رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاگرێکی گەورە لە هەشت باڵەخانەی نیشتەجێبوون لە هۆنگکۆنگ کەوتەوە و بەهۆیەوە لانیکەم 36 کەس گیانیان لەدەستدا، میدیای خۆجێیش دەڵێت، چەند کەسێک لەنێو باڵەخانەکاندا گیریان خواردووە.
ئاگرەکە سەرەتا لە چەند ئەسکەلەیێکی کرێکاران دروستبوو، دواتر چەند شوقەیەکى لە کۆمەڵگەی وانگ فوک کۆرت لە ناوچەى تای پۆی گرتەوە، پاشان بەشەکانی دیکەی باڵەخانەکانیشی گرتەوە.
لەگەڵ خۆرئاوابوون، بڵێسەی ئاگرەکە ئاپارتمانەکانی رووناک کردەوە، تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵەش ئاگرەکە کۆنترۆڵ نەکراوە.
سۆ، دانیشتوویەکی تای پۆ تەمەن 57 ساڵ، لە نزیک شوێنی ئاگرەکە بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت: "هیچ شتێک نییە بتوانین لەبارەی موڵک و ماڵەوە بیکەین. تەنیا دەتوانین هیواداربین هەمووان، گەورە و بچووک، بە سەلامەتی بگەڕێنەوە."
بەڕێوەبەرایەتیی ئاگرکوژێنەوەی هۆنگکۆنگ رایگەیاند، 36 کەس گیانیان لەدەستداوە، لەنێویاندا نۆ کەس لە شوێنی رووداوەکە و چواری دیکەش دوای گەیاندنیان بە نەخۆشخانە گیانیان لەدەستداوە. یەکێکیان کارمەندى ئاگرکوژێنەوە بووە.
هەروەها رایگەیاند، دواتر 15 کەسی دیکە برینداربوون، کە دووانیان بەهۆی سەختیی برینەکانیانەوە لە نەخۆشخانە خەوێندراون. هاوکات، باس لە بێسەروشوێنبوونی 200 کەس دەکرێت.
لەگەڵ هاتنی شەودا، دەسەڵاتداران ئاگرەکەیان وەکو ئاگرێکی پلە پێنج، کە بەرزترین ئاستی مەترسییە، راگەیاند.
دەسەڵاتداران هێڵێکی گەرمی پەیوەندییان بۆ قوربانیان راگەیاند و دوو پەناگەی کاتییان لە سەنتەرە کۆمەڵایەتییەکان بۆ دانیشتووانی شوێنی رووداوەکە کردەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاگرکوژێنەوە ئامۆژگاریی دانیشتووانی نزیک باڵەخانەکانی کرد، "لە ماڵەکانیان بمێننەوە، دەرگا و پەنجەرەکانیان دابخەن و ئارامبن."
هۆنگکۆنگ، هەرێمێکی خۆبەڕێوەبەریی چینە و بە باڵەخانە بەرزەکانی نیشتەجێبوون بەنێوبانگە.
دەسەڵاتداران هێشتا لەبارەی هۆکارى ئاگرکەوتنەوەکە هیچ لێدوانێکیان نەداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ