رووداو دیجیتاڵ
مارک رووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ رۆژی دووشەممە هۆشداری دایە ئەورووپا کە ناتوانێت بەبێ ئەمریکا بەرگری لە خۆی بکات. ئەم قسانەی رووتە وەک وەڵامێک بوو بۆ ئەوانەی داوا دەکەن ئەورووپا لە رووی سەربازییەوە سەربەخۆ بێت، بەتایبەتی دوای ئەو گرژییانەی لەسەر کێشەی "گرینلاند" دروست بوون.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی ئەوەی کردبوو کە دەست بەسەر گرینلانددا دەگرێت، کە هەرێمێکی سەربەخۆی سەر بە دانیمارکە، بەڵام دوای گفتوگۆ لەگەڵ رووتە، لە بڕیارەکە پاشگەز بووەوە. ئەم کێشەیە وایکرد هەندێک لایەن لە ئەورووپا داوا بکەن بۆ کاروباری سەربازی پشت بە واشنتن نەبەستن و هەڵوێستی تووندتر بەرامبەر ترەمپ وەربگرن.
رووتە لە پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا بە پەرلەمانتارانی گوت: "ئەگەر کەسێک وا بیر دەکاتەوە کە یەکێتیی ئەورووپا، یان ئەورووپا بەگشتی دەتوانێت بەبێ ئەمریکا بەرگری لە خۆی بکات، ئەوا با بەردەوام بێت لە خەونبینین، چونکە ناتوانن."
سکرتێری ناتۆ روونیکردەوە، ئەگەر وڵاتانی ئەورووپا بیانەوێت بەتەنیا بن، دەبێت بودجەی سەربازیی خۆیان دوو هێندە زیاد بکەن (لە 5٪ـی داهاتی ناوخۆ بۆ 10٪) و ملیاران دۆلار خەرج بکەن بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی.
رووتە گوتیشی: "ئەوکات گەورەترین گەرەنتیی ئازادیی خۆمان لەدەست دەدەین کە بریتییە لە چەتری ئەتۆمیی ئەمریکا، بۆیە بەختێکی باش بۆ ئێوە."
جان نۆێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس وەڵامی دایەوە و نووسیویەتی: "ئەورووپییەکان دەتوانن و دەبێت بەرپرسیارێتیی ئاسایشی خۆیان لە ئەستۆ بگرن."
رووتە دژایەتیی خۆی بۆ پێشنیازێکی بەرپرسی بەرگریی یەکێتیی ئەورووپا نیشاندا کە باسی لە دروستکردنی "سوپای ئەورووپا" کردبوو بۆ شوێنگرتنەوەی هێزەکانی ئەمریکا. رووتە گوتی: "ئەمە کارەکان ئاڵۆزتر دەکات، پێموا نییە کەسێک هێندەی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا ئەمەی پێ خۆش بێت."
سەبارەت بە گرینلاند، رووتە گوتی ناتۆ بەرپرسیارێتیی زیاتر لە جەمسەری باکوور لە ئەستۆ دەگرێت، بەڵام مانەوەی ئەمریکا لەو دوورگەیە پەیوەندیی بە دانیمارک و دەسەڵاتدارانی گرینلاندەوە هەیە.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، بیری ترەمپی هێناوەتەوە هاوپەیمانانی ناتۆ باجێکی زۆریان لە ئەفغانستان داوە، گوتی: "لە بەرامبەر هەر دوو سەربازی ئەمریکی کە گیانیان لەدەستداوە، سەربازێکی وڵاتانی هاوپەیمان یان هاوبەشی ناتۆش نەگەڕاوەتەوە ماڵەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ