رووداو دیجیتاڵ
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەدووری نازانێ خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی 2028 بەربژێر بکات و پێی وایە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکاش بەربژێرێکی "نایاب" دەبێت بۆ ئەو پۆستە.
روبیۆ لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی گوتی، "پێم وایە جەی دی بەربژێرێکی نایاب دەبێت."
کاتێک پرسیاری لێکرا کە ئایا پلانی هەیە بۆ هەڵبژاردنی 2028 خۆی بەربژێر بکات، روبیۆ لە وەڵامدا گوتی، "هەرگیز نازانیت داهاتوو چی لە هەگبەیدایە. هیچ شتێک بە دوور نازانم"؛ گوتیشی، ئێستا بە تەواوی سەرنجی لەسەر کارەکەیەتی لە وەزارەتی دەرەوە.
روبیۆ گوتیشی: "تاوەکو سەرۆک پێم خۆشە، دەمەوێت لەسەر ئەم کارەم بەردەوام بم. پێم وایە ئەگەر لە کاتی سەرۆکایەتیی ترەمپدا ئەم پۆستەم هەبێت و بە هەمان خێرایی 6 مانگی رابردوو کاربکەین، دەتوانم بڵێم خزمەتێکی باشی وڵاتەکەمم کردووە و دڵخۆش دەبم ئەگەر ئەمە لووتکەی کاروانی پیشەییم بێت."
پێشتر میدیای ئەمریکی بڵاویکردەوە، ڤانس و روبیۆ بە بەهێزترین بەربژێری کۆمارییەکانن بۆ پۆستی سەرۆک و جێگری سەرۆک لە هەڵبژاردنی 2028.
هاوکات میدیای ئەمریکی ئاماژەی بەوە کردبوو، روبیۆ کە نەوەک تەنیا سەرپەرشتیی وەزارەتی دەرەوە دەکات، بەڵکو وەک راوێژکاری سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئاسایشی نیشتمانیش کاردەکات، حەزی ئەوەی هەیە ببێتە سەرۆکی ئەمریکا.
ئایاری ئەم ساڵ، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی ئێن بی سی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رەتی کردەوە خۆی بۆ سێیەم خول بەربژێر بکات و ئاماژەی بەوە کرد ،روبیۆ و ڤانس دووانن لەو کەسانەی دەتوانن بە شوێنپێی خۆیدا بڕۆن و درێژە بە سیاسەتی "مەزنکردنەوەی ئەمریکا" بدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ