رووداو دیجیتاڵ
وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لەسەر دەستپێکردنی کەمکردنەوەی سزاکانی سەر سووریا رێککەوتن. بەرپرسێکی باڵا دەڵێت، نابێت هەنگاوی هەڵە بنرێت.
دووشەممە، 27-01-2025، کایا کالاس، جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە ئێکس نووسی: "وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لەسەر نەخشەڕێگەیەک بۆ سووککردنی سزاکانی سەر سووریا رێککەوتن. ئامانجمانە بەخێرایی بچینە پێش، بەڵام ئەگەر هەنگاوی هەڵە [لە سووریا] بنرێت؛ لابردنی سزاکان پێچەوانە دەبێتەوە."
پێش ئەو راگەیێندراوە، کالاس لە برۆکسلەوە قسەی بۆ زنار شینۆ، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی: "چاوەڕێ دەکرێت ئەمڕۆ وەزیرانی دەرەوە بۆ ئامادەکردنی نەخشەڕێگەیەک بۆ سووککردنی سزاکانی سەر سووریا رێکبکەون. روونە ئێمە هەنگاو بە هەنگاو دەڕۆین؛ بۆیە بە هەڵگرتنی هەندێک سزا دەستپێدەکەین، ئەوانیش پێویستن بۆ بونیاتنانەوەی وڵاتەکە، دواتر ئەگەر بینیمان هەنگاوەکانیان بە ئاراستەی ئەرێنی دەڕۆن، ئێمەش ئامادە دەبین هەنگاوی دیکە بنێین."
رۆژی 08-12-2024 دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا رووخا و دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) چووە سەر حوکم. ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەسەڵاتی راگوزەری سووریا ئێستا دەیەوێت پەیوەندییەکانی سووریا لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و رۆژئاوایی چاک بکاتەوە، داواشی کردووە بۆ ئەوەی دەست بە بووژانەوەی سووریا بکەنەوە، سزاکان لابدەن.
لەگەڵ دەستپێکی شەڕی ناوخۆی سووریا لە 2011، ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا چەند سزایەکی قورسیان بەسەردا سەپاند. دیمەشق لە بازاڕی دەرەوە و قازانجی بازرگانی بێبەشکرا و ئاڵوگۆڕی ئابووریی وڵاتەکە لەگەڵ جیهانی دەرەوە پچڕا.
ژان نۆیێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لەگەڵ گەیشتنی بە برۆکسل بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکە گوتی: "لەبارەی سووریا، ئێمە بەنیازن ئەمڕۆ چەند سزایەکی دیاریکراو هەڵبگرین و رابگرین، کە خرابوونە سەر کەرتەکانی گواستنەوە و وزە، هەروەها سەر دامەزراوە داراییەکان کە بۆ دووبارە بونیادنانەوەی وڵاتەکە گرنگن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ