پووتین: بێ بەرامبەر دانەوێڵە بە ئەفریقا دەدەین

28-07-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رۆژی پێنجشەممە لە دەستپێکی لووتکەیەکدا لەگەڵ سەرکردەی وڵاتانی ئەفریقا رایگەیاند، رووسیا ئامادەیە بێ بەرامبەر گەنم و دانەوێڵە بە شەش وڵاتی هەژاری ئەفریقا بدات. 
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە چەند رۆژێک لەمەوبەر، مۆسکۆ لە رێککەوتنی دەریای رەش کشایەوە کە تایبەت بوو بە هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکراینا بۆ وڵاتانی جیهان. 
 
لووتکە دوو رۆژیەکەی سان پیتەرسبێرگ بە تاقیکردنەوەیەک بۆ پشتیوانیی پووتین لە ئەفریقا دادەنرێت، کە تاوەکو ئێستا لە لایەن ژمارەیەک وڵاتی ئەو کیشوەرەوە پشتگیری دەکرێت وێڕای ئەوەی کە وڵاتانی رۆژئاوا بەهۆی هێرشکردنە سەر ئۆکراینا، پەراوێزیان خستووە. 
 
رێککەوتنی دەریای رەش رێگەی بە گەیشتنی دانەوێڵەی ئۆکراینا بە ئەفریقا و بازاڕەکانی دیکەی جیهان دەدا کە ببووە یارمەتیدەرێک بۆ کەمکردنەوەی نرخ و پاراستنی ئاساییشی خۆراک. 
 
لە گوتاری دەستپێکردنی لووتکەکەدا، پووتین بەڵێنیدا دانەوێڵە بۆ شەش وڵاتی ئەفریقا بنێرێت. پووتین گوتی: "لە مانگەکانی داهاتوودا، توانای ئەوەمان دەبێت پێدانی 25 هەزار بۆ 50 هەزار تۆن دانەوێڵە بۆ بورکینا فاسۆ، زیمبابۆی، مالی، سۆماڵ، کۆماری ئەفریقای نێوەڕاست و ئێریتریا زامن بکەین."
 
لە ماوەی ساڵێکدا، رێککەوتنەکە رێگەی بە گەیشتنی 33 ملیۆن تۆن دانەوێڵەی ئۆکراینا بە بازاڕەکانی جیهان دا. 
 
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوای لە سەرکردە ئەفریقییەکانی بەشداربووی لووتکەکە کرد، داوای وەڵام لە پووتین بکەن لە بارەی کەمبوونەوەی هەناردەی دانەوێڵە کە بە گوتەی خۆی وڵاتە هەژارەکانی بەرەو قەیران بردووە. 
 
بلینکن رۆژی پێنجشەممە لە سەردانێکیدا بۆ نیوزیلاند گوتی: "ئەوان دەزانن کە دەبێت گلەیی دۆخی ئێستا لە کێ بکەن. پێشبینی من ئەوەیە کە رووسیا ئەمە بە روونی لە هاوبەشە ئەفریقییەکانمان ببیستێت."
 
حەڤدە سەرکردەی ئەفریقی لە نێویاندا سیریل رامافۆزا لە لووتکەکەدا بەشدار بوون کە رۆژی هەینیش بەردەوام دەبێت. کرێملن وڵاتە رۆژئاواییەکان تۆمەتبار دەکات بەوەی رێگری لە بەشداربوونی وڵاتە ئەفریقییەکان لە لووتکەکەدا دەکەن. 
 
ئەمە دووەم لووتکەی لەم جۆرەیە دوای ئەو کۆبوونەوەیەی کە ساڵی  2019 لە سۆچی بەڕێوەچوو. 
 
حکومەتی ئەڵمانیا پێیوایە، ئەگەر پووتین گەنم وەکو "چەک" بەکاربێنێت، ئەوا بە دانانی سیاسەتێک بۆ ئاساییشی خۆراک کاردانەوەیان دەبێت. 
 
یۆخن فلاسبارت، وەزیری هاوئاهەنگیی ئابووری و گەشەپێدانی ئەڵمانیا لە لووتکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئاساییشی خۆراک کە 24 تا 26ی تەممووز لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەڕێوەچوو، ئاماژەی بەوە کرد، بەرلین هەوڵەکانی چڕکردوونەتەوە بۆ گۆڕینی سیستمی چاندن و خۆراک لە سەرانسەری جیهان بۆ ئەوەی بە جۆرێک بێت کە توانای بەردەوامبوونی هەبێت و ژینگەدۆست بێت. 
 
حکومەتی ئەڵمانیا هەروەها هەوڵدەدات وەپێشخستنی کەرتی کشتوکاڵیی خۆی وەک یەدەگێک بەکاربێنێت لە دژی ئەگەری بەکارهێنانی گەنم و دانەوێڵەی ئۆکراینا وەکو چەک. 
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە