ماکرۆن: رق و کینەی ئایینی لە فەرەنسا جێی نابێتەوە

27-04-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، رق و کینە و رەگەزپەرستی لە فەرەنسا جێگەیان نابێتەوە. وەزیری ناوخۆی فەرەنساش دوای کوژرانی موسڵمانێک لە باشووری وڵاتەکەیان دەڵێت، ئاسایشی مزگەوتەکان پتەوتر دەکەن.
 
رۆژی یەکشەممە، 27ی نیسانی 2025، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە ئێکس بڵاویکردەوە، "رەگەزپەرستی و رق و کینەی ئاینی لە فەرەنسا جێگەیان نابێتەوە. ناکرێت ئازادیی پەرستش پێشێل بکرێت". دەشڵێت، پاڵپشتیی خۆیان بۆ موسڵمانانی وڵاتەکەیان زیاد دەکەن. 
 
رۆژی هەینی، لە مزگەوتێکی گوندی لا گراندی لە هەرێمی گارد کەسێک بە چەقۆ هێرشیکردە سەر ئەبوبەکر سیسێ،کە گەنجێکی تەمەن 20 ساڵی خەڵکی مالی بوو و کوشتی. پێش کوشتنی گەنجەکە، هێرشکارەکە گوتەی نەشیاوی لە نزیک گەنجەکە بەرامبەر ئیسلام بەکارهێناوە و گرتەکەشی بە مۆبایلەکەی تۆمارکردووە، دواتر، گرتەکەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردەوە.
 
لە کاتی هێرشەکەدا گەنجە 20 ساڵانەکە و هێرشکارەکە بەتەنیا لەنێو مزگەوتەکەدا بوون.
 
فرانکۆیس بایرۆو، سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا هێرشەکەی سەرکۆنە کرد. ئەمڕۆ لە گوندی لا گراندی هەزار کەس بەشداری رێوڕەسمی ناشتنی گەنجەکەیان کرد. 
 
سەرچاوەیەک کە ئاگادارە لە کەیسەکە بە میدیای فەرەنسای گوت، گومانلێکراوەکە دەستگیرنەکراوە بەڵام ناسراوەتەوە. دەشڵێت، ئەو دانیشتوویەکی فەرەنسی خەڵکی بۆسنایە و موسڵمان نییە. هەروەها، پێش هێرشەکە هاووڵاتییە بۆسنیەکە لە تەنیشت ئەبوبەکر سیسێ نوێژیکرد، ئەمە پێش ئەوەی نزیکەی 50 چەقۆی لێبدات.
 
برونۆ ریتایلیاو، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا رایگەیاند، هەموو هەرێمەکانی وڵاتەکەی ئاگادار کردووەتەوە کە پێویستە هەموو مزگەوتەکانی وڵاتەکەی باشتر لە رابردوو بپارێزرێن. 
 
ئەنجوومەنی فەرەنسی بۆ باوەڕی ئیسلامی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، تاوانێکی "تۆقێنەرە" و لەلایەن "هێرشکارێکی تیرۆرستی دژی موسڵمانان" بووە. گوتیشی، پێویستە هەموو موسڵمانانی فەرەنسا وریابن. 
 
عەبدولکەریم گرینی، داواکاری گشتیی هەرێمی لە هەرێمی گارد رایگەیاند، هێرشکارەکە ناوی ئۆلیڤێر ئـ._یە و ساڵی 2004 لە فەرەنسا لەدایکبووە. دەشڵێت، ئەو پێشتر هیچ تاوانێکی نەکردووە و کەسێکی بێکار بووە. 
 
دەشڵێت، پێدەچێت هۆکاری پشت هێرشەکە ئیسلامۆفۆبیا بووبێت و لێکۆڵەرانیش کار لەسەر ئەو هۆکارە وەکو دیارترین هۆکاری رووداوەکە دەکەن. 
 
بە گوێرەی میدیای فەرەنسا، نزیکەی 10٪ی دانیشتووانی ئەو وڵاتە موسڵمانن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە