رووداو دیجیتاڵ
وەزیرانی دەرەوەی حەوت وڵاتە پیشەسازییە گەورەکەی جیهان کە بە کۆمەڵەی حەوت (G7) ناسراون، داوای راگرتنی دەستبەجێی هێرشەکان لە لایەن ئێرانەوە بۆسەر خەڵکی سڤیل و ژێرخانە مەدەنییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکەن؛ هەروەها داوا لە ئێران دەکەن جووڵەی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز ئاسایی بکاتەوە.
لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا کە رۆژی هەینی بڵاوکرایەوە، وەزیرانی دەرەوەی هەریەکە لە ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، کەنەدا و ژاپۆن دوای کۆبوونەوەی وەزیرەکان لە فەرەنسا، جەختیان کردەوە کە "هیچ پاساوێک بۆ بەئامانجگرتنی بە مەبەستی خەڵکی سڤیل و نێردە دیپلۆماسییەکان لە کاتی ململانێ چەکدارییەکاندا نییە."
تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکە کە لە شارۆچکەی (سێرنای لا ڤیل) لە نزیک پاریس بەڕێوەچوو، پرسی داخستنی تەنگەی هورمز بوو لەلایەن ئێرانەوە. ئەم هەنگاوەی تاران بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی وزە لە بازاڕەکانی جیهاندا.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "دووبارەی دەکەینەوە کە پێویستییەکی رەها هەیە بۆ گەڕانەوەی هەمیشەیی و بێبەرامبەری ئازادیی جووڵە لە تەنگەی هورمزدا."
وەزیرەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە کار دەکەن بۆ کەمکردنەوەی شۆکە ئابوورییە جیهانییەکان و پاراستنی زنجیرەی دابینکردنی وزە و خۆراک.
وەزیرانی کۆمەڵەی حەوت هۆشدارییان دا کە بەردەوامیی تێکچوونی زنجیرەی دابینکردنی بازرگانی و وزە، کاریگەریی راستەوخۆ و خراپی لەسەر ژیانی هاووڵاتییانیان لە سەرانسەری جیهان دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ