ماکرۆن بۆ رووداو: کورد دەتوانێت پشتمان پێ ببەستێت

27-06-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
پرسیار و وەڵامی ئاڵا شاڵی و ئیمانوێل ماکرۆن
پرسیار و وەڵامی ئاڵا شاڵی و ئیمانوێل ماکرۆن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی فەرەنسا لە وەڵامی پرسیارێکی رووداودا رایگەیاند، دۆخی ئێستای کەمینەکان لە سووریا "قبووڵنەکراوە" و جەختی کردەوە کە فەرەنسا بە وردی چاودێریی دۆخەکە دەکات. گوتیشی، کورد دەتوانێت پشتیان پێ ببەستێت.
 
رۆژی پێنجشەممە، 26ـی حوزەیرانی 2025، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئەورووپا لە برۆکسل وەڵامی پرسیاری ئاڵا شاڵی، نێردراوی رووداوی دایەوە. 
 
سەبارەت بە ناڕەزایەتیی کورد، دروز و عەلەوییەکان لە دەستووری کاتیی سووریا و داواکاریی کورد بۆ ئۆتۆنۆمی، ماکرۆن رایگەیاند، رێزگرتن لە هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی یەکێک بووە لە کارە سەرەکییەکان کە لەگەڵ "سەرکردەی نوێی سووریا" خستوویانەتەڕوو و گوتی: "من و هەموو هاوکارەکانم زۆر روون بووین لە جەختکردنەوە لەسەر ئەم خاڵە."
 
سەرۆکی فەرەنسا باسی لەوە کرد، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی نوێی لەگەڵ سەرۆکی قۆناخی راگوزەری سووریا (ئەحمەد شەرع) رێکخستووە "بۆ ئەوەی پێداگری لەسەر ئەم خاڵە بکەمەوە."
 
ماکرۆن دۆخی ئێستای کەمینەکانی لە سووریا بە "قبووڵنەکراو" ناوبرد و گوتی: "پێویستە دۆخەکە باشتر بکەین. دۆخی ئێستا قبووڵنەکراوە، بەتایبەتی دوای هێرشە تیرۆریستییەکان و هەروەها بەرامبەر بە بەشێک لە کەمینەکان."
 
ماکرۆن لە رێگەی رووداوەوە دڵنیایی دایە کورد و گوتی: "ئێوەش بایەخی روونی کۆماری فەرەنسا بە گەلی کورد لە عێراق، سووریا و هەموو شوێنێک دەزانن و زۆر بە وردی چاودێریی دۆخەکە دەکەین، دەتوانن پشتمان پێ ببەستن."
 
سەبارەت بە پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران و دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکانی نێوان تاران و واشنتن، ماکرۆن جەختی لەسەر هەڵوێستی روون و یەکگرتووی ئەورووپا کردەوە.
 
سەرۆکی فەرەنسا گوتی: "لە ئەورووپا یەکدەنگییەکی تەواو هەیە لەسەر ئەوەی کە نابێت ئەم پرۆگرامە دەستپێبکاتەوە و بە هەموو شێوەیەک رێگری بکرێت لەوەی ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات."
 
ماکرۆن گرنگیی دەستپێکردنەوەی رێگە دیپلۆماسییەکان و رۆڵی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی (IAEA) دووپاتکردەوە و رایگەیاند: "دەمانەوێت زۆر لە نزیکەوە لەگەڵ ئەمریکا و لایەنەکانی دیکە و ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان کار بکەین."
 
دەقی پرسیاری رووداو و وەڵامی سەرۆکی فەرەنسا

ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو: جەنابی سەرۆک زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە. دوای راگەیاندنی ئاگربەست، ئەمریکا و ئێران بڕیارە دەست بە گفتوگۆ بکەنەوە، فەرەنسا و یەکێتیی ئەورووپا لە کوێی ئەم گفتوگۆیانە دەبن. دووەم پرسیاریشم کە زۆر گرنگە بۆ کورد ئەوەیە کە کورد، دروز و عەلەوی لە دەستووری کاتیی سووریا ناڕازین و دیمەشقیش هیچ ناکات بۆ رازیکردنیان، ئێوە دەتانەوێت چۆن کورد و کەمینەکانی دیکە لە سووریا رازیبکرێن؟ بەتایبەتیش دوای ئەوەی کۆنگرەی گشتیی کورد داوای ئۆتۆنۆمی کرد. 

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا: زۆر سوپاس. سەبارەت بە پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران، ئێمە هەڵوێستێکی زۆر روونمان هەیە. لە ئەورووپا یەکدەنگییەکی تەواو هەیە لەسەر ئەوەی کە نابێت ئەم پرۆگرامە دەستپێبکاتەوە و بە هەموو شێوەیەک رێگری بکرێت لەوەی ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات. هەر بۆیە سەرەتا باسم لە کاریگەریی هێرشەکە کرد، بەڵام ئێستا گرنگە کە جارێکی دیکە رێگە دیپلۆماسییەکان و دانوستاندن دەستپێبکەینەوە بۆ ئەوەی چوارچێوەیەکی نوێ و هەروەها چاودێرییەکی نوێش دابمەزرێنین. هەر بۆیە دەزگای نێودەوڵەتیی چاودێریی ئەتۆمی، مەبەستم ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمییە (IAEA)، یەکجار گرنگە، [گرنگیشە] هێشتنەوەی ئێران لە چوارچێوەی پەیمانی قەدەخەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمیدا. کەواتە یەکدەنگی و روونییەکی تەواو لەسەر ئەمە هەیە و دەمانەوێت زۆر لە نزیکەوە لەگەڵ ئەمریکا و لایەنەکانی دیکە و ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان کاربکەین.

سەبارەت بە دۆخی سووریا، بەشێک لەو کارە سەرەکییانەی لەگەڵ سەرکردەی نوێی سووریادا خستمانەڕوو، بەدیاریکراوی رێزگرتنە لە هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی سووریا. من و هەموو هاوکارەکانم زۆر روون بووین لە جەختکردنەوە لەسەر ئەم خاڵە. بۆیە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی نوێم لەگەڵ سەرۆکی قۆناخی راگوزەر رێکخستووە، بۆ ئەوەی پێداگری لەسەر ئەم خاڵە بکەمەوە.

بەڵام ئێمە لیستێکی بابەتە سەرەکییەکانمان هەیە کە هەر ئەوانەش بوونە پاساو بۆ هەڵگرتنی سزاکانمان لە چەند هەفتەی رابردوودا: شەڕی دژی کێپتاگۆن، کە ئەنجامی داوە، روونبوون لە بەرەنگاربوونەوەی داعش و گرووپە تیرۆریستییەکان، کە ئەو لەمبارەیەوە روونە و دەمانەوێت زیاتر لەگەڵ هاوپەیمانییەکەدا بەشدار بێت؛ رێزگرتن لە هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی سووریا، کە بە روونی پێویستە دۆخەکە باشتر بکەین. دۆخی ئێستا قبووڵنەکراوە، بەتایبەتی دوای هێرشە تیرۆریستییەکان و هەروەها بەرامبەر بە بەشێک لە کەمینەکان و پرۆسەیەکی سیاسی بۆ جێبەجێکردنی ئەم ئەجێندایە. بۆیە زۆر بە وریاییەوە مامەڵە دەکەین، ئێوەش بایەخی روونی کۆماری فەرەنسا بە گەلی کورد لە عێراق، سووریا و هەموو شوێنێک دەزانن و زۆر بە وردی چاودێریی دۆخەکە دەکەین، دەتوانن پشتمان پێ ببەستن. زۆر سوپاس بەڕێزان.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ڤۆلۆدیمیر زیلینکسی، سەرۆکی ئۆکراینا و ستیڤ ویکتۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ لە ئەڵمانیا کۆبوونەوە. وێنە: AFP

ئۆکراینا: لە گفتوگۆکانمان لەگەڵ ئەمریکا پێشکەوتنی راستەقینە بەدەستهاتووە

بەرپرسی باڵای دانوستاندنکاری کیێڤ رایگەیاند، لە چوارچێوەی گفتوگۆ چڕەکانی دوو رۆژی رابردوودا لەگەڵ شاندێکی ئەمریکی لە بەرلین، کە بە ئامانجی دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی رووسیا لە ئۆکراینا بەڕێوەچوو، "پێشکەوتنی راستەقینە" بەدەستهاتووە.