ترەمپ دەبێت 83 ملیۆن دۆلار وەک قەرەبوو بداتە ژنێک

27-01-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بە تۆمەتی دەستدرێژیکردنە سەر ژنێک لە ساڵی 1996، دۆناڵد ترەمپ سزای قەرەبووی 83 ملیۆن دۆلاری لەلایەن دادگەیەکی نیویۆرکەوە بەسەردا سەپێندرا. ترەمپ تۆمەتەکە رەتدەکاتەوە و بە گاڵتەجاڕی ناوی دەبات و تانە لە بڕیارەکە دەدات.
 
رۆژی هەینی، 26-1-2024 دادگەیەکی نیویۆرک لە ئەمریکا سزای قەرەبووکردنەوەی دارایی بەبڕی 83.3 ملیۆن دۆلار بەسەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و بەربژێری سەرۆکایەتی داهاتووی ئەو وڵاتە سەپاند.
 
تۆمەتەکەی سەر ترەمپ دوای سکاڵای ژنێک هات کە نووسەر و رۆژنامەڤانێکی ئەمریکییە و ناوی ئی جین کارۆڵە کە گوایە لە ساڵی 1996 ترەمپ لە ژووری جلگۆڕین لە مۆڵێک دەستدرێژیی سێکسی کردووەتە سەر و دواتر دوای چەند ساڵێک ترەمپ ناوی ئەو ژنەی زڕاندووە و چەند جارێک بە "ژنێکی هەڵخەڵەتێنەر" ناوی بردووە.
 
دۆناڵد ترەمپی 77 ساڵ لە دادگەکە ئامادەبوو، بەڵام پێش تەواوبوونی دادگەییەکە ئەوێی جێهشت و رایگەیاند، "ئەمە گاڵتەجاڕییە و ئەمە ئەمریکا نییە". 
 
هەرچەندە کارۆڵ خۆی داوای 10 ملیۆن دۆلاری قەرەبووی ناوزڕاندنی کردبوو، بەڵام دادگەکە هەشت هێندەی ئەو پارەیەی بەسەر ترەمپدا سەپاند. ئەمە دووەم دانیشتنی دادگە بوو لەسەر بابەتی کارۆڵ و ترەمپ.
 
 ساڵی رابردوو، دادگەکە یەکەم دانیشتنی لەسەر سکاڵای کارۆڵ کرد کە گوتبووی ترەمپ دەستدرێژی کردووەتە سەر، ناوی زڕاندووە و بێڕێزیی پێکردووە. ترەمپ تانەی لە بڕیاری یەکەم دانیشتن دا و تا ئێستا ئەنجامی تانەکە یەکلایی نەبووەتەوە. سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دەڵێت، تانە لە بڕیارە نوێیەکەش دەدات. تاوەک هەموو تانەکان یەکلایی نەبنەوە، کارۆڵ ناتوانێت هیچ بڕە پارەیەک وەربگرێت.
 
دۆناڵد ترەمپ پێشتر چەند جارێک بەهۆی چەند تۆمەتێکی جیاوازەوە ئامادەی دادگە بووە. 
 
رۆژی 2ـی تشرینی یەکەمی 2023، دۆناڵد ترەمپ لە دادگەی باشووری مەنهاتن لە ویلایەتی نیویۆرک ئامادەبوو.
 
دۆناڵد ترەمپ، جۆن ترەمپ و ئێریک ترەمپی کوڕی بەوە تۆمەتبارن کە لەنێوان ساڵی 2011 و 2021، ساڵانە 1.9 تاوەکو 3.6 ملیار دۆلار بەشێوەیەکی نادروست بەهای موڵک و پشکەکانیان زیادکردووە بۆ ئەوەی بتوانن قەرزی زیاتر و بیمەی زیاتر لە بانک وەربگرن.
 
لەوبارەوە ترەمپ دەڵێت، "دادوەر زانیاری زۆر هەڵەی لەبارەی قەبارەی سامانەکەم پێدراوە. نابێت کەس نرخی کۆمپانیایەکی تایبەت بزانێت، بەڵام ئێستا هەموو کەس دەزانێت؛ دادوەر زانیاری هەڵەی پێدراوە، ئەوەش لەلایەن داواکارێکی گشتی گەندەڵ و بێتواناوە." 
 
لە ئەگەری دۆڕاندنی کەیسەکە، دەکرێت ترەمپ و کۆمپانیاکەی کە تایبەتە بە کڕینی خانووبەرە بە ناوی ترەمپ هۆڵدینگ، 250 ملیۆن دۆلار سزا بدرێن و کارکردنیشیان لە نیویۆرک لێ قەدەخە بکرێت.
 
ترەمپ سێ تۆمەتی دیکەشی لەسەرە؛ دووانیان پەیوەندییان بە هەوڵەکانی بۆ گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی 2020 و ئەوی دیکەش پەیوەندی بە بەرتیلدانەوە هەیە.
 
لە هەڵبژاردنی ساڵی 2020دا دۆناڵد ترەمپ و جۆ بایدن دوو بەربژێری سەرەکی بوون. دۆناڵد ترەمپ هەڵبژاردنەکەی دۆڕاند و دوای ئەوەش داوای لە لایەنگرانی کرد بڕژێنە سەر شەقام و ئەنجامی هەڵبژاردنەکە قبووڵ نەکەن و لە 6-1-2021 بەشێک لەلایەنگرانی ترەمپ هەڵیانکوتایە سەر کۆنگرێس.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ڤۆلۆدیمیر زیلینکسی، سەرۆکی ئۆکراینا و ستیڤ ویکتۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ لە ئەڵمانیا کۆبوونەوە. وێنە: AFP

ئۆکراینا: لە گفتوگۆکانمان لەگەڵ ئەمریکا پێشکەوتنی راستەقینە بەدەستهاتووە

بەرپرسی باڵای دانوستاندنکاری کیێڤ رایگەیاند، لە چوارچێوەی گفتوگۆ چڕەکانی دوو رۆژی رابردوودا لەگەڵ شاندێکی ئەمریکی لە بەرلین، کە بە ئامانجی دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی رووسیا لە ئۆکراینا بەڕێوەچوو، "پێشکەوتنی راستەقینە" بەدەستهاتووە.