لە بڕیارێکی نوێدا، ڤاتیکان فرەژنی رەتدەکاتەوە

26-11-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ڤاتیکان هاوسەرگیری وەک "یەکگرتنێکی تایبەت و درێژخایەن" لەنێوان یەک پیاو و یەک ئافرەت وەسف دەکات و دژایەتیی کەنیسەی کاسۆلیکیش بۆ دیاردەی فرەژنی دووپات دەکاتەوە.
 
رۆژی سێشەممە ڤاتیکان بەڵگەنامەیەکی بەناوی "یەک جەستە: لە ستایشی یەک هاوسەریدا" بڵاوکردەوە، کە لەلایەن پاپا لیۆی چواردەهەم، پاپای ڤاتیکانەوە پەسند کرا.
 
لەو رێکارە نوێیەی ڤاتیکان دا هاتووە، "فرەژنی پێچەوانەی یاسای ئەخلاقییە، ئەمە بە شێوەیەکی بنەڕەتی دژی ژیانی هاوبەشی هاوسەرییە."
 
پرسی فرەژنی لەنێو ڤاتیکان دا بووەتە پرسێکی گەرم، ئەمەش بەهۆی زیادبوونی ئەو دیاردەیە لەلایەن کریستیانە کاسۆلیکییەکانی ئەفریقا. ڤاتیکان لەو بڕیارەدا دووپاتیکردووەتەوە، "تاک هاوسەری، یەکسانی و کەرامەتی ژنان دەپارێزێت."
 
هەروەها لە درێژەی بەڵگەنامەکەی ڤاتیکان دا هاتووە، "هیچ بوارێک بۆ فرەژنی نییە." ئاماژەش بە قسە بەنێوبانگەکەی قەشە تۆماس ئەکویناس دەکات، کە دیاردەی فرەژنی بە "جۆرێک لە کۆیلایەتی" بەراورد کردووە.
 
لەبارەی ئەو یاداشتە نوێیەی ڤاتیکان، کاردینال ڤیکتۆر مانوێل فێرناندێز، سەرۆکی بەشی مەزهەبیی ڤاتیکان دەڵێت، "بەڵگەنامەکە نایەوێت دژی فرەژنی بێت، بەڵکو دەیەوێت دیاردەی تاک هاوسەری گەشە پێبدات."
 
ئەو ئاماژەی بەوەش کرد، ڤاتیکان ئێستا لە گفتوگۆدایە لەگەڵ کەنیسەکانی ئەفریقا و ناوچەکانی دیکەی جیهان کە فرەژنی تێیاندا بەردەوامە.
 
لەم بەڵگەنامە نوێیەدا، بۆ یەکەمجارە ڤاتیکان بە فەرمی باس لە زیادبوونی دیاردەی فرەژنی و فرە هاوبەش لەنێو کۆمەڵگەی وڵاتانی رۆژئاوا دەکات.
 
بەگوێرەی توێژینەوەیەکی ساڵی 2023ی سەنتەری توێژینەوەی پیوی ئەمریکا، نزیکەی یەک لەسەر سێی ئەمریکییەکان دەڵێن هاوسەرگیریی کراوە (واتە: ژن و مێردێک رێکبکەون پەیوەندیی سێکسییان لەگەڵ کەسانی دیکە بە ئاشکرا هەبێت) لە کۆمەڵگەی ئەمریکیدا، "تاڕادەیەک یان بە تەواوی قبووڵکراوە."
 
دوو پەرەگراف لە بەڵگەنامەکەدا فێرکارییەکانی بەڵگەنامەی ساڵی 1968ی پاپا پۆلی شەشەم دووپات دەکاتەوە، کە تایبەتە بە دایک و باوکێتی بەرپرسیارانە و پلاندانانی دروستکردنی خێزانی سرووشتی، لە هەمان کاتیشدا رێگریکردن لە دروستکردنی کۆرپەلە و دووگیانی بە ڕێگەی دەستکرد.
 
فێرناندێز ئاماژە بەوەش دەکات، بەگوێرەی بڕیارە نوێیەکە، "پێویستە خەڵک هەوڵ بدەن بۆشایی حەزیان لە رێگەی دیکەوە پڕبکەنەوە نەک ملکەچی خواستی خۆیان بن."
 
بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە، بڕیارە نوێیەکە یانیش بەڵگەنامە نوێیەکە بە هیچ شێوەیەک ئاماژەی بە زیادبوونی هاوڕەگەزخوازی نەکردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە