بەنگلادیش: هیندستان زیاتر لە هەزار و 600 کەسی بە نایاسایی دیپۆرتکردووەتەوە

27-06-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی بەنگلادیش رایانگەیاندووە هیندستان بەبێ دادگاییکردن سەتان کەسی بۆ بەنگلادیش دوورخستووەتەوە. ئەم هەنگاوە سەرکۆنەی تووندی چالاکڤانان و پارێزەرانی لێکەوتووەتەوە، کە دەڵێن ئەم دوورخستنەوانە نایاسایین و لەسەر بنەمای "ناسنامەی نەتەوەیی و ئایینی" دەکرێن.
 
حکومەتی ناسیۆنالیستی نارێندرا مۆدی ماوەیەکی زۆرە هەڵوێستێکی تووندی بەرامبەر بە کۆچبەران هەیە، بەتایبەتی ئەوانەی لە بەنگلادیشی زۆرینە موسڵمانەوە دێن، بەرپرسانی باڵا بە "مۆرانە" ناویان دەبەن.
 
ئەم سیاسەتە ترسی لەناو نزیکەی 200 ملیۆن موسڵمانی هیندستاندا دروستکردووە، بەتایبەتی لەنێو قسەکەرانی زمانی بەنگالیدا، کە زمانێکی باوە لە رۆژهەڵاتی هیندستان و بەنگلادیش.
 
هارش ماندەر، چالاکڤانی مافەکانی مرۆڤ لە هیندستان، دەڵێت: "موسڵمانان، بەتایبەتی ئەوانەی رۆژهەڵاتی وڵات، زۆر تۆقیون."
 
هەروەها هیندستان ئۆپەراسیۆنەکانی دژی کۆچبەرانی چڕکردووەتەوە، ئەوەش دوای هێرشەکەی 22ـی نیسان بۆ سەر کشمیر کە تێیدا 26 کە زۆربەیان گەشتیاری هیندۆس بوون، کوژران. دەسەڵاتدارانی هیندستان هەڵمەتێکی ئەمنیی بێوێنەیان لە سەرتاسەری وڵاتدا دەستپێکردووە کە هەزاران کەس دەستگیرکراون و زۆربەیان بە هەڕەشە بۆ سنووری بەنگلادیش دوورخراونەتەوە.
 
"نابێت هەستنە سەر پێ"
 
ڕەحیمە بێگم، لە ویلایەتی ئاسامی رۆژهەڵاتی هیندستان، دەڵێت پۆلیس بۆ ماوەی چەند رۆژێک لە کۆتایی مانگی ئایاردا دەستبەسەریان کردووە و دواتر بردوویانە بۆ سنووری بەنگلادیش.
 
ئەو دەڵێت خۆی و خێزانەکەی هەموو ژیانیان لە هیندستان بەسەربردووە: "من هەموو ژیانی خۆم لێرە ژیاوم، دایک و باوکم، باپیرانم، هەموویان خەڵکی ئێرەن. نازانم بۆچی ئەم کارەیان بەرامبەرم کرد."
 
پۆلیسی هیندستان رەحیمە و پێنج کەسی دیکە، کە هەموویان موسڵمان بوون، لە تاریکیدا ناچاریان دەکەن بچنە ناوچەیەکی زۆنگاوەوە. ئەو دەڵێت: "گوندێکیان لە دوورەوە نیشانداین و پێیانگوتین لەسەر سک بۆی بچن. گوتیان نابێت هەستنە سەر پێ و بڕۆن، ئەگینا تەقەتان لێدەکەین."
 
رەحیمە دەڵێت دوای ئەوەی لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە دۆزراونەتەوە و رادەستی پۆلیسی سنووری بەنگلادیش کراون، لێیان داون و فەرمانیان پێکردوون بگەڕێنەوە هیندستان. کاتێکیش لە سنوور نزیکبوونەتەوە، لە دیوی هیندستانەوە تەقەیان لێکراوە.
 
 
چالاکڤانانی مافەکانی مرۆڤ و پارێزەران رەخنە لەم هەڵمەتەی هیندستان دەگرن و بە "یاساشکێنی" ناوی دەبەن. سانجای هێگدێ، پارێزەری مافە مەدەنییەکان لە نیودلهی، دەڵێت: "ناتوانیت خەڵک دووربخەیتەوە، مەگەر وڵاتێک هەبێت قبووڵیان بکات."
 
بەنگلادیش رایگەیاندووە هیندستان لە مانگی ئایارەوە زیاتر لە هەزار و 600 کەسی بۆ سنوورەکانی رەوانە کردووە. میدیای هیندستانیش ئاماژە بەوە دەکەن رەنگە ژمارەکە بگاتە دوو هەزار و 500 کەس.
 
زۆربەی ئەوانەی دیپۆرتکراون، کرێکاری کەم دەرامەتن لەو ویلایەتانەی کە لەلایەن پارتی بهاراتیا جاناتا (BJP)ـی مۆدییەوە بەڕێوەدەبرێن.
 
نازمەدین مۆندال، کرێکارێکی تەمەن 35 ساڵ، دەڵێت لە شاری مۆمبای دەستگیرکراوە و بە فڕۆکەیەکی سەربازی گواستراوەتەوە بۆ ویلایەتی تریپورای سنووری و لەوێوە بۆ بەنگلادیش.
 
مۆندال، کە توانیویەتی بگەڕێتەوە هیندستان، دەڵێت: "هێزە ئەمنییەکانی هیندستان لێیاندەداین کاتێک پێداگریمان دەکرد کە ئێمە هیندیین. بەڵگەنامەی فەرمی خۆمم نیشاندان، بەڵام هەر گوێیان نەدەگرت."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە