رووداو دیجیتاڵ
بەرنامەی خۆراکی جیهانی (WFP) کە سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە، هۆشدارییەکی تووندی دا لەبارەی قەیرانی برسێتی لە سوودان و رایگەیاند، دوو ساڵ و نیو شەڕی ناوخۆ، زیاتر لە 21.2 ملیۆن کەسی رووبەڕووی برسێتیی تووند کردووەتەوە و قاتوقڕی لە دوو ناوچەدا بە فەرمی پشتڕاستکراوەتەوە. ئاژانسەکە جەختی کردەوە، سەرەڕای ئەوەی توانیویانە لە هەندێک ناوچە برسێتی کەم بکەنەوە، بەڵام بۆ بەردەوامبوون و فراوانکردنی یارمەتییەکانیان پێویستیان بە 662 ملیۆن دۆلاری بەپەلە هەیە.
بەگوێرەی WFP، قەیرانی برسێتیی سوودان، "لەلایەن مرۆڤەوە دروست کراوە و لە ئەنجامی ململانێوەیە." ئێستا 45٪ـی دانیشتووانی وڵاتەکە بەدەست نائاسایشی خۆراکەوە دەناڵێنن و 375,000 کەس رووبەڕووی برسێتیی کارەساتبار بوونەتەوە.
قاتوقڕی لە فاشیر و کادوگلی
رێکخراوەکە پشتڕاستی کردەوە، خەڵک لە دوو ناوچەدا تووشی قاتوقڕی بوون: شارەکانی فاشیر و کادوگلی. هەردوو ناوچەکە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان دابڕاون. ئاژانسەکە لە مانگی نیسانی 2024ـەوە هۆشداریی لەبارەی دۆخی فاشیرەوە دابوو، کاتێک شارەکە گەمارۆ درا.

شۆن هیوز، هاوئاهەنگیکاری فریاگوزاریی هەرێمی لە WFP، رایگەیاند: "دوو کێشەی سەرەکیمان هەیە، بەتایبەتی لەو ناوچانەی زۆرترین کاریگەریی ململانێیان لەسەرە، وەک ویلایەتەکانی دارفوور و کۆردۆفان. یەکەم کێشە، دەستڕاگەیشتنە، کە کاریگەریی لەسەر شارەکانی وەک فاشیر و کادوگلی هەیە. دووەم کێشە، کەمیی سەرچاوەیە. ئێمە مانگانە یارمەتیی 4 بۆ 5 ملیۆن کەس دەدەین، بەڵام زۆربەیان بەشەخۆراکی کەمکراوە وەردەگرن و تاوەکو مانگی یەک، هیچ سەرچاوەیەکمان نابێت بۆ بەردەوامبوون."
گەیشتنی یارمەتییەکان: هیوایەک لەنێو وێرانکارییەکاندا
سەرەڕای سەختیی دۆخەکە، WFP توانیویەتی لە ساڵی 2024ـدا یارمەتییەکانی بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات. ژمارەی ئەو کەسانەی ئێستا یارمەتی وەردەگرن، دوو هێندەی هەمان ماوەی پارە. لەو ناوچانەی پێشتر قاتوقڕییان تێدا راگەیێندرابوو، ژمارەی سوودمەندان سێ هێندە بووە و 85٪ـی دانیشتووانی ئەو ناوچانە یارمەتیی مانگانە وەردەگرن.
یەکێک لە دەستکەوتەکان، گەیشتنی یەکەم کاروانی گەورەی هاوبەشی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو بە کادوگلی لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمدا، کە لە سەرەتای ململانێکەوە بێوێنە بووە. ئەمەش رێگە بۆ کردنەوەی رێڕەوێکی مرۆیی بەردەوام بۆ شارە گەمارۆدراوەکە خۆش دەکات.
"کاتێک یارمەتیمان پێدەگات، ئەوکات دەتوانین نان بخۆین"
خێزانە ئاوارەکان چیرۆکی تراژیدی دەگێڕنەوە. سیتانا، کە لەگەڵ منداڵەکانیدا لە خەرتومەوە بۆ پۆرت سوودان هەڵاتووە، باسی هێرشی سەربازەکان و لەدایکبوونی کوڕەکەی دەکات بە کێشێکی کەمەوە بەهۆی برسێتیی دایکییەوە لە کاتی دووگیانیدا. ئەو دەڵێت: "خۆراکی پێویست نەبوو و ئاوەکەش بۆ خواردنەوە سوێر بوو."

ئەنگام، کە لەگەڵ دوو منداڵەکەیدا لە فاشیر هەڵاتووە، دەڵێت: "کاتێک یارمەتیمان پێدەگات، ئەوکاتە دەتوانین نان بخۆین، بەڵام پێویستیمان بە بەتانی و جلوبەرگی گەرمە بۆ بەرگەگرتنی ئەم سەرما و نەخۆشییانە."
داواکارییەک بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی
بەرنامەی خۆراکی جیهانی داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات بە "بودجەی بەپەلە و پابەندبوونی سیاسیی بەردەوام، ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن، بۆ گەرەنتیکردنی دەستڕاگەیشتنی مرۆیی و گوشارکردن بۆ ئاشتییەکی بەردەوام."
بۆ شەش مانگی داهاتوو، رێکخراوەکە پێویستی بە 662 ملیۆن دۆلار هەیە. بۆ ئەوەی بەم بڕە پارەیە، دەتوانن مانگانە یارمەتیی 8 ملیۆن کەس بدەن و مەترسیی قاتوقڕی لە ناوچە هەرە زیانلێکەوتووەکاندا کەم بکەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ