رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هیوای خۆی بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە کەرتی غەززە نیشاندا و ستایشی رێککەوتنێکی ئاشتیی 'مێژوویی' کرد کە لەنێوان کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆ و رواندا واژۆکرا. ترەمپ باسی لە جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل و چەندین بابەتی دیکەی جیهانی و نێوخۆیی کرد.
سەبارەت بە دۆخی غەززە، ترەمپ گەشبینیی خۆی دەربڕی و بە رۆژنامەڤانانی گوت: "پێمان وایە رێککەوتنێک بۆ ئاگربەست نزیکە و رەنگە هەفتەی داهاتوو پێی بگەین"؛ هەروەها گوتی: "خەڵک لە غەززە دەمرن و هیچ کەس یارمەتیی دانیشتووانی کەرتەکە نادات، لە کاتێکدا ئێمە وا دەکەین."
لەبارەی رێککەوتنی ئاشتیی نێوان کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆ و رواندا کە لە واشنتن واژۆکرا، ترەمپ بە 'مێژوویی' ناویبرد و رایگەیاند: "ئەمە سەرەتایەکی نوێی هیوا و خۆشگوزەرانییە بۆ تەواوی ناوچەکە"؛ هاوکات هۆشداریشیدا و گوتی: "گوشارێکی زۆر دەخەینە سەر هەردوو وڵات بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە و سزای تووند دەبێت ئەگەر پێشێل بکرێت."
سەبارەت بە گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، سەرۆکی ئەمریکا گوتی، "ئێران و ئیسرائیل بەهۆی ئەو جەنگەی کردیان زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە" و گوتی: "ئێران دەیەوێت کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدات."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ ئاماژەی بەوەدا کە کاری لەسەر کێشەی نێوان هیندستان و پاکستان کردووە و ئارەزووی خۆی بۆ "چارەسەرکردنی هەموو ململانێکانی جیهان" نیشاندا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ