رووداو دیجیتاڵ
پەیامێکی سامناک لە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بۆ ژنان، "ئەگەری کوشتنتان لە ماڵەوە زیاترە وەکو لە دەرەوە و ژنکوژی لە جیهان بەرەو کەمبوونەوە ناچێت،" ئەمە ئەنجامی راپۆرتێکە کە UN سێشەممە لە رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژناندا بڵاویکردەوە.
سارا هێندریکس، بەڕێوەبەری پرۆگرامی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، "مەترسیدارترین شوێن لەڕاستیدا ماڵە. مەترسیدارترین شوێن لەناو ماڵدایە. هەموو 10 خولەک جارێک ژنێک یان کچێک لەلایەن هاوبەشی ژیانی یان ئەندامێکی خێزانەکەیەوە [لە جیهان] دەکوژرێت."
راپۆرتەکە دەڵێت، ساڵی پار نزیکەی 50 هەزار ژن لەلایەن کەسە نزیکەکانیانەوە کوژراون.
کاندیس وێڵش، بەڕێوەبەری بەشی شرۆڤەکاریی سیاسەت و کاروباری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "60%ی ئەو ژنانەی بە ئەنقەست دەکوژرێن، لەلایەن هاوبەشی ژیانیان یان ئەندامانی دیکەی خێزانەکەیانەوە دەکوژرێن، هەربۆیە ئێمە باسی ناو ماڵ دەکەین."
ئەوەش واتە لە کۆی هەر 10 تووندوتیژییەک لە ماڵەوە، 9یان دژی ژنە. راپۆرتەکە بەپێی کیشوەر، نەک وڵات، پۆلێنی جیهان دەکات و نیشانی دەدات، لە ماوەی 14 ساڵی رابردوودا زۆرترین ژن لە ئەفریقا کوژراوە، پاشان لە هەردوو کیشوەری ئەمریکا و ئاسیا. راپۆرتەکە باسی جۆرێکی دیکەی تووندوتیژی دژی ژنان دەکات کە لەڕێگەی تەکنەلۆجیاوە ئەنجامدەدرێت.
بەڕێوەبەری پڕۆگرامی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە رووداوی گوت، "لە داتاکانماندا دەبینین کە 90 بۆ 95%ی ڤیدیۆ ساختەکان (دیپ فەیک) لە سەرانسەری جیهاندا هی ژنانن، بەتایبەت وێنەی سێکسیی ژنانن."
بەڵام تەکنەلۆجیا سوودیشی هەبووە. کالیۆپی مینگیرۆ، سەرۆکی بەشی نەهێشتنی تووندوتیژی دژی ژنان لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پێشڤەچوونی زۆرمان دیوە لەسەر ئەوەی چۆن بتوانین ژیریی دەستکرد بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری بەکاربهێنین، بۆ نموونە بۆ کۆکردنەوە و شرۆڤەی بەڵگەی تاوان."
بۆ بنبڕکردنی تووندوتیژی دژی ژنان، نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، گرنگە لە بڕیاردان و دامەزراوەکانی دەوڵەتدا بەشدارییان پێبکرێت، جا ئەوە لە ئەمریکا بێت یان کوردستان.
ئانەلینا بێرباک، سەرۆکی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە دۆحە، لەگەڵ وەزیری ژنان و خێزان و منداڵان و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی سووریا کۆبوومەوە، ئەو جەختی لەسەر گرنگیی بەشداریپێکردنی ژنان لە هەنگاوەکانی داهاتووی سووریا کردەوە، بێگومان ئەمە ژنانی کوردی سووریاش دەگرێتەوە، هەروەها کەرتی ئاسایشیش دەگرێتەوە."
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، ژنکوژی دەکرێت بنبڕ بکرێت، "بەڵام بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، پێویستمان بە هاریکاریی فرەلایەنە لەنێوان حکومەتەکان، کۆمپانیاکانی تەکنەلۆجیا و کۆمەڵگەکانی جیهان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ