رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری بە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا دەدات و دەڵێت، "یاری بە ئاگر دەکات"، ئەوەش دوای ئەوە دێت کە گفتوگۆکانی رووسیا و ئۆکراینا هێشتا بێ ئەنجام ماونەتەوە.
رۆژی سێشەممە، 27ـی ئایاری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی خۆی تروس سۆشیال هێرشی کردە سەر پووتین و گوتی، "ئەوەی پووتین لێی تێناگات ئەوەیە ئەگەر من نەبوومایە، شتی زۆر خراپ بەسەر رووسیا دەهات."
ترەمپ روونینەکردەوە ئەو شتە خراپانە چین بەسەر رووسیادا دەهاتن، بەڵام گوتی، "مەبەستم ئەوەیە شتی یەکجار خراپ" روویدەدا.
کۆتایی هەفتەی رابردوو، رووسیا هێرشێکی بەرفراوانی ئاسمانی کردە سەر ئۆکراینا و بەوهۆیەوە لانیکەم 13 کەس کوژران.
ترەمپ رۆژی شەممە، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشال لەبارەی پووتینەوە نووسی، "من هەمیشە پەیوەندییەکی باشم لەگەڵ ڤیلادمیر پووتینی رووسیادا هەبوو، بەڵام ئەو شتێکی بەسەر هاتووە. ئەو بە تەواوی شێت بووە."
گوتەکانی ترەمپ لەکاتێکدان، ئەمڕۆ میدیای ئەمریکی ئاماژەی بەوە کردووە، رەنگە ئەم هەفتەیە ترەمپ سزای نوێ بەسەر رووسیادا بسەپێنێت.
ترەمپ رۆژی یەکشەممە بە رۆژنامەڤانانی راگەیاندبوو کە "بە دڵنیاییەوە" بیر لە زیادکردنی سزاكان بۆ سەر مۆسكۆ دەكاتەوە.
گوتەکانی ئێستای سەرۆکی ئەمریکا گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە هەڵوێستی پێشووی بەرامبەر پووتین، کە زۆرجار بە سەرسامییەوە باسی دەکرد و پێشتر خۆی لە رەخنەگرتن لێی بەدوور دەگرت.
هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا بەردەوامن، ئەوەش سەرەڕای ئەوەی 8 رۆژ لەمەوبەر ترەمپ و پووتین بە تەلەفۆن قسەیان کرد، کە تێیدا سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، سەرۆکی رووسیا رازی بووە "دەستبەجێ" دەست بە گفتوگۆکانی ئاگربەست بکات.
مۆسکۆ کیێڤی بە هەوڵدان بۆ "تێکدانی" هەوڵەکانی ئاشتی تۆمەتبار کردووە و دەڵێت، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەم دواییانە بۆ سەر ئۆکراینا "وەڵامێک" بووە بۆ زیادبوونی هێرشە درۆنییەکانی ئۆکراینا بۆ سەر هاووڵاتییانی سیڤیل.
بەم دواییانە، بە تێپەڕبوونی کات، بێزاریی ترەمپ لە چەقبەستنی دانوستاندنی ئاشتیی مۆسکۆ و کیێڤ زیاد بووە.
کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سوێندی یاسایی خوارد و هەڵمەتێکی بۆ ئاگربەستی جەنگی ئۆکراینا دەستپێکرد، بەڵام تاوەکو ئێستا جگە لە ئاگربەستی کورت مەودا و ئازادکردنی چەند بارمتەیەکی یەکدی هیچی دیکەی لێ نەکەوتووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ