە، ئیسرائیل لە ئاسمان و زەوییەوە، هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکرد و بەگوێرەی بەرپرسانی تەندروستیی کەرتەکە، نزیکەی 15 هەزار فەلەستینی کوژراون.
بەشێکی دیکەی ئەو رێککەوتنەی لەنێوان حەماس و ئیسرائیل هەیە، ئەوەیە بڕیارە ئیسرائیل رێگەبدات هاوکاری مرۆیی و پێداویستییە سەرەتاییەکان بگەنە غەززە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ